نرخی دۆلار لەكاتی داخستنی بازاڕەكانی هەرێم بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی
  2022-10-24       875       

ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، نرخی دۆلار لە كاتی داخستنی بازاڕەكانی دراودا لە هەرێم، بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی، ئەوەش دوای ئەوەی 41 پەرلەمانتاری عێراق لە نوسراوێكدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان داوایان كرد، نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ نرخەكەی پێشوی خۆی.

ئاوێنە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، لە كاتی كردنەوەی بازاڕەكانی دراودا لە هەرێم، نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 147 هەزارو 50 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەكرا، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانییەوە بە ئاوێنە دراون، ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕدا نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بۆ 145 هەزارو 750 دینار دابەزیوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دراونەتە ئاوێنە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ جیاوازی كڕین و فرۆشتنی 100 دۆلار لانیكەم هەزار دینار بوە، ئەوەش بەهۆی "ناجێگیری نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار."

ئەمڕۆ نوسراوێك بە ئیمزای 41 پەرلەمانتاری عێراق بڵاوكرایەوە كە ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمانیان كردوەو تێیدا داوایان كردوە، كاربكەن بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینارو گەڕاندنەوەیی بۆ نرخەكەی پێشوی خۆی.

لە ساڵی 2020دا گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی كراو لە بودجەی ساڵی 2021دا نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 145 هەزار دیناری عێراقی جێگیركرا، ئەوەش لەكاتێكدا كە پێشتر نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە 118 هەزار دیناری عێراقی جێگیركرابو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×