نرخی نەوت بەرزبوەوە
  2022-09-09       399       

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوت بەراورد بە دوێنێ نزیکەی یەک دۆلار بەرزبوەوە، هەڕەشەكانی روسیا بۆ راگرتنی هەناردەی غازی وڵاتەكەی بۆ ئەوروپا بە هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی نەوت دەزانرێن.

ئاوێنە: بەپێی بۆرسەی بازاڕی جیهانی نەوت، ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 89 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوە كرا.

هاوكات نرخی یەك بەرمیل نەوتی تەكساس بە 83 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.

ئەوەش لەکاتێکدایە دو رۆژ لەمەوبەر لە کاتی داخستنی بازاڕدا نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاستی خۆی لەدوای دەستپێکردنی شەڕی روسیا و ئۆکرایناوە دابەزی بو.

 رۆژی چوارشەممە، ڤیدیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا لە کۆڕبەندی ئابوریی رۆژهەڵات هەڕەشەی راگراتنی هەناردەی نەوت و غازی وڵاتەكەی بۆ ئەوروپا کرد لە ئەگەری دیاریکردنی سەقفێک بۆ نرخی نەوتی روسیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە.

 پێشتر گەورە كۆمپانیای گازپرۆمی رۆسی، هەناردەی غازی بۆ ئەوروپا لە رێگەی بۆری نۆردستریمەوە راگرت و هۆكارەكەیشی بۆ چاككردنەوەی بۆرییەكە گەڕاندەوە.

هەرچەندە بڕیاربو رۆژی شەممەی رابردو روسیا دەست بە هەناردەی غاز بۆ ئەوروپا لەو بۆرییەوە بكاتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا هەناردەکردن دەستی پێ نەکردوەتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×