لە دەوروبەری ناوچەی سەوز ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندان دەكرێت و هێزێكی زۆر بڵاوەیپێكرا
  2022-09-30       490       

تشرینییەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ خۆپیشاندانەكەی سبەینێ و بۆ بەرگرتن لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو هێزێكی زۆر لە دەوروبەری ناوچەی سەوز و دەروازەكانی چوونە ناو ناوچەی سەوز بڵاوەی پێكراوە.

ئاوێنه‌: لە چەندڕۆژی ڕابردوودا، تشرینییەكان ڕایانگەیاند، كە ڕۆژی 1ی مانگ كە سبەینێ دەكات و هاوكاتە لەگەڵ سێیەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی تشرینییەكان، خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن.

لە ئێستادا تشرینییەكان ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندانەكەی سبەینێ دەكەن و هێزە ئەمنییەكانیش ڕێوشوێنی توندیان گرتووەتبەر و كەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و دەروازەكانی چونە ناو ناوچەی سەزیان بە كۆنكرێت و بەربەستی ئاسنین گرتووە.

تشرینییەكان ڕایانگەیاندووە، خۆپیشاندانەكەی سبەینێیان لە ساحەی تەحریر دەبێت و خۆپیشاندانێكی هێمنانە دەبێت، بەڵام ترسی ئەوە هەیە خۆپیشاندانەكە سەر بكێشێت بۆ ئاڵۆزی و پەلاماری ناوچەی سەوز بدەن، بۆیە لە ساحەی تەحریریش هێزێكی زۆر بڵاوەی پێكراوە.

سەرەتای مانگی تشرینی 2019 هاوڵاتیانی عێراق دژ بە حكومەتی عێراق خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە و دروستكردنی حكومەتێكی تەكنۆكراتیانكرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×