هۆكاری پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوەكەی حەلبوسی ئاشكرادەكرێت
  2022-09-26       892       

بڕیارە رۆژی چوارشەممە، پەرلەمانی عێراق كۆبببێتەوەو یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنەكەش دەنگدانە لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان لە پۆستەكەی و بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان هۆكاری پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوەكەی ناوبراو ئاشكرادەكەن.

ئاوێنە: فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، بەرنامەی كاری دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی بڵاوكردەوە كە لە دو بڕگە پێكدێت و بریتین لە: دەنگدان لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمان لە پۆستەكەی و هەڵبژاردنی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان.

لەبارەی هۆكاری پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوە لەلایەن حەلبوسییەوە، عیسام حسێن، سەركردە لە رەوتی سەدر، لە تویتێكدا رایگەیاند، رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی كراوە بۆ ئەوەی حەلبوسی دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكات و لە دانیشتنی پەرلەماندا لەلایەن فراكسیۆنەكانەوە رەتبكرێتەوە، ئەوەش لەپێناو ئەوەیە كە حەلبوسی لای رەوتی سەدرو جەماوەكەی توشی شەرمەزاری نەبێت كە دژی رێككەوتنن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی.

هاوكات ماجید شنگالی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، دەستلەكاركێشانەوەكەی حەلبوسی بۆ ئەوەیە كە وەك سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن ئەوانەشەوە متمانەی پێ بدرێت كە پێشتر دەنگیان پێ نەداوە بۆ بون بە سەرۆكی پەرلەمان.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەوان وەك فراكسیۆنی پارتی دەنگ نادەن بۆ دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد حەلبوسی ئەگەر سوریش بێت لەسەر دەستلەكاركێشانەوە.

ماجید شنگالی ئەوەشی وتوە، كە رۆژی چوارشەممە، هاوپەیمانی "ئیدارەی دەوڵەت" رادەگەیەنرێت كە چوارچێوەی هەماهەنگی، پارتی، سیادە، عەزم و یەكێتی لەخۆدەگرێت.

هەروەها مەشعان جبوری، پەرلەمانتاری پێشوی عێراق لە تویتێكدا وتویەتی، ئامانج لە دەستلەكاركێشانەوەی حەلبوسی بۆ وەگرتنەوەی متمانەیە وەك سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن ئەو هاوپەیمانییە نوێیەی كە پێكدەهێنرێت و دەستلەكاركێشانەوەكەی رەتدەكرێتەوە.

مەشعان جبوری لەبارەی ئەو كەسەشی كە شوێنی حاكم زاملی دەگرێتەوە وەك جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، وتویەتی، بەدیلەكەی پەرلەمانتار موحسین مەندەلاوییە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×