موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی بۆ رۆژی سەربەخۆیی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی نیشتیمانی ئەو رۆژەیە کە "گەندەڵی و دەسەڵاتی گەندەڵکاران لە وڵاتدا کۆتاییان پێدەهێنرێت و چاکسازی راستەقینە" ئەنجام دەدرێت.
ئاوێنه: موقتەدا سەدر ئەمڕۆ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، جارێکی دیکە جەخت لەسەر عێراقێکی سەربەخۆ، ئازاد و بەهێز دەکاتەوە، باوەڕیشی وایە رۆژی نیشتیمانی عێراق ئەو رۆژەیە کە "گەندەڵی و دەسەڵاتی گەندەڵکاران کۆتاییان پێدەهێنرێت، هەروەها رۆژی نیشتیمانی ئەو رۆژەیە کە چاکسازی راستەقینە ئەنجام بدرێت بەجۆرێک دوربێت لە شوێنکەوتنی ئەوانی دیکە و پشک پشکێنە."
ئەوەشی خستوەتەڕو، رۆژی نیشتیمانی ئەو رۆژەیە کە چاکسازی بکرێت و وڵات دوربێت لە کەسانی تاقیکراوە لە حکومڕانی، دەستوەردانی دەرەکی و بونی گروپی چەکداری جۆراوجۆر.
رێبەری رەوتی سەدر جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە لەسەر روانگەی خۆی بۆ حکومڕانی کە بریتییە لە پێکهێنانی حکومەتێک کە نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی بێت، هەروەها دەوڵەتێک لە عێراقدا هەبێت کە بتوانێت شکۆی گەل بپارێزێت.
