توێژینەوە: سێ سیناریۆ لەبەردەم هەڵئاوسانی نرخەكاندان لە هەرێمی كوردستان
  2022-09-18       509       

توێژینەوەیەكی زانستی ئاشكرای دەكات بەرزبونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان لە هەرێمی کوردستان دەرەنجامی هەڵئاوسانی جیهانییە، بەڵام دەكرێت ئەم هەڵئاوسانە بکرێتە هەلێک بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان.

ئاوێنە: تویژینەوەكە كە "د. كامەران قادر" ئامادەی كردوە، لە دوا ژمارەی گۆڤاری "ئایندەناسی" سەر بە "سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی بڵاوكراوەتەوە، باس لەوە دەكات ئەو هەڵئاوسانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، پەیوەستە بە چارەسەربونی کێشەی هەڵئاوسان لە وڵاتانی گەشەسەندوی وەك ئەمەریكاو ئەوروپاو خاوبونەوەی شەڕو ناكۆكییەكانی ڕوسیاو ئۆكرانیا چونكە ئابوریی کوردستان ڕێژەیەکی بەرزی دواکەوتەیی (تبعیة، Dependency) تێدایە.

توێژینەوەكە ئەوەش دەخاتەڕو هەرێمی کوردستان و تەنانەت دەوڵەتی عێراقیش ناتوانن سیاسەتی نەختینەیی و دارایی بەکاربهێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەڵئاوسان، بەڵام دەتوانرێت ئەم هەڵئاوسانە بکرێتە هەلێک بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان، چونکە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان باشترین دەرفەتی بۆ هەڵکەوتوە تا بتوانێت ڕێژەی بەشداریکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پئیشەسازی زیادبکات، کە ئەمە تاکە دەرفەتە بەدەست هەرێمی کوردستانەوە کە بتوانێت لەو ڕێگەیەوە پشتبەستن بە داهاتی نەوتی خاو کەم بکاتەوە.

لەبارەی سیناریۆكانی داهاتوشەوە بۆ دیاردەی هەڵئاوسان توێژینەوەكە سێ سیناریۆ دەخاتەڕو:

سیناریۆی یەکەم: ئاستی گشتیی نرخەکان بە بەرزی دەمێنێتەوەو ئابوریی گشتی هاوسەنگی وەردەگرێت بە تێپەڕبونی کات. واتە وەکو چۆن ئێستا خەڵکی ئاسایی لە وڵاتی خۆمان و تەنانەت لە وڵاتانی پیشەسازییش باسی نزمیی ئاستی نرخەکان دەکەن لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا، ئاوەهاش لە ساڵانی داهاتودا باسی ئاستی نزمیی نرخەکان لە یەکەم دەیەو دوەم دەیەی سەدەی ٢١ دەکرێت. ئەم سیناریۆیە دەبێتە نزیکترین سیناریۆ لە ڕاستییەوە.

سیناریۆی دوەم: بۆ دورمەودا، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، دەکرێت ئاستی گشتیی نرخەکان دابەزێتەوە بۆ ئاستی پێشوتری خۆی، ئەمەش لە ڕێگەی زیادکردنی بەرهەمدارییەوە کە لە ڕوی ئابورییەوە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی بڕی تێچو کە دواجار دەبێتە هۆی کەمبونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان. هەر چەندە ئەم سیناریۆیە لە ڕوی تیۆرییەوە گونجاوەو قابیلی ڕودانە، بەڵام ئەزمونی ڕابردو پێمان دەڵێت کە ئاستی گشتیی نرخەکان دانابەزێت، چونکە وڵاتان هەمیشە خستنەڕوی دراوەکانیان زیاد دەکەن، ئەمەش پێدەچێت ڕێگر بێت لە نزمبونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان.

سیناریۆی سێیەم: دەکرێت ئاستی گشتیی نرخەکان بگەڕێتەوە بۆ ئاستی جارانی خۆی، چونکە بەرزبونەوەی نرخ دەبێتە هۆی کەمبونەوەی خواست، ئەمەش وا دەکات کە بەرهەمهێنەران هەوڵ بدەن ئاستی گشتیی نرخەکان دابەزێنن بە مەبەستی زیادکردنی خواستی گشتی. هەر چەندە ئەم سینارۆیەش دەکرێت ڕو بدات، بەڵام لە ڕابردودا جیهان بە چەندین بارودۆخی ئاوادا ڕۆیشتوە، بەڵام وەبەرهێنەران نەیانتوانیوە ئاستی گشتیی نرخەکان دابەزێنن، چونکە دەکەوتنە زیانەوە لە ڕوی ئابورییەوە.

لە كۆتاییشدا توێژینەوەكە باس لەوە دەكات ئەم دۆخە بۆ حکومەتی هەرێم دەرفەتێکی باشە كە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ تا بتوانرێت گەشەی پێ بدرێت، ئەوە بەهۆی ئەوەوە دەبێت کە لە سایەی بەرزیی ئاستی گشتیی نرخەکان لەسەر ئاستی جیهان، دەتوانرێت بەرهەمی ناوخۆ کێبرکێی بەرهەمەکانی دەرەوەی وڵات بکات.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات بەو پێیەی ئاستی گشتیی نرخەکان بەرزبونەتەوە، کەواتە ئەو کەسانەی کە لە کاتی نزمیی ئاستی گشتیی نرخەکان لەژێر هێڵی هەژارییەوە بون، ئێستا زیاتر کەوتونەتە ژێر هێڵی هەژاری و پێدەچێت ژمارەشیان زیادی کردبێت. پێویستە لەسەر حکومەت کە یارمەتیی ماددییان بدات، بۆ ئەوەی بەلایەنی کەمەوە بتوانرێت ئەو چینەی کۆمەڵگا کە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، ئاستیان بەرزبکرێتەوە بۆ سەرو هێڵی هەژاری.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×