راوێژکارێکى کازمى باسى یاساى جێگرەوەى بودجە دەکات
  2022-09-15       395       


هەیسەم جبووری، راوێژکاری هونەرى سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، زیادبوونی یەدەگ رەنگدانەوەی لەسەر ژیانى هاووڵاتیان نەبووە و پێویستیان بە یاسایەکى دیکە هەیە ئەگەر نەتوانرێت یاساى بودجە پەسەند بکرێت.  

جبوری لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا وتى "گەشەی ئابووری عێراق بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە، بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بەوەى حکومەت ناتوانێت پڕۆژە و یاساکان بنێرێتە پەرلەمان ناردنی بودجەی بۆ پەرلەمان دواخست".  

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ساڵی 2021دا بەهای داهاتی نانەوتى گەیشتە 10 ترلیۆن دیناری عێراقی، پێشبینیش دەکرێت داهاتی گومرگی بگاتە چوار هێندەی ئێستا".  

بەوتەى جبوری "ڕەنگە لە كۆتایی ئەمساڵدا زیادبوونى داهات بگاتە 25 ترلیۆن دینار".  

دەشڵێت، ئەنجوومەنی نوێنەران لەوانەیە یاسایەكی فریاگوزاری هاوشێوەی یاسای ئاسایشی خۆراك پەسەند بكات لە ئەگەری ئەوەی نەتوانرێت بودجە پەسەند بكرێت.  

سەبارەت بەو کەسانەی کە چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، جبوری وتی "٩ ملیۆن کەس چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، واتە تا یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار خێزان".  

لەبارەی هەڵاوسانەوە جەختی لەوە کردەوە کە "گۆڕانکاری لە نرخی دراودا رێژەی هەڵاوسانی بەرزکردووەتەوە".  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×