دادگای فیدراڵی بڕیاری دروستكردنی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقی هەڵوەشاندەوە
  2022-09-21       485       

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەڵوەشاندەوە کە تایبەتە بە دروستکردنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق و پێدانی پۆستی سەرۆکی کۆمپانیاکە بە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق.

ئاووێنە: دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ماڵپەڕی رەسمی خۆی بڕیارەکەی راگەیاند و رونیکردەوە: "هەردو بڕگەی دو و سێی هەردو بڕیاری ژمارە 109 و ژمارە 211ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە لە ساڵانی 2020 و 2021 دەرچون، نادروستن، بۆیە هەڵمانوەشاندنەوە".

 دادگای فیدراڵی وتوشیەتی"دو بڕگە هەڵوەشاوەکە تایبەتن بە تەواوکردنی هەنگاوەکانی دروستکردنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ پێدانی پۆستی سەرۆکی کۆمپانیاکە بە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق".

 سەبارەت بە دیارترین هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارە، دادگەی باڵای فیدراڵی وتویەتی "بەردەستنەخستنی رێکارە پێویستەکان لە لایەن لایەنە راسپێردراوەکان بەپێی یاسا بۆ پاراستنی سامانی گشتی کە لە راستیدا سامانی هەمو رۆڵەکانی گەلە، بڕگەی یەکەمی ماددەی 27ی دەستور پێشێل دەکات."

هەروەها لە بڕیارەكەدا هاتوە"هۆکارێکی دیکەی ئەم بڕیارە هەڵوەشاندنەوەی چەند ماددەیەکی سەرەکیی یاسای دروستکردنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانییە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2018 کە بەهۆیەوە ناکرێ کۆمپانیاکە دروست بکرێت".

 بڕیارەكە لەسەر سکاڵایەک بو کە هەرسێ ئەندامی پەرلەمانی عێراق عودەی عەواد، مستەفا جەبار سەنەد و باسم خەشان تۆماریان کردبو دژی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حەمید غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×