راوێژكارێكی بەرهەم ساڵح: رەنگە پەرلەمانتارانی پارتی ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار
  2022-10-11       833       

هاوژین عومەر، راوێژكاری بەرهەم ساڵح پێشبینی دەكات زیاتر لە 230 پەرلەمانتار لە دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراقدا ئامادەبن كە بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتو بەڕێوەبچێت و دەشڵێت: پێدەچێت پەرلەمانتارانی پارتی بەشداری دانیشتنەكە نەكەن.

ئاوێنە: ھاوژین عومەر، راوێژكاری بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ سێشەممە، لە لاپەڕەی خۆی لەبارەی دانیشتنی تایبەتی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، نوسیویەتی"تا ئێستا یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان نەگەیشتونەتە ھیچ ڕێککەوتنێک لە بارەی ئەم پرسەوەو ھەردولا کاندیدی فەرمیی خۆیان ھەیە، ئەمە جگە لە بونی چەند کاندیدێکی دیکەی کورد کە بە سەربەخۆ خۆیان کاندید کردوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بەپێی پێشبینی و خوێندنەوەکان لە کۆبونەوەکەی پێنجشەممە، لە نێوان (٢٣٠ - ٢٥٠) ئەندام ئامادە دەبن. پێدەچێت ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیارترین ئامادەنەبوەکان بن و بەشداری نەکەن، ئەویش بەھۆی بونی مەترسی لە دەرنەچونی کاندیدەکەیان کە بەڕێز ڕێبەر ئەحمەدە، یان بە ھۆی کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق."

بەبڕوای هاوژین عومەر، بەپێی پێشبینییەكان، تا ئێستا بەرھەم ساڵح "زۆرترین چانسی بردنەوەی ھەڵبژاردنەکەی ھەیە بۆ جاری دوەم و مەقبولییەتێکی گەورەی لە ناو زۆرینەی لایەن و پەرلەمانتارەکانی عێراق ھەیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×