سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکرا
  2022-10-26       607       

سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند، "سوپای تورکیا چەکی کیمیایی دژی گەریلاکانی پەکەکە" بەکارھێناوە لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکرا.

ئاوێنە: میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، شەبنەم کۆرور فینجانجی، سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا دوای ئەوەی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی "سوپای تورکیا چەکی کیمیایی دژی گەریلاکانی پەکەکە بەکارھێناوە"، لە ئیستەنبوڵ دەستگیرکراوە و بڕیارە رەوانەی ئەنقەرە بکرێت. لەکاردانەوەیەکیشدا کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی تورکیا ئەو ھەنگاوەی حکومەتی تورکیای بە قبوڵنەکراو ناوبردو داوای ئازادکردنی کرد.

قسەکانی سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا کاردانەوەی لێکەوتەوە و سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری ھەدەپە لە زیندانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوایکرد لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکرێت. لای خۆشیەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ھەڕەشەی گۆڕینی سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا و ناوی یەکێتییەکەی کرد.

ھاوکات داواکاری گشتی تورکیا بە تۆمەتی پروپاگەندە بۆ پەکەکە و سوکایەتی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و گەلی تورکیا؛ دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ شەبنەم کۆرور فینجانجی کردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×