پلاسخارت: دابەشبون بەسەر زۆنی زەردو سەوزدا گەورەترین رێگرە لەبەردەم بەرەوپێشچونی هەرێم
  2022-10-04       940       

جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان راگەیاند، دابەشبون بەسەر زۆنی زەردو سەوزدا گەورەترین رێگرە لەبەردەم بەرەوپێشچونی هەرێمی كوردستان و دەشڵێت، رێك نەكەوتنی لایەنەكانی هەرێم لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، باجی قورسی دەبێت.

ئاوێنە: جینین پلاسخارت، ئەمڕۆ سێشەممە، راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان پێشكەشكرد و رایگەیاند، دۆخی عێراق هەستیارەو داوامان لە سەرکردە عێراقییەکان کردوە ناکۆکییەکانی نێوانیان تێبپەڕێنن.

وتیشی، ناکۆکییە سیاسییەکانی عێراق کاریگەری لەسەر هاوڵاتییان دروستکردووە، چونکە ناتوانرێت پێشبینی کۆتایی هاتنی بکرێت.

جەختیشی كردەوە كە چینی سیاسی عێراق توانای یەکلاکردنەوەی قەیرانەکانیان نییە.

ئەوەشی خستەڕو: نزیکەی (130) هاوڵاتی و هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانەکانی یادی تشریندا برینداربوون.

وتیشی، لایەنە كوردییەكان هێشتا لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێك نەكەوتون.

ئاماژەی بەوەشدا، پێکهێنانی حکومەتێکی کاریگەر یەکەم هەنگاوە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەی ئێستا.

هەروەها لە بارەی هەرێمی كوردستانیش وتی، هێشتا لایەنە سیاسییەكان لە هەرێم نەیانتوانیوە بگەنە زەمینەیەكی هاوبەش لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە دەبو لە 1ی ئەم مانگە بەڕێوەبچوایە.

جەختیشی كردەوە كە دابەشبونی نێوان زۆنی زەردو سەوز ئەو تایبەتمەندییەیە كە زیاتر لە هەمو شتێكی تر رێگرە لەبەردەم بەرەوپێشچون لە هەرێمی كوردستان.

جینین پلاسخارت وتی، ئەو ئەنجامە سیاسییەی لە هەرێم هەیە كە رێك نەكوتنە لەسەر  ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەدینەهێنانی چاوەڕوانییەكانی خەڵك و پشتگوێخستنی بنەما دیموكراسییە بنەڕەتییەكان، باجەكەی قورس دەبێت.

هەروەها راشیگەیاند كە بۆردومانەكانی توركیاو ئێران بونەتە شتێكی ئاسایی لە باكوری عێراق و پێویستە سنورێك بۆ هێرشانە دابنرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×