“عێراق دووەمین وڵاتی ناوچەكەیە لە زۆریی حاڵەتەكانی دەستدرێژیكردنەسەر ژنان”
  2022-09-26       605       

پسپۆڕانی یاسای تاوان دەڵێن، لەڕووی ژمارەی حاڵەتەكانی دەستدرێژیكردنەسەر ژنان، عێراق ڕیزبەندیی دووەمی وڵاتانی ناوچەكەی گرتووە و هۆكارەكەشی بۆ “نەبوونی یاسایەكی ڕاگری ئەو دیاردەیە” دەگەڕێننەوە.

ئاوێنه‌: بەپێی وتەی چەند پسپۆڕێكی یاسا كە قسەیان بۆ میدیای عێراقی كردووە، دیاردەی دەستدرێژیكردنەسەر ژنان لە عێراق بە ڕێژەیەك بەرزبووەتەوە، وڵاتەكەی كردووەتە دووەم وڵاتی ناوچەكە و دەوروبەر لە ڕووی زۆریی ژمارەی حاڵەتەكانی دەستدرێژیكردنەسەر ژنان.

دەشڵێن، یاسا سزایەكی ڕاگری بۆ ئەو كەسانە دیارینەكردووە كە دەستدرێژی و گێچەڵ دەكەن بە جۆرێك كە قورسیی سزاكە ببێتە بەربەستێك لە بەردەم ڕەفتاری لەو جۆرە، ئەوەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ زۆربوونی ژمارەی حاڵەتەكانی دەستدرێژیكردنەسەر ژنان.

وەك پسپۆڕانی یاسای تاوان ئاماژەی بۆ دەكەن، لە سیستمی سزاداندا، “هیچ تاوان و سزایەك بەبێ دەقی یاسایی بوونیان نییە” و لە دۆسیەكانی دەستدرێژیكردنەسەر ژناندا، پەنادەبرێت بۆ ماددەی 402 لە یاسای سزاكان كە تایبەت بە ڕەفتارێك بە ئاشكرا ئەنجامبدرێت و ئابڕووی گشتی بڕووشێنێت، نەك دەستدرێژی بۆ سەر ژن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×