خەزعەلی: پڕۆژەیەك هەیە بۆ دروستكردنی ئاژاوەو پشێوی لەدوای 1ی 10 لە عێراق
  2022-09-27       631       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن گروپێكەوە داوا لە هاوڵاتیانی عێراق كرا رۆژی 1ی 10 بۆ جەختكردنەوە لە رەتكردنەوەی سیستمی كوشتن و گەندەڵی و بەرجەستەكردنی وەفا بۆ شەهیدانی خۆپیشاندانەكانی تشرین، بڕژێنە گۆڕەپانەكان. قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەق دەڵێت، ئێمە دڵنیایین لە بونی پڕۆژەیەك بۆ دروستكردنی ئاژاوەو پشێوی لەدوای 1ی 10.

ئاوێنە: قەیس خەزعەلی، ئەمڕۆ سێشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆیەكدا لە دیداری رەفیدەین، رایگەیاند"ئێمە دڵنیایین لە بونی پڕۆژەیەك بۆ دروستكردنی پشێوی و ئاژاوە لەدوای 1ی 10."

وتیشی"ئەو پشێوییە، پەیوەندی نییە بە داخوازیی تشرینییەكانەوە، بەڵكو ئامانجی دروستكردنی ئاژاوەو پشێوی ئەمنی دەبێت لەپێناو سەپاندنی ئیرادەی واقعێكی سیاسی دیاریكراو...ئەوەش یاریكردنە بە ئاگر."

خەزلی عەلی وتیشی"ئێمە بەراشكاوی دەیڵێین زانیاری وردو ناومان لایە، ئەگەر دۆخەكە بە ئاڕاستەی پشێوی بڕوات بڵاویان دەكەینەوە. بەڵام ئەوە دەڵێم كە یەكێك لەو سیناریۆیانەی ئامادەدەكرێت لەلایەن گروپێكی دیاریكراوەوە، كوشتنی خۆپیشاندەرانە لەوەشدا سەرنجیان لەسەر كوشتنی خۆپیشاندەری ژن دەبێت."

خەزعەلی ئەو قسانەی خۆی بەستەوە بەخۆپیشاندانەكانی ئێرانەوە كە بۆ مەرگی ژینا ئەمینی زیاتر لە 10 رۆژە بەڕێوەدەچن و وتی"ئەو ئەزمونەی لە كۆماری ئیسلامی رویداوەو ئەو سۆزەی بۆی دروست بوە، بەپێی بۆچونی ئەم گروپە پلانگێڕە، ئەو كارە(كوشتنی خۆپیشاندەران یان خۆپیشاندەری ژن) هاوسۆزی زیاتری دەبێت لە عێراق."

ئەمڕۆ سێشەممە، گروپێك بەناوی "جوڵانەوەی گەلی عێراق" لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، لەگەڵ نزیكبونەوەی یادی چوارساڵەی دەستپێكردنی "شۆڕشی تشرنی"، داوا لە گەڵی عێراق دەكەین لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمدا بڕژێنە نێو گۆڕەپانی شارەكان بۆ جەختكردنەوە لە رەتكردنەوەی سیستمی كوشتن و گەندەڵی و بەرجەستەكردنی وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی تشرین.

ئەو جوڵانەوەیە، داوای لە هاوڵاتیان كردوە، خۆپیشاندانەكانیان بە ئاشتیانە بەڕێوەبەرن و نزیك نەكەونەوە لە شوێنە گشتی و تایبەتەكان و لەژێر هیچ پاساوێكیشدا لەبەغدا رونەكەنە ناوچەی سەوز.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×