فازڵ میرانی: پێكهێنانی حكومەت بەبێ رێككەوتن لەگەڵ رەوتی سەدر كارێكی زەحمەتە
  2022-09-09       564       

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، لەبارەی پەیوەندیی حزبەكەیان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، "ناکۆکیمان لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە." دەشڵێت، پێكهێنانی حكومەت بەبێ رێككەوتن لەگەڵ رەوتی سەدر كارێكی زەحمەتە.

ئاوێنە: فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی، دۆخی سیاسی ئێستای عێراقی به‌ ته‌مومژاوی وه‌سفكرد و رایگەیاند: "ئه‌سته‌مه‌ پێشبینی بكرێت چی روده‌دات."

بەبڕوای سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، له‌ عێراق حكومه‌ت هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت بونی نییه‌و وتیشی"پێویسته‌ ده‌وڵه‌تێك به‌ ئیراده‌ی عێراقییه‌كان دابمه‌زرێت، دوربێت له‌ تاكڕه‌وی حزبی و مه‌زهه‌بی و به‌ڕێوه‌بردن به‌ عه‌قڵییه‌تی شۆڤێنی، ئه‌وكات عێراق سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت."

له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پەرلەمانی عێراق‌، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، باسی له‌وه‌كرد، "بەدیدی من هەر لە بنەڕەتدا دەسەڵاتی دادگای فیدراڵی نەبو کێشەی پەرلەمان یەکلایی بکاتەوە، به‌ڵكو ده‌بێت به‌پێی ده‌ستور پەرلەمان خۆی کێشەكانی چاره‌سه‌ر بكات".

له‌باره‌ی پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه‌، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی وتی"ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌بێ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌در كارێكی زه‌حمه‌ته‌ ".

لەبارەی پەیوەندی پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگه‌یاند، "ناکۆکیمان لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە، بەڵام ئێمە واقعەکە دەخوێنینەوە، ئێمە کە لەگەڵ سەدریش هاوپەیمانیمان پێکهێنا، مانای ئەوە نییە دژی ئەوانین، بەڵام ئەوان لایەنێکیان دەویست تا بارودۆخەکەی بخەنە ئەستۆ."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×