تێگەیشتن لە تەڵاق
  2022-10-25       1359       

نةجات نوری

 

'الطَّلَاقُ مَرَّتَانِ ۖ فَإِمْسَاكٌ بِمَعْرُوفٍ أَوْ تَسْرِيحٌ بِإِحْسَانٍ ۗ وَلَا يَحِلُّ لَكُمْ أَنْ تَأْخُذُوا مِمَّا آتَيْتُمُوهُنَّ شَيْئًا إِلَّا أَنْ يَخَافَا أَلَّا يُقِيمَا حُدُودَ اللَّهِ ۖ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا يُقِيمَا حُدُودَ اللَّهِ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْهِمَا فِيمَا افْتَدَتْ بِهِ ۗ تِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ فَلَا تَعْتَدُوهَا ۚ وَمَنْ يَتَعَدَّ حُدُودَ اللَّهِ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ (٢٢٩سورة البقرة)'

229) تەڵاقی ژن دوو کەڕەتە، ئەوسا یان ڕاگرتنی باش و خوداپەسند، یان بە خۆشی و بێ هەرا، دەس لێک بەردانە. لەو ماڵەی کە پێتان داون ڕەوا نییە هیچیان لێ وەربگرنەوە؛ مەگین ترسیان لەوە هەبێ کە نەتوانن سنووری فەرمانی خودا بپارێزن. ئەگەر ترستان لەوە هەبوو کە هەردووکیان سنووری خودا ناپارێزن، هیچ گوناهی تێدا نییە ژنەکە خۆی بکڕێتەوە. ئەمانەن سنووری خودا، لە سنووری خودا دەرمەچن؛ ئەوکەسانەی لە سنووری خودا دەردەچن ئەوانەن کە غەدرێ دەکەن.

سورة البقرة ٢٣٠

فَإِن طَلَّقَهَا فَلَا تَحِلُّ لَهُۥ مِنۢ بَعۡدُ حَتَّىٰ تَنكِحَ زَوۡجاً غَيۡرَهُۥۗ فَإِن طَلَّقَهَا فَلَا جُنَاحَ عَلَيۡهِمَآ أَن يَتَرَاجَعَآ إِن ظَنَّآ أَن يُقِيمَا حُدُودَ ٱللَّهِۗ وَتِلۡكَ حُدُودُ ٱللَّهِ يُبَيِّنُهَا لِقَوۡمٖ يَعۡلَمُونَ

230) ئەگەر لە پاش ئەم دوو جارەش تەڵاقی دا، ژنەکەی بۆحەڵال نییە تا ژنەکە دەچێ مێردێکی تر دەکا؛ ئەگەر لەو مێردەی کردووشیە تەڵاق درا، ئەوساکە هیچ گوناهێکیان لەسەر نییە دووبارە بگەڕێنەوە بۆ لای یەکتر؛ بەو مەرجە کە وابزانن هەر دووکیان بە تەرزێ ڕەوا - وەک خودا فەرمانی داوە - وێک هەڵدەکەن. ئەمانە سنووری خودان، ڕوونیان دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانە وا حاڵی دەبن.

 

(هاوسەر گیری و تەڵاق) كتێبێكی زانای گەورەی كورد (پرۆفیسۆر مستەفا زەڵمی)یە، ئەم كتێبە لە دووبەشدا لە كۆی 360 لاپەڕەدا، بە وردی و بە ئایەت و بە سەرچاوەكانی یاسا لە ڕێگەی چەندین ئایەت و بەندەكاتی یاسای تەڵاقەوە، تیشكدەخاتە سەر ئەو گرفتەی كە لە نێوان ژن و پیاودا پێی دەوترێت تەڵاق، كتێبەكە سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ هەموو ئەو خوێنەرانەی كە بیانەوێت لە تەڵاق و شێوە و ماناكانی تێبگەن، بۆ هەر بەشێك لەم كتێبە خوێنەران دەتوانن بە قووڵی لە مافی ژن و پیاو هەم بۆ هاوسەرگیری و هەم بۆ جیابوونەوە و بەیەك گەیشتنەوە دوای سوێند خوارلادنی تەڵاق بەباشی لە سەرچاوەكان تێبگەن. وردی ئەم كتێبە لەوەدایە كە لە دەرەوەی ئایەتەكان و یاسا هەچ شتێكی تر دەربارەی تەڵاق لە نێوان ژن و پیاودا بوترێت لە لایەن كەسانی ئاینیەوە بەتاڵە و دەبێتە بازرگانی بە ئاین و مافی كەسانی ترەوە. بە دەیان فەرمودە و بە دەیان بەڵگە لە سەردەمە جیا جیاكاندا زەڵمی دەست دەبات بۆ بابەتی تەڵاق و هۆكارەكانی، دێت لە ناو ئاین و دادگا و قسەی زانایاندا گرفتی تەڵاق دەخاتە ڕوو، بەمە كتێبەكە دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ گەیشتن بە مافی جیابوونەوە و پێكگەیشتنەوە دوای سوێندخواردنی تەڵاق لە لایەن پیاوەوە. دەروازەی سێیەمی ئەم كتێبە تەرخانكراوە بۆ شێوازی تەڵاقدان كە خۆی لە چەندین نموونە و وێنەی گرنگدا خستویەتی ڕوو، ئەم بەشە وادەكات كە خوێنەران زۆر بە وردی دركبكەن كە تەڵاق لە چ كات و لە چ شوێنێكدا دەبێـتە گرفت... بەمەش كتێبە دەبێتە یەكێك لەو كتێبانەی كە زۆركەس دەتوانن بە خوێندنەوەی بەبێ ئەوەی پەنا بۆ هیچ لایەك و هیچ دادگاو كەسانی ئاینی بەرن زۆرباش لە ماناكانی تەڵاق تێبگەن.

مستەفا زەڵمی وەكو زانایەكی گەورەی كورد كە لە هەموو كەس زیاتر لە ئاین و سەرچاوەكانی ئاین تێگەیشت بوو، تێگەیشتنی ئەو بۆ ئاین لە ڕوی فیكرێكی كراوە و ڕۆشنگەریەوە بوو، دەیویست ئاین لە دەست دەیان مەلای كۆلكە خوێندەوار ڕزگاربكات، دەیویست ئیتر ئاین نەبێتە بابەتی پارەپەیداكردن و ماڵوێرانی بۆ خێزان و كۆمەڵگا لەڕووی تەڵاقەوە، ئەم كتێبەی دەبێتە حیكمەتی گەورەی ئەو كە ویستوویەتی ناوەرۆكێ ئاین وەكو خۆی بۆ كۆمەڵگا لە ڕووی تەڵاقەوە بخاتە ڕوو تا ئیتر دەیان مەلای كورد نەتوانن تەڵاق بكەنە هۆكاری بژێوی خۆیان و تەڵاق بە پارە و سەرانە چاكبكەوە، دیوە ڕووناكەی بیری زەڵمی كە خۆی لە بیرەوەریەكانیدا دەیگێڕێتەوە، هۆكاری دانانی ئەم كتێبەی دەگەڕێـتەوە بۆ ڕەفتاری نائاینی ئەو مەلایانەی كە لەمزگەوتەكانی كوردستاندا كارگەی چاككردنەوەی تەڵاقیان دانابوو، ببوونە هۆكاری سەرگەردانی دەیان خێزان بە هۆی سەرانە و پارە وەرگرتنەوە بۆ چاككردنەوەی تەڵاقی نێوان ژن و پیاو، هۆكاربوون بۆ خۆژیاندن لەسەر ژیانی دەیان كەس كە بە هەڵە تەڵاقیان خواردووە.

بە خوێندنەوەی ئەم كتێبە زۆرباش تێدەگەین كە ئاین زۆركات لەسەر دەستی كەسانی نەخوێندەوار و نا ڕۆشنبیری پیاوانی ئاینی كوردا چ بەڵایەكیان بەسەر ماڵ و ژیانی كەسانی نەدار و داماودا هێناوە. تێنەگەیشتن لەئاین لەلایەن دەیان مەلای كوردەوە دوای گەیشتنی ئیسلام بۆ كوردستان ڕێگای هەڵدێرێكی گەورەیان لەبەردەم خۆیان و خەڵكانی تریشدا كردۆتەوە، زۆری ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە ماڵوێرانی بۆ دەیان خێزان لە ناو كۆمەڵگای كوردا لەڕووی ئاینیەوە بۆ تەڵاق و بابەتی زەكات و حەج و سەرفترە و چەندین بابەتی تر، هۆكارەكەی بەشێك لە مەلا كوردەكان خۆیان بوون، ئەم مەلایانە لە ناوەرۆكدا كەسانی ئاین پەروەر و ئیماندار نەبوون، كەسانێكبوون ئاینیان قۆستۆتەوە بۆ بژێوی خۆیان و گەمەكردن بە ئایتەكان و هەڵخەڵەتاندنی كەسانی نەدار و نەخوێندەوار، بڕگە و سەرچاوەكانی ئاینیان وەكو خۆیان بۆ خەڵكی نەخستەڕوو، چۆنیان ویستبێت ئاوا دەقەكانی قورئانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكارهێناوە، پێوەی بوونەتە كەسانێك كە لە چەندین ڕووە قازانجی گەورەیان دەستكەوتووە، لە بێئاگای كەسانی ناو كۆمەڵگاوە بە دەیان مەلای كورد سودیان لە دەقە قورئانیەكان وەرگرتووە و بێ بەزەیانە گیرفانی كەسانی نەخوێندەواری ڕەش و ڕووتیان هەڵتەكاندووە...

سوورد وەرگرتن لە ئاین لەناو كۆمەڵگای كوردا لە كۆنەوە تاكوئێستاش لەسەردەستی دەیان مەلاو سیاسی ئیسلامیدا لە برەودایە، ئەم تاقمانە لە هەموو ڕۆژگارەكاندا هۆكارن بۆ گەمەكردن بە دەقە قورئانیەكان و چۆنیان ویست ئاوا بۆ ژیان و گیرفان و خێزانی خۆیان بەكاری دەهێنن و بەكاریشیان هێناوە و هیچ شەرم لە خودا و خەڵكیش ناكەن، لەپای هەموو ڕەخنەیەكیش نەزانانە دێنەدەنگ و وەها خۆیان نیشان دەدەن كە ئەوان لە دەرەوەی دەقە قورئانینەكان هیچی نەخوازراویان نەكردووە، لە كاتێكدا كە ئەمانە بە ڕۆژی ڕووناك بە ئاین و دەقە قورئانیەكانەوە خەریكی بازرگانی و سیاسەت و خەڵك فریودانن. ئەم تێنەگەیشتنە لە ئاین خۆی لە خۆیدا هۆكارەكەی خەڵك خۆیانن، خەڵكانی خوێندەوار دەبێت خۆیان پشت بە بیر و خوێندنەوەی خۆیان بۆ دەقەكان و ماناكانی ببەستن، نەك ڕووبكەنە لای كەسانێك كە چۆنیان ویست ئاوا مانا بە بەری ئایەت و فەرموودەكاندا بكەن، هۆكاری ئەم گەمەكردنە بە دەقەوە لەلایەن زۆر لە كەسانی سیاسی و مەلای كوردەوە لەناو كوردا زیاتر بۆ خەڵك خۆیان دەگەڕێتەوە، ڕوانییە كەسانی خوێندەوار پەنا بۆ كەسانێك بەرن تا ئەم ئایەت و ئەو فەرموودەیان بۆ لێكبداتەوە، لە هەموو ڕۆژگارێكدا ئاین لەسەر دەستی كەسانی مشەخۆری ئاینیدا بۆ ئێمەی كورد هۆكاربووە بۆ سەرهەڵدانی دەیان گرفت و بێئاگایی و داڕمان.

خوێندنەوەی ئاین پێویستی بە عەقڵە، لە دەرەوەی عەقڵ ئاین هۆكارە بۆ خەڵك فریودان و نانەوەی دەیان ئاژاوە و دووبەرەكی، زۆرن ئەو گروپ و دەستە و كۆمەڵە سیاسیانەی كە لە ژێر ناوی ئایندا كەوتوونەتە دژایەتی كردن و تەخوێنكردنی یەكتری و یەكتری بە ئایەت و فەرموودە بەرەو دۆزەخ دەبەن، ئەم ناعەقڵانیە بۆ ئاین وایكردووە كە دەیان مشەخۆری بەناو ئیماندار ماڵی خەڵك و خێزانی خەڵك و كۆمەڵگا وێرابكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×