بافڵ تاڵەبانی پەیامێك ئاڕاستەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات
  2022-10-12       948       

لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی پەیامێك ئاڕاستەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات و داوایان لێدەكات پابەندیی بەڵێنەكانیان بن بەرامبەر بە یەكێتی.

ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی، كەمێك لەمەوبەر لە تویتێكدا رایگەیاند"برایانی ئازیز لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەكانی ترمان، بەناوی برایانتان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە هەمیشە لە سەختترین و تاریكترین بارودۆخدا لەگەڵتان بون، داواتان لێدەكەین وەها بن كە بەڵێنمان بەیەكداوە." بەبێ ئەوەی ناوی بەرهەم ساڵح بهێنێت.

وتوشیەتی"باوەڕداران پابەندیی مەرجەكانیانن."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بڕیارە سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی سبەی پێنجشەممە، كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بەڕێوەبچێت و پارتی و یەكێتی لەبارەی یەك كاندیدی هاوبەش بۆ پۆستەكە تا ئێستا نەگەیشتونەتە رێككەوتن.

بەگوێرەی قسەی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا، پارتی ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ كشاندنەوەی كاندیدەكەی خۆی و دەنگدان بە لەتیف رەشید، "وەك كانددیدی هاوبەش"ی كوردو دەوڵەتی یاساش پێشوازی لەو دەستپیشخەرییەی پارتی كردوە.

بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە زاری وتەبێژی رەسمی حزبەكەوە جەختی كردەوە كە بەرهەم ساڵح، كاندیدی رەسمی یەكێتییە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار.

بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیا عێراقییەكان، چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دەنگدان بە كاندیدی سەرۆككۆمار، دابەشبون بەسەر دو بەرەدا، لەوانە نەسر و رەوتی حیكمە لەگەڵ ئەوەن دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدرێت بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆككۆمار. بەڵام هەریەكە لە دەوڵەتی یاسا، عەسائیبی ئەهلی هەق، حزبوڵا، دژی ئەوەن دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدرێت و داوایان كردوە یەكێتی لەگەڵ پارتی رێكبكەون لەسەر "لەتیف رەشید" وەك كاندیدی هاوبەشی كورد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×