وەزیرەكەی سەدر: گەڕانەوەی فراكسیۆنەكەمان بۆ پەرلەمان قەدەغەیەو بە كشانەوەی كوردو سوننە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە
  2022-09-08       768       

ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەكەی سەدر، رایگەیاند، گەڕانەوەی فراكسیۆنی سەدرییەكان بۆ پەرلەمان بەهەمو شێوەیەك و بە هەر پاساوێك قەدەغەیەو دەشڵێت، بە كشانەوەی هاوپەیمانە كوردو سوننەكانمان، پەرلەمان شەرعیەتی خۆی لەدەستدەدات و راستەوخۆ هەڵدەوەشێتەوەو بۆیە داوایان لێدەكەم هەڵوێستێكی ئازایانەیان هەبێت.

ئاوێنە: ساڵح محەمەد عێراقی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند، كشانەوەیفراكسیۆنی سەدر لە پەرلەمان بۆ رێگەگرتن بوە لە هەمو رێگەیەكی تەوافوق و رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەمانگی، بۆیە گەڕانەوەی فراكسیۆنی سەدر بۆ پەرلەمان، ئەگەری ئەو تەوافوقە لەخۆدەگرێت، ئەگەرچی ئەگەرێكی لاوازیش بێت، كە ئەوەش لەلای ئێمە قەدەغەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە پێویست ناكات ئێمە بگەڕێینەوە پەرلەمان بەڵكو تەنها بە كشانەوەی هاوپەیمانەكانمان لە سوننەو كورد، پەرلەمان شەرعیەتی خۆی لەدەستدەدات و راستەوخۆ هەڵدەوەشێتەوە.

وتوشیەتی، ئێمە دەزانین گوشاری زۆر لەسەر هاوپەیمانەكانمان هەیە، بەڵام قوربانیدان لەپێناو كۆتاییهێنان بە ئازارەكانی گەل بەتەواوەتی كارێكی خوازراوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو"تۆپەكە لە یاریگای هاوپەینەكانماندایە نەك لە یاریگای سەدرییەكاندا."

جەختیشی كردۆتەوە "بۆچونی كۆتایی لەبارەی گەڕانەوەی فراكسیۆنی سەدر بۆ پەرلەمان ئەوەیە كە بەهەمو شێوەیەك و بە هەر پاساوێك قەدەغەیە."

وتوشیەتی"كاتێك گەندەڵكاران حكومەتێك كە رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی نەبێت و حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بێت، رەتدەكەنەوە، ئەوا ئێمەش بەهەمو شێوەیەك حكومەتی تەوافوقی رەتدەكەینەوە."

هەروەها دوپاتیكردۆتەوە كە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەبێ گەڕانەوەی فراكسیۆنی سەدر كارێكی لواوە، بەتایبەت بەهۆی بونی هاوپەیمانەكانی لە پەرلەمان و هەندێك لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان.

وتوشیەتی"بۆیە داوا لە هاوپەیمانەكانمان و پەرلەمانتارە سەربەخۆكان دەكەین هەڵوێستێكی ئازایانە بۆ كۆتاییهێنانی بە تەواوی قەیرانەكە بنوێنن."

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو كاتە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەی نابێت لەلایەن رەوتی سەدرەوە، بەڵكو هەڵوەشاندنەوەیەكی نیشتمانی دەبێت.

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە، با سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران بۆ بەڕێوەبردنی حكومەتی كاربكەڕێكەرو سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە شوێنەكانی خۆیان بمێننەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×