كازمی: پەیوەندییەكی ئاست بەرزی ئەرێنی لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق هەیە
  2022-10-03       766       

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پەیوەندییەكی ئاست بەرزی ئەرێنی لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمدا هەیەو گەیشتنیش بەو ئاستەی پەیوەندییەكان دوای سەركەوتن بوە بەسەر زۆربەی ئەو بەرست و رێگرییانە كە هەبون و بەشێكیان بەمەبەست دروستكرابون.

ئاوێنە: مستەفا كازمی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لەوتەیەكدا لە رێوڕەسمی پێنجەم ساڵی كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانیدا لە هەولێر رایگەیاند"هەموان دەزانن لەماوەی دو ساڵی رابردودا پەیوەندییەكی ئاست بەرزی برایانەی ئەرێنی لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمدا هەیە، ئەوەش لەدوای چەند قۆناغێكی گرژی هات لەو پەیوەندییانەدا."

وتیشی: گەیشتن بەم ئاستە باشەی پەیوەندییەكان لەئاكامی گرتنەبەری بنەمای دیالۆگ و نیشاندانی نیازپاكی و سیاسەتی هێمنانە بو، دەبێت لەسەر ئەوەی بەدەستهاتوە بینای پتەوكردنی هاوبەشییەكان و چارەسەریی قەیرانەكان بكەین.

ئەوەشی خستەڕو، ئەو بەربەست و رێگرییانەی لەسەر رێی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقدا هەبون بەشێكیان بەمەبەست دروستكرابون لەپێناو شكستی حكومەتەكەمان، بەڵام ئێمە سەركەوتو بوین لە تێپەڕاندنی زۆربەیان كە دوایینیان رەزامەندیدانمان بو لەسەر خەرجكردنی شایستە داراییە دواكەوتوەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان و دوێنێ ئیمزام لەسەر خەرجكردنی ئەو شایستە داراییانەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان كرد.

هەروەها لەبارەی دۆخی عێراقیش وتی، "ئەمڕۆ لەناو ئەم هەمو داخرانە سیاسییەدا، نەبونی كەسایەتییەك بە قورسایی مام جەلال کاریگەری و مانای هەیە، خوالێخۆشبو هەمو سەرکردە سیاسییەکانی هاندەدا دەنا بۆ سەر مێزی دیالۆگ، بۆ گفتوگۆیەکی ئارام و عەقڵانی."

ئەوەشی وت"لەم ڕوانگەیەوە جەخت لەسەر گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دیالۆگێکی نیشتمانی دەکەینەوە کە هەمو عێراقییەکان لەخۆ بگرێت، بۆ پێکەوە خستنەڕوی نیگەرانییەکانمان، گفتوگۆکردن لەسەر جیاوازییەکانمان، و پەرەپێدانی چارەسەرەکان لەسەر بنەمای هاوبەشییەکان."

جەختیشی كردەوە كە "با پابەند بین بە دیالۆگ و دیالۆگ و دیالۆگەوە... و هیچی تر، ئەوە تاکە رێگەی ئێمەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، ئەگینا ئاگرەکە هەموان دەسوتێنێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×