ناوەڕۆكی كۆنگرەی رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی عێراق
  2022-11-01       526       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی یاسا دەسەڵاتی گۆڕینی نرخی دۆلار لە دەست بانكی ناوەندیدایەو دەشڵێت"رێكارەكانی دۆسیەی گەڕانەوەی ئەو پارانەی باج كە براون بەردەوامن." دەشڵێت، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2023 بەڕێوەدەچێت.

ئاوێنە: محەمەد شیاعی سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمشەو سێشەممە، لەدوای كۆتاییهاتنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، دەبێت دامەزراوە ئەمنییەكان دوربخرێنەوە لە هەر بەكارهێنانێكی سیاسی و ئەو دامەزراوانە كاریان پاراستنی شكۆی دەوڵەتە.

لەبارەی گەندەڵیش وتی"پەتای گەندەڵی هەڕەشەیەی مەترسیدارە لەسەر دەوڵەت و روبەڕوبونەوەی ئەولەویەتی حكومەتەو بێدەنگ نابین لەو پارانەی براونەتە دەرەوە بۆ چەند وڵاتێك و رێكاریی یاسایی دەگرینەبەر."

جەختیشی كردەوە"رێكارەكانی دۆسیەی گەڕانەوەی ئەو پارانەی باج كە براون بەردەوامن و رۆژانە بەدواداچون بۆ دۆسیەیە دەكرێت."

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی"بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو فەرمانبەر دیوانیایانەی كە لە پاش 8ی تشرینی یەكەمی 2021 لەلایەن حكومەتی كاربەڕێكەرەوە دەركراون، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بوە كە جەختی كردۆتەوە لەسەر ئەوەی حكومەتی كاربەڕێكەر دەسەڵاتی دەركردنی فەرمانی دامەزراندن و رێككەوتنی نییەو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیش دەبێت جێبەجێ بكرێن."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەكانی دامەزراندنی سەرۆكی دەزگاكان و راوێژكارەكان بەشێك نین لە حساباتی سیاسی یان دورخستنەوەی چەند لایەنێكی دیاریكراو."

لەبارەی بودجەشەوە وتی، وەزارەتەكان راسپێردراون بۆ ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2023 و ئێمە سورین لەسەر ئەوەی كە بەزوترین كات پڕۆژە یاسای بودجە پێشكەش بكەین."

سەبارەت بە نرخی دۆلاریش  ئەوەشی خستەڕو"حكومەت پابەندە بە جێبەجێكردنی یاساكان و بۆ ئەوەش بانكی ناوەندی تاكە لایەنی پەیوەندیدارە بە نرخی دۆلارەوە."

وتیشی"بڕیاری دابەزاندنی نرخی دۆلار لە پێشودا، رێكاری بۆ پشتیوانیكردنی چین و توێژە هەژارەكان لەگەڵدا نەبوە، حكومەتی ئێمە پابەندە بە دەركردنی چەند بڕیارێك بۆ پشتیوانی لە توێژە هەژارو كەمدەرامەتەكان."

لەبارەی هەڵبژاردنەكانیش وتی"هەر كاتێك پەرلەمانی عێراق خۆی هەڵوەشاندوە، حكومەت ئامادەیەی زەمینەخۆشكردنە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی هەڵبژاردن...هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2023 بەڕێوەدەچێت."

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×