لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: هیچ گرفتێک بۆ موچەی ساڵی داهاتوی فەرمانبەران نییە
  2022-10-08       415       

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ساڵی داهاتو ئەگەر یاسای بودجەش پەسند نەکرێت، "هیچ گرفتێک" بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دروست نابێت.

ئاوێنە: جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، بە روداوی راگەیاند، "ئەگەر ساڵی داهاتو یاسای بودجەش پەسند نەکرێت، هیچ گرفتێک بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دروست نابێت، موچە وەک خۆی دابەش دەکرێت."

 ئەو قسانەی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لەکاتێکدایە، محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە چەند بۆنەیەک، هۆشداری ئەوەی داوە، ئەگەر یاسای بودجە پەسند نەکرێت، ساڵی داهاتو گرفت بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دروست دەبێت.

هاوکات، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لەوبارەوە هۆشداریدا.

جەمال کۆچەر لەوبارەیەوە وتی"نازانم محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان و جێنین پلاسخارت، ئەو قسانەیان لە کوێ هێناوە. ئەگەر بەم شێوەیە بێت، کارەسات رودەدات، حکومەت نەتوانێ موچەی سوپا و دەزگا ئەمنییەکان و فەرمانبەران و خەرجی دەوڵەت دابین بکات، ئەمە مانای هەرەسهێنانی دەوڵەتە."

 وتیشی"ئەو قسانە هیچ بنەمایەکی نییە، رەنگە ئەمە وەک گوشار و بە مەبەست بێت، بەڵام بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، بودجەی بەکاربردن بەردەوام دەبێت، هیچ گرفتێک بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران نابێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×