پەیامێكی نوێ لە سەدرەوە: زۆر حكومەت پێكهێنران بەڵام زیانیان بە خەڵك و نیشتمان گەیاند
  2022-10-04       392       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، پەیامێكی لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی عێراق بڵاوكردەوەو تێیدا ستایشی قسەكانی جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان دەكات و لەبارەی هەڵوێستی هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنەكەش كە پێداگریان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی عێراق كرد، دەڵێت، زۆر حكومەت پێكهێنران بەڵام زیانیان بە نیشتمان و خەڵك گەیاند.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، ئەمشەو سێشەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند"ئەوەی لە راپۆرتەكەی نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكاندا لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرنجی راكێشام، ئەوەبو كە وتی، هۆكاری سەرەكی ئەوەی لە عێراق رودەدات، گەندەڵییە. بەڵی ئەوە راستەو زۆریش سەرنجێكی وردە."

سەدر وتویەتی"یەكەم هەنگاوی چاكسازیی هەنگاوبەهەنگاو، بەشداری نەكردنی روخسارە كۆنەكان و حزبەكان و كەسایەتییەكانیانە لە حكومەتی داهاتودا، ئەوەش هەماهەنگە لەگەڵ خواستی مەرجەعیەت و خواستی گەلی شۆڕشگێڕدا."

رێبەری رەوتی سەدر وتوشیەتی"ئێمە لەگەڵ گفتوگۆداین ئەگەر بەشێوەیەكی ئاشكرابێت و لەپێناو دورخستنەوەی هەمو ئەوانە بێت كە پێشتر بەشداربون لە پڕۆسەی سیاسی و پڕۆسەی هەڵبژاردنداو هەروەها لە پێناو لێپێچینەوە بێت لە گەندەڵكاران لەسایەی دادگایەكی دادپەروەردا."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "چاومان لە هاوكاریكردنی نەتەوە یەكگرتوەكانە بۆ چاكسازی ئەگەر چاكسازییەكی هەنگاوبەهەنگاویش بێت."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە "پشتیوانی لەو قسانەی بەشدارانی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەم لەبارەی دانبەخۆداگرتن و داوای دانبەخۆداگرتن و پەنا نەبردن بۆ توندوتیژی و چەك دەكەم لە هەمو لایەنەكانەوەو هەروەها پەلەش بكرێت لە سزادانی بكەرانی توندوتیژی بەبێ رەچاوكردنی ئینتیمایان."

سەدر ئەوەشی وتوە"ئەوەی خرایەڕو لە دانیشتنەكە لەبارەی چەكی كۆنترۆڵ نەكراو لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، لەوە گرنگتر ئەوەیە كە نابێت چەكی كۆنترۆڵكراو لەناو چوارچێوەی دەوڵەتیشدا هەبێت و بەكاربهێنرێت لەدژی خۆپیشاندەران و شۆڕشگێڕان و ریشەداكوتنی دەوڵەتی قوڵ."

جەختیشی كردۆتەوە"لەمبارەیەوە سەرۆك وەزیرانی ئێستا گوشاری زۆری لێدەكرێت، وێڕای ئەوەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە، هەندێك چەكدار بەگوێی ناكەن لەگەڵ ئەوەش ئەو چەكدارانە لە چوارچێوەی دەوڵەتدان."

وتوشیەتی"هەروەها ستایشی هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەین كە لە پشتی عێراق وەستاوە لەبارەی ئەو بۆردومانانەی دەكرێنە سەری. داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەكەین رێز لە سەروەری عێراق بگرن و رێز لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەكەی بگرن لەڕێگەی دیپلۆماسییەت و گفتوگۆوە."

رێبەری رەوتی سەدر وتوشیەتی"بەڵام دژی سوربونی هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەوەستمەوە كە پێداگری لەسەر پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەكەن، زۆر حكومەت پێكهێنران بەڵام زیانیان بە نیشتمان و گەل گەیاند."

جەختیشی كردۆتەوە كە "خواستنی گەلی عێراق پێكهێنانی حكومەتێكی دور لە گەندەڵی و پاشكۆیەتی و خاڵی لە میلیشیاو دەستوەردانی دەرەكییە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "عێراق بەهۆی گەندەڵی و هەژمونی حزبەكان بەسەر دەسەڵاتدا بە خراپترین ماوەی خۆیدا تێدەپەڕێت،  لەوەشدا هیچ كەسێك بەدەر ناكەم تەنانەت ئەوانەشی كە ئەندامی ئێمەن، ئەوانەی كە هەوڵماندا ئاشكرایان بكەین و سزایان بدەین بەڵام بەپەلە خۆیان دەخەنە باوەشی گەندەڵكاران و نەیارەكانمان. لایەنەكانی دیكە هەڵناسن بە لێپێچینەوەی ئەو گەندەڵكارانەی ئەندامیانیان و پشتیوانیان دەكەن."

لەكۆتاییدا وتویەتی"سوپاسی نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق دەكەم لەبەرامبەر قسەكانیدا، ئامۆژگاری دەكەم بەردەوام بێت لەسەر هەڵوێستە بێلایەنەكانی و نەداتە پاڵ لایەنێك دژی ئەویتر."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×