لایەنە سیاسییە عێراقییەکان دەیانەوێت پلانێکی هابەش ئامادە بکەن و بیخه‌نه‌ به‌رده‌م سه‌در
  2022-09-14       622       

بەگوێرەی راپۆرتێکی ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی لەندەنی، لەدوای بەیاننامە هاوبەشەکەی محەمەد حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لایەنە سیاسییە عێراقییەکان دەیانەوێت پلانێکی هابەش ئامادە بکەن و لەدوای پشووی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن بیخەنە بەردەم موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر.

ئاوێنه‌: رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە کە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەژوورە داخراوەکانی ناو هێزە سیاسییەکانەوە دزەی پێدەکرێت، لەدوای سەردانی باربارا لیفی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و دواتر سەدانی هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بۆ عێراق بۆ کاریگەری دانان لەسەر لایەنەکان، دۆخی سیاسیی عێراق گۆڕانکاریی بەسەدا هاتووە.

راپۆرتەکە کە پشتی بەچەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بەستووە، باسی لەوەکردووە کە دەستتێوەردانی ئەمدواییەی ئەمەریکا و تورکیا بەهۆی ناهاوسەنگی لەناو هاوپەیمانیە کوردی و سونییەکانیانەوە بووە، لەکاتێکدا تاران هەر لەسەرەتاوە هەڵوێستی روون بووە بەوەی لەبەرەنگاربوونەوەی رەوتی سەدردا پشتیوانی لە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی دەکات.

سەرچاوەکانی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت باس لەوە دەکەن کە لە کاتێکدا واشنتۆن لە ڕێگەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەیەوە داوای کردووە "دەنگی سەدر ببیسترێت"، کە ئەوەش بە واتای ئەوە دێت بانگەوازەکەی سەدر بۆ مانەوەی بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران لە پۆستەکانیان بە ئامانجی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتوو، بەڵام فیدان داوای لە هاوپەیمانی سوننەکان كردووە هەنگاو بەرەو پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بنێن، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی توركیا بە سەقامگیری عێراق و مسۆگەركردنی بەردەوامی كۆمپانیاكانی لەو وڵاتەدا.

رۆژنامەکە دەڵێت هێشتا هەموو لایەنە چاوەڕێی هەڵوێستی سەدر دەکەن بۆئەوەی لەسەر بەیاننامەکەی بارزانی و حەلبووسیی هەڵوێست وەربگرێت، کە ئەمەش بەکرداری واتەی کۆتایی هاتنی هاوپەیمانی سێقۆڵیی نێوانیان دەگەیەنێت، لەلایەکی ترەوە دۆخەکە دەرگا لەبەردەم ململانێیەکی نوێی شیعی شیعی دەکاتەوە کە لە رووداوەکانی ئەمدواییەی ناوچەی سەوز مەترسیدارتربێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×