حەنان فەتلاوی، سەرۆکی بزوتنەوەی ئیرادە كە بەشێكە لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، تا ئێستا كورد لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆككۆمار رێك نەكەوتون و پێشناچێت رێك بكەون، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە هەریەكەیان بە كاندیدی خۆیەوە بێنە دانیشتنی پەرلەمان. دەشڵێت: تا كۆتایی دونیا چاوەڕێ ناكەین بێ حكومەت بین.
ئاوێنە: حەنان فەتلاوی، لە پەیامێكدا بۆ كورد لە تویتەر نوسیویەتی: نابێت كاتی چاوەڕێكردنی كورد بۆ ئەوەی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەون بە كراوەیی بمێنێتەوە.
وتوشیەتی، ئەوان تا ئێستا لەسەر كاندیدێك رێك نەكەوتون و پێشناچێت رێك بكەون، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە بچینە دانیشتنی پەرلەمان و هەریەكەو كاندیدی خۆیان پێشكەش بكەن و دەستبكەن بە كۆكردنەوەی دەنگ بۆ كاندیدەكانیان.
جەختیشی كردۆتەوە كە "تا كۆتایی دونیا چاوەڕێ ناكەین بێ حكومەت بین."