وەزیرەكەی سەدر بۆ سەركردە سیاسییەكان: وەك جاران بگەڕێنەوە سەر دەسەڵات، ئەوە دەبێتە كۆتایی عێراق و ئێوەش
  2022-09-28       896       

ساڵح محەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیرەكەی رێبەری رەوتی سەدر، لە پەیامێكدا بۆ سەرکردە سیاسییەكان و دەسەڵاتداران دەڵێت: "سوێند بە خودا، ئەگەر وەکو جاران بگەڕێنەوە، ئەوە دەبێتە کۆتایی عێراق و کۆتایی ئێوەش".

 ئاوێنە: ساڵح محەممەد عێراقی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە تویتەر لەژێر ناوی "من ئامۆژگاریكەرتانم" پەیامێكی ئاڕاستەیی "سەرکردە و سیاسەتمەداران و دەسەڵاتداران، تەنانەت هەمو خەڵکی شوێنکەوتوی ئەوان لە عێراق" كردوە.

 وەزیرەکەی سەدر وتویەتی"نیشتمان لە پۆستەکانتان، کورسییەکانتان، دەسەڵاتتان، چەکتان، پڕۆژەکانتان، بازرگانیتان، پارە و کەس و کۆشکەکانتان گرنگترە. ئێمە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری نیشتمان نابین و نابینە هاوبەشی ئێوە لە رێککەوتنی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی عێراق بۆ دۆخی جاران".

وەزیری سەدر رەتیکردەوە کە بەشداریی حکومەتی داهاتوی عێراق بکەن و وتەیەتی"ناگەڕێینەوە بۆ هاوکێشە شکستخواردوەکەی ئێوە، چونکە زیانی بە نیشتمان گەیاند و مەرجەعیەت نەفرەتی لێکردوە، کە نابێ بە هەمان کەسایەتی، بە هەمان سیستم، هەمان دەستور، هەمان میلیشیا، هەمان پاشکۆیی و بە هەمان شێواز بێت".

هەروەها وەزیری سەدر ئەوەشی خستۆتەڕو "تەنانەت گەلیش بە خۆپێشاندان و مانگرتن بەردەوام نەفرەتی لێدەکات، کەچی ئێوە گوێی نادەنێ. ئێوە کە خاوەن کاری ئاسایی بون ئێستا لەسەر شانی گەل خاوەنی ملیاران دۆلار و کۆشک و باخ و بازرگانین".

ساڵح محەممەد عێراقی وتوشیەتی "مێژو خۆی دوبارە دەکاتەوە، پێشتر بنەماڵەی ئومەیە و بەعس و گەورەکەیان دەسەڵاتداربون، ئەمڕۆش دەخوازرێ بنەماڵەی عەباس بڕیار لە چارەنوسی گەلێکی دێرین بدات، ئاخۆ شەرم ناکەن؟ دەمێک شەڕ دەکەن و دەمێک دەگەنە سازان لەسەر شانی کەس و گەلەکەتان".

وەزیری موقتەدا سەدر لە کۆتایی پەیامەكەیدا هەڕەشەی كردوە وتویەتی"سوێند بە خودا ئەگەر بگەڕێنەوە وەکو جاران ئەوە دەبێتە کۆتایی عێراق و تەنانەت کۆتایی ئێوەش. ئەوکاتەیش پەشیمانی سودی نابێت".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×