كازمی: كەسانێك بەهۆی ناكۆكی تایبەتییان لەگەڵم، خوازیارن حكومەت لە هەمو شتێكدا شكست بهێنێت
  2022-09-23       476       

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای بەڕێوەچونی گەڕی سێیەمی دیالۆگی نیشتمانی دەكات بۆ چارەسەركردنی قەیرانی عێراق و دەشڵێت، كەسانێك هەن بەهۆی ناكۆكی تایبەتییان لەگەڵ من، خوازیارن حكومەت لە هەمو شتێكدا شكست بهێنێت.

ئاوێنە: مستەفا كازمی كە بەسەردان لە نیویۆركە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی عێراق، رایگەیاند"داوا لە هێزە سیاسییەكانی دەكەم بەرپرسیارێتی مێژویی خۆیان بەرامبەر بە عێراق هەڵبگرن و سود لە دەرفەتەكانی دیالۆگی نیشتمانی ببینن."

وتیشی"كەسانێك هەن  بەهۆی ناكۆكی تایبەتییان لەگەڵ من، خوازیارن حكومەت لە هەمو شتێكدا شكست بهێنێت."

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتی"داوا لە هەمو ئەو لایەنانە دەكەم ناكۆكییان لەگەڵ من هەیە، ئەو ناكۆكییانە بەدوربگرن لە بەرژەوەندی گەل و یەكلاییان بكەنەوە."

كازمی وتی"داوای گەڕی سێیەمی دیالۆگی نیشتمانی دەكەم بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان و هیچ رێگەیەكی دیكەمان نییە جگە لە گفتوگۆ."

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا كازمی رایگەیاند، هەوڵدەدەین كێشەی چەكی كۆنترۆڵنەكراو بەوپەڕی ئارامییەوە چارەسەربكەین.

ئاشكراشیكرد"مانگی رابردو كەسێكی گرنگمان دەستگیركرد كە سەربە یەكێك لە دامەزراوەكانی دەوڵەتەو دانی بەوەدا بە كوشتنی خۆپیشاندەران و هەندێك كەسایەتیدا ناوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×