پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا: چوارچێوەی هەماهەنگی گوشاری لە یەكێتی كردوە بۆ ئەوەی كاندیدەكەی خۆی بگۆڕێ
  2022-10-10       733       

پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێداگری ناكات بەڵكو دەمانەوێت كورد لەسەر كاندیدێك رێكبكەون. دەشڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی گوشاری لە یەكێتی كردوە بۆ ئەوەی كاندیدەكەی خۆی بگۆڕێت.

ئاوێنە: محەمەد سەیهود، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، ئەمشەو دوشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی "عەهد"دا رایگەیاند، ئێستا پۆستی سەرۆككۆمار، كۆسپی بنەڕەتییە بەردەم قەیرانی سیاسییە، هەوڵدەدەین هەردو حزبە كوردییەكە لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆككۆمار رێكبكەون.

وتوشیەتی، بۆ ئەو مەبەستە هەمو بژاردەیەكمان خستۆتەڕو، لەنێویاندا بژاردەی پشتیوانیكردنی كاندیدەكەی مەسعود بارزانی لەبەرامبەر ئەوەدا پارتی سازش لەسەر پۆستەكانی دیكەی عێراق بكات بۆ یەكێتی.

وتیشی، چوارچێوەی هەماهەنگی گوشاری لە یەكێتی كردوە تا لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت و كاندیدەكەی خۆی بگۆڕێت، بەڵام هێشتا یەكێتی سورە لەسەر كاندیدەكەی.

ئاماژەی بەوەشدا، مەسعود بارزانی، كاتی زیاتری دەوێت بۆ ئەوەی لەگەڵ یەكێتی بگەنە رێككەوتن.

لەگەڵ ئەوانەش ئەو پەرلەمانتارەی دەوڵەتی یاسا وتویەتی، سیناریۆی نزیك ئەوەیە كە بە دو كاندید كورد بێنە دانیشتنی پەرلەمان.

هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەوانەی هاوپەیمانیین، زیاتر لە 220 پەرلەمانتارن و سورن لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×