سەدر بۆ خوێندکاران: بە ململانێی دەسەڵاتەوە سەرقاڵ مەبن
  2022-10-13       333       


موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە پارێزگاکانی عێراق پەیامێکی ئاڕاستەی خوێندکاران کرد و رایگەیاند، داوا لە خوێندکاران دەکات خۆیان فێری خوێندەواری، زانست و زانیاری بکەن بەبێ ئەوەی لەکارەکەیاندا فێڵ و بەرتیلدان پەیڕەو بکەن، خوێندکارانیش بە داهاتو و پارێزەری وڵات ناو دەبات.

ئاوێنه‌: موقتەدا سەدر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، بەبۆنەی ساڵی نوێی خوێندن داوا لە خودا دەکات خوێندکاران بە تەندروستییەکی باش و پارێزراوییەوە دەست بە خوێندن بکەنەوە، فێربونی زانست و خۆشەویستی خوێندنگەش وەک چەک و قەڵای خوێندکاران دەبینێت و داواش دەکات بەباشترین شێوە سود لەو دەرفەتە وەربگرن.

ئەوەشی خستوەتەڕو، مامۆستایان وەک باوکن بۆ خوێندکاران بۆیە پێویستە خوێندکاران گوێیان لێبگرن و بەبێ فێڵ و بەرتیل هەوڵی فێربونی زانستێکی پاک و بێگەرد بدەن، چونکە "ئێوە پارێزەری و داهاتوی چاکسازیین".

رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی گرنگی نەوەی نوێش لە خوێندکارانی خاوەن بڕوانامەی زانستی و ئەکادیمی دەڵێت، خوێندکاران قەڵای بەرگریکردنن بەرامبەر دوژمنان و گەندەڵی، بۆیە داوایان لێدەکات خۆیان بە  ململانێی دەسەڵاتەوە سەرقاڵ نەکەن، چونکە ئەو هەنگاوە ئێوە بەهێزتر و خاوەنی زانستێکی باڵاتر دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×