وەزیری نەوتی عێراق: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای نەوت و غازی هەرێم دادپەروەرانە بو
  2022-09-26       671       

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای نەوت و گازی هەرێم دادپەروەرانە بو، دەشڵێت: ئەگەر ئەو سكاڵایە ببەینەوە كە لە پاریس دژی توركیا لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەرزمان كردۆتەوە، 30 ملیار دۆلار قەرەبوی عێراق دەكرێتەوە.

ئاوێنە: ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی عێراق، وتی"جیاوازییەکی گەورە لە گرێبەست و بڕی دەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمدا هەیە."

ئاماژەی بەوەشدا "هەڵوێستەکانم لەسەر هەرێمی کوردستان، وای کردوە تۆمەتم ئاڕاستە بکرێت." وتیشی"هەڵوێستم لەسەر هەرێمی کوردستان رۆشن و یاسایی بوە."

جەختیشی كردەوە "هیچ سکاڵایەکم لەدادگا لەسەر نەماوە، هەموی داخراوە و تۆمەتەکان رەتکراوەتەوە."

ئاماژەی بەوەشدا كە "سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بەڕێزن، دەمانویست چارەسەر بدۆزینەوە لەسەر کێشەکان، بەڵام لەبەر نەبونی متمانەی نێوان بەغداو هەولێر نەمانتوانیوە بگەینە چارەسەر."

جەختیشی كردەوە كە "بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێم دادپەروەرانە بو."

هەروەها وتیشی"بڕیاری دادگای باڵامان راستەوخۆ جێبەجێ نەکرد دوامان خست، بەڵام لە کۆتاییدا ناچار بوین جێبەجێی بکەین."

وەزیری نەوتی عێراق وتیشی "جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە روی یاساییەوە دڵخۆشی کردم،سەلماندمان عێراق سەروەری هەیە بەڵام لە رویی بازرگانییەوە دلخۆشی نەکردم."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا "ئەگەر ئەو سکاڵایە ببەینەوە كە لە پاریس لە دژی تورکیا سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەرزمان کردوەتەوە، (30) ملیار دۆلار قەرەبوی عیراق دەکرێتەوە."

ئیحسان عەبدولجەبار وتی"لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە کۆتاییدا هەر دەگەینە چارەسەر، بەڵام تا زوتر بگەینە چارەسەر زیانەکە کەمتر دەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×