جۆن بلەیکە – CNN
لە ئینگلیزيیەوە: نزار سابیر
یەکێک بوو لە سەیرترین سەربردەکانی مێژووی عەسکەري، ڕووداوێک ئەوەندە نائاسایي بوو لەپێشدا وەک ئەفسانە مامەڵەی لەگەڵدا کرا.
لە سەعات هەشت و نیوی شەوی کریسمسی ١٩١٤دا لە شەڕگە تەمگرتوو و قوڕینەکانی باکووری ئەوروپا لە جەنگە جیهانيیەکەی یەکەمدا، سەربازێکی بەریتاني ڕاپۆرتێکی نارد بۆ بارەگای سەرکردایەتي: سەربازە ئەڵمانەکان چاڵەکانی خۆیان ڕووناک کردۆتەوە و بە کۆرس گۆراني دەڵێن و بەدەم ئەوەشەوە هیوای کرسمسێکی خۆش بۆ سەربازە بەریتانيیەکان دەخوازن.
ئەفسەرە بەریتانيیەکان فەرمانیان بە سەربازەکانیان کرد بێ دەنگ بن. بەڵام تازە کار لە کار ترازا بوو. سەربازێکی بەریتاني لەلای خۆیەوە بە کۆرسێک و " The First Noel"ـەوە (- گۆرانيیەکی ئینگلیزيیە بۆ کریسمس – و.) بۆی سەندنەوە. سەربازێکی ئەڵماني بەسەر ئەو خاکە مابەینە کوشندەیەدا، کە هی هیچ لایەک نییە و بە تەلی دڕکاوی تەنراوە و هەردوو لەشکرەکە جیا دەکاتەوە، بۆ ئەوبەر هاواری کرد – "وەرنە دەرێ، هۆ سەربازە ئینگلیزەکان؛ وەرنە دەرێ بۆ لامان."
سەربازەکان لە چاڵەکانیانەوە هەڵزنانە دەرێ و لە ناوەنددا پێک گەیشتن. بگرە تەنانەت فووتبۆڵێنیکیشیان ساز کرد، کە ئەڵمانەکان ٣ بە ٢ بردیانەوە.
زۆربەی ئەو سەربازانەی لەو ئێوارە تەماويیەی ئەو کریسمسەدا لەگەڵ یەکدي تەوقەیان کرد، دەبێ مردبووبێتن ئەو کاتەی دوای چوار ساڵ جەنگەکە کۆتایيی هات. بەڵام نامەی ڕزگاربووان و فۆتۆ ڕەشوسپيیە شوختاويیەکان دەیسەلمێنن، ئەو سەربردەیە ئەفسانە نەبوو. بە مەزەندە ١٠٠ هەزار سەرباز لە هەردوو لا ڕازی نەبوون شەڕ بکەن چونکە لە ڕادە بەدەر کفت و پڕووکاو بوون و لە هێز کەوتبوون. ئاگربەستی کریسمسەکە تەنانەت تا ساڵی تازەی خایاندووە لە هەندێک شوێن.
"لە مانگی دوازدەی ١٩١٤دا ئیدي پیاوەکان لە چاڵەسەنگەرەکانیاندا بووبوونە جەنگاوەری کۆن و بایی ئەوەندە بە واقعی شەڕەکە ئاشنا بووبوون، کە گەلێک لەو ئایدیالیزمانە لەدەست بدەن لەگەڵ خۆیاندا هێنابوویاننە ناو جەنگەکەوە لە مانگی هەشتدا – ئێستا ئیدي زیاتر خواخوای ئەوەیان بوو، هەرچي زووە ئەو خوێنڕشتنە کۆتایيی بێ،" وەک هەژمارێکی ئاگربەستەکەی کریسمس لە گۆڤاری سمیسسۆنیان (Smithsonian) باسی دەکا.
ئێستا، دوای زیاتر لە سەدەیەک لەوە، زۆر بە دوور دەزانرێ سەربازە ڕووس و ئۆکرانيیەکان ئەم زستانە دیاري بەسەر یەکديدا ببارێنن. لەگەڵ ئەوەشدا چیرۆکی ئاگربەستی کریسمسەکە نموونەیەکە لە خەسڵەتێکی زۆر تایبەتی جەنگ، کە هۆشداريیەک بۆ لەشکرە گەمارۆدراوەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ڕادەنوێنێ:
بە درێژایيی مێژوو ساتەوەختانێک هەن، کە لەشکرەکان لەناکاو ئیدي لە شەڕکردن دەوەستن، ئەگەرچي لە دوژمنەکانیان کەمتر نین و بگرە بە ژمارە بەسەریشیاندا دەشکێنەوە.
چي وا لە لەشکرەکان دەکا ئیرادەی شەڕکردن لەدەست بدەن؟ چۆنیش دەکرێ ئەوە بەسەر سوپای ڕووسیادا بێ لە ئۆکرانیا؟
ئەمە ئەو پرسیارە بوو سي ئێن ئێن لە جەنگاوەرانی کۆن و مێژوونووسانی عەسکەريی کرد. لەکاتێکدا مێژوو پڕە لە لەشکری گیانلەسەردەستی وەک سوپای قەیسەريی ژاپۆن لە جەنگی دووەمی جیهانيدا، کە بە گوڕوتینێکی دڕانەوە شەڕی دەکرد، ئەگەرچي دەشیانزاني نایبەنەوە، بەڵام مێژوو هەروەها لەشکرگەلی دیکەی بۆ تۆمار کردووین، کە هەر واجبیان پڕ کردۆتەوە – واتە وازیان لە هێرشکردنە سەر دوژمن هێناوە یاخۆ هەر ئەوەندۆکەیەکیان کردووە نەکوژرێن.
هێزەکانی ڕووسیا ڕەنگە لەو هەڵدێرانە نزیک ببنەوە، وەک جێف مەککۆازلاند دەڵێ. جێف جەنگاوەرێکی کۆنی جەنگی کەنداو و پرۆفیسۆری میوانە لە بەشی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نێونەتەوەیي لە کۆلێژی دیکنسۆن لە پێنسێلڤانیا.
ئەو دەڵێ، ڕوون بۆتەوە، سوپای ڕووسیا کەم-مەشقە و کەم-تفاقە، سەربازەکانیشی لە هەندێک حاڵەتدا ئیرادەی شەڕکردنیان لەدەست داوە.
"ترس و تۆقین" لە حاڵەتی سوپادا "لە پەتای کۆڤید خێراتر بڵاو دەبنەوە"، مەککۆزلاند دەڵێ، کە هاونووسی کتێبی "“Battle Tested! Gettysburg Leadership Lessons for 21st Century Leaders."
سەرچاوەکانی ترس و تۆقین جیاوازن. بەڵام مەککۆزلاند و مێژوونووسانی دیکە دەڵێن، بە درێژایيی مێژووی جەنگ بە لای کەمەوە سێ هۆ هەن وا لە سوپاکان دەکەن ئیرادەی شەڕکردن بدۆڕێنن.
١. باوەڕیان بە دۆزەکەیان نامێنێ
مەککۆزلاند خۆی لە نزیکەوە سوپای شکاوی بینیوە ئیرادەی شەڕکردنی نەماوە.
دەڵێ، لە شەڕی کەنداودا لە ١٩٩٠ – ١٩٩١دا سەرکردایەتيی بەتالیۆنێکی کردووە و ئەوەندە زۆر سەربازی ئێراقي بینیوە خۆیان ڕادەست کردووە، یەکەکەی فریای بەدەنگەوەهاتنی دیلەکان نەکەوتووە. هەر ئەوەندەیان پێ کراوە، ئاویان بدەنێ و ڕێی پشتەوەیان پێشان بدەن.
جەنگەکە لەوەوە دەستی پێ کرد، کە سوپای ئێراق بە سەکردایەتيی سەدام حسێن دای بەسەر کوێتدا. بەڵام گەلێک لە سەربازە ئێراقيیەکان کورت و ڕەوان وایان نەدەبیني چ کوێت و چ سەرکردە دڕندەکەی ئێراق ئەوە بهێنن، پیاو خۆیی بۆیان بە کوشت بدا.
"حاڵەتێک هەبوو، سەربازە ئێراقيیەکان خۆیان تەسلیمی درۆنێک کرد، کە بەسەریانەوە دەسووڕایەوە." مەککۆزلاند دەڵێ.
نموونەیەکی نزیکتر بۆ سوپایەک ئیرادەی شەڕکردنی لەدەست دابێ، ئەوەی ئەفغانستان بوو.
هەر ئەوەندەی سوپای ئەمەریکا لە ٢٠٢١دا لە وڵاتەکە کشایەوە، ئیدي سوپای نیشتمانيی ئەفغانستان هەرەسی هێنا. لێگەڕان تاڵیبان گورج دەست بەسەر وڵاتەکەدا بگرێ، ئەگەرچي ئەمەریکا ساڵان و ملیاران دۆلاری لە مەشقپێکردنیاندا بە خەرج دابوو. ئەوە خاڵێکی نشوستی ئیدارەکەی سەرۆک بایدن بوو.
هۆی خۆبەدەستەوەدانی ئاڵۆزی سوپای ئەفغانستان دەکرێ لە پرسیارێکدا چڕ بکرێتەوە، مەککۆزلاند دەڵێ.
"ئەگەر لە سەربازێکی تاڵیبانت بپرسیبا، 'ئەرێ بۆ خاتری خوا ئێوە لە پێناوی چيدا شەڕ دەکەن؟' پێی دەگوتیت، من شەڕ بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەم دەکەم لە خاچپەرستەکان، هەر وەک چۆن باپیرم وڵاتەکەی لە دەست سۆڤێت ڕزگار کرد و باپیری باپیرم لە دەست بەریتانیا ڕزگاری کرد. ئەمجا من شەڕ بۆ دینەکەم، بۆ وڵاتەکەم و بۆ نیشتمانەکەم دەکەم،"، مەککۆزلاند دەڵێ.
ئەدي ئەگەر هەمان پرسیار لە سەربازێکی سوپای ئەفغانستان بکرابایە؟
"دەیگوت، من شەڕ بۆ پسووڵەی مووچەکەم دەکەم – ئەمە ئەگەر فەرماندەی کۆمپانیاکە نەیدزێ."
تاڵیبان باوەڕیان بە دۆزەکەیان هەبوو؛ سوپای ئەفغانستان نەیبوو، مەککۆزلاند دەڵێ.
٢. باوەڕیان بە سەرکردەکانیان نامێنێ
هەموو جەنگێک وێنەگەلێکی هەن پێناسەی دەکەن. جەنگی ئۆکرانیا هەر لە ئێستەوە هەندێک وێنەی لەبیرنەکراوی دەرپەڕاندووە، کە جیاوازيی ئاسمان و ڕێسمانی شێوازی سەرکردایەتیکردنی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پووتین و هاوپۆستە ئۆکرانيیەکەی، ڤۆلۆدیمیر زێلنسکي پێشان دەدەن.
دوایین وێنەکانی پوتین وەک هەمیشە بە قاتێکی پۆشتە و پەرداخەوە دەریدەخەن بە تەنیا لەلای سەرووی مێزێکی بێ مانا درێژی کۆبوونەوەوە لە ژوورێکی دامیکرۆبێنراودا دانیشتووە و ژەنەراڵ و کاربەدەستەکانیش، کە لەوێن، دوور لەوسەری مێزەکەوە گرمۆڵە بوون. هەر بۆ ئەوە باشە لەژێر وێنەکەدا بنووسیت: "دیکتاتۆرێکی پارانۆید و دابڕاو لە کارڕاپەڕاندندا."
ئەو وێنانەی پوتین بەروارد بکە بەوانەی زێلێنسکي. لە یەکێکیاندا دەیبینیت لێبڕاوانە لەگەڵ دەستەی ڕاوێژکارەکانیدا بە شەو لە کیڤ وەستاوە، دوای ئەوەی سوێندی خواردووە شارەکە جێنەهێڵێ، ئەگەرچي خۆی و خێزانی لە خەتەردا بوون. لە هەندێ وێنەی دیکەدا دەیبینیت لە بەرگێکی یەکپۆشدا زیت و ڕیشهاتوو لە بەرەکانی شەڕ باوەش لەگەڵ سەربازاندا دەگۆڕێتەوە.
مەککۆزلاند، کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیيیشە بۆ ڕادیۆ و تەلەفیزۆنی CBS، دەڵێ وێنەکان وانەن بۆ سەرکردایەتي.
مەککۆزلاند، کە لەڕێی کۆمپانیاکەیەوە، Diamond6، وێرکشۆپ لەسەر سەرکردایەتي پێشکەش دەکا بۆ کۆمپانیاکان و ئینستوتە قازانج-نەویستە حکووميیەکان، دەڵێ: "هەر تەماشایەکی دوو وێنەکە بکە بەو چاوەوە کە حەز دەکەیت بۆ کامیان کار بکەیت! من بە لامەوە گرنگ نییە، لە کەرتی عەسکەريدا بیت یان بۆ کۆمپانیایەک کار بکەیت؛ جوابەکە یەکسەر ڕوونە."
سوپاکان، کاتێک باوەڕیان بە سەرکردەکانیان نامێنێ، ئیرادەی شەڕکردنیشیان نامێنێ، مەککۆزلاند و خەڵکی دیکەش دەڵێن.
دەڵێن، سەربازان چاوەڕێی ئەوە ناکەن، ژەنەراڵەکان و سەرکردەکانی دیکە بێن لایانەوە لە سەنگەرەکاندا لەسەر ئەژنۆ دامەزرێن. بەڵام دەیانەوێ بزانن داخۆ سەرکردەکانیان دەربەستیان دێن و ڕێز لە فیداکاريیەکانیان دەگرن.
ئەگەر دەتەوێ بزانیت چۆن سەرکردەیەک دەتوانێ وا لە سوپایەک بکا ئامادەی پشوودرێژيیەک بێ لەسەروو وزەی ئینسانەوە بێ، گوێ لەم چیرۆکە بەناوبانگەی یەکێک لە مەزنترین فەرماندەکانی مێژوو بگرە: ئەسکەندەری گەورە.
کاتێک ئەسکەندەر بەدوای دوژمنێکەوە لەشکرە وشکهەڵگەڕاوەکەی بە بیابانێکی بێڕەحمدا دەبرد، هەواڵگر بە بەشی جامێک ئاوەوە هاتنەوە کردبوویانە ناو کڵاواسنێکەوە. بە بەرچاوی لەشکرەکەیەوە کڵاواسنەکەیان دایە دەستی. ئەسکەندەر سپاسی سەربازەکانی کرد و ئەمجا جوان لەبەرچاوی لەشکرەکەی ئاوەکەی ڕشتە سەر زەوي. ڕایگەیاند، ئاو ناچێتە سەر زاری هەتا هەموو پیاوەکانی هەمان شتیان بەرنەکەوێ. لەشکر شایيی تێ گەڕا.
ئەسکەندەری گەورە هەرگیز هیچ شەڕێکی نەدۆڕاند.
"تەئسیری ئەو کردەوەیە ئەوەندە لەعادەتبەدەر بوو، بە جۆرێک ئەو ئاوەی ئەسکەندەر ڕشتی وەک ئەوە وابوو کردبێتی بە دەمی هەموو لەشکرەکەیەوە،" مێژوونووسێک دواتر نووسیبووی.
٣. پشتیوانيی وڵاتەکەیان لە دەست دەدەن
گوێمان لە گوتارنووسەکان دەبێ هۆشداري دەدەن لەسەر مەترسيی جەمسەرگیريی بێحەد، لەسەر هێزی گەندەڵکەرانەی "پارەی تاریک"، کە ڕێکنەخراوە و لە دنیای مەجازيدا شوێنپێی هەڵناگیرێ، لەسەر داڕووخانی نۆرمە مەدەنيیەکان.
ئەوەی زۆریان باسی ناکەن ئەوەیە، ئەم برەوە باوانە دەکرێ ببنە پرسی ئاسایشی نەتەوەیي لە کاتی جەنگدا. بە سادەیي بیڵێین، سوپا دەکرێ دەست هەڵگرێ ئەگەر وڵاتەکەی لەوە گەندەڵتر یان دابەشبووتر بێ کە پشتیوانيی بکا.
نموونەیەکی کلاسیک هەرەسهێنانە سەرانسەريیەکەی سوپای ڤێتنامی باشوورە لە بەهاری ١٩٧٥دا. سوپای وڵاتە یەکگرتووەکان دەیان ساڵ بوو براگەورە و کۆمەکبەخش بوو ئەو کاتەی هەردوو وڵاتەکە دژ بە ڤیت کۆنگ و سوپای ڤێتنامی باکوور دەجەنگان.
بەڵام حکوومەتی ڤێتنامی باشوور گەندەڵي دایبێژابوو. سەرکردەکانی و چواردەورەکانیان یارمەتيیە دارایيیەکانیان هەڵدەلووشي بۆ ئەوەی خۆیان دەوڵەمەند بکەن؛ قەتیش پشتیوانيیەکی جەماوەريیان لەناو ئەو بەشەخەڵکەدا پێ پێکەوە نەنرا، کە بەحساب خزمەتیان دەکردن.
دوای ئەوەی سوپای ئەمەریکا هێزە شەڕکەرەکانی لە ١٩٧٣دا کشاندەوە، سوپای ڤێتنامی باکوور لەپاش دوو ساڵ هێرشی کۆتایيی خۆی بۆسەر سایگۆن بەرپا کرد. سوپای ڤێتنامی باشوور شەڕی نەکرد. فۆتۆی هەواڵەکانی سەر بەو سەردەمە پێشانی دەدەن، کە چۆن کەلوپەلەکانی سوپا لەسەر جادەکاندا کەوتوون دوای ئەوەی سەربازەکان یەکەکانیان جێهێشتووە و کەوتوونەتە خۆشاردنەوە لەناو دانیشتووانە مەدەنيیەکەدا، هەروەک دێرەک فریسپيی مێژوونووسی سەر بە زانکۆی ویلایەتی تێنسيی ناوڕاست باسی دەکا.
"هەر ئەوەندەی وا دەرکەوت باکوور دەست بەسەر باشووردا دەگرێ، ئیدي شتێک نەبوو سوپای ڤێتنامی باشوور لە دەستی بێ بیکا،" فریسپي دەڵێ. هەر کە ئەمەریکا ڕۆیشت، [دۆڕانی ڤێتنامی باشوور] لەوە نەدەچوو کارێک بێ هی ڕێلێگرتن بێ."
جەنگەکان تەنیا بە سەربازان ناجەنگێنرێن، بەڵکو بە وڵات و خەڵکەکەی و دامودەزگاکانی. جەنگەکان ئەوەن کە مێژوونووس مایکڵ بەتڵەر پێیان دەڵێ "خەباتی کۆمەڵایەتي."
ئیرادەی سەربازێک بۆ شەڕکردن چەند گرنگە، ساغيی دامودەزگاکانی وڵاتیش- واتە حکوومەتکەی و سوپاکەی و میدیاکانی- ئەوەندە گرنگە، بەتڵەر دەڵێ، کە نووسەری کتێبی (“Selling a ‘Just’ War: Framing Legitimacy and U.S. Military Intervention.”)ـە.
بەتڵەر ئاماژە بە "On War –لەسەر جەنگ" دەدا، کە کتێبێکی پیشەنگی بواری عەسکەريیە و ستراتیژیوانی عەسکەريی پڕووسيی سەدەی نۆزدەیەم کارل فۆن کلاوسەڤیتتس دایناوە، دەنووسێ، "هێزی دڵگەرمي" هەروەک سوپا و حکوومەت گرنگە بۆ شاندانەبەر جەنگێکی سەرکەوتوو.
بەتڵەر دەڵێ، ئەگەر حکوومەت گەندەڵ بێ و متمانەی گەلی لە دەست دابێ، سوپاکەی ئیرادەی شەڕکردنی نامێنێ. دەڵێ، لەوە دەچێ ئەمە ئەوە بێ لە ڕووسیا ڕوو دەدا، کە کۆمەڵگەکەی دەمێکە تووشی " societal malaise"، واتە دەستلێشتنی کۆمەڵگەیي، هاتووە.
هاووڵاتيیەکانی دێوەزمەی لەبەریەکهەڵوەشانی یەکێتيی سۆڤێت، تەنینەوەی گەندەڵي، دەربەستنەهاتنی سیاسي، و لەناوبردنی میدیای سەربەخۆ و دەنگی ناکۆکیان ئەزموون کردووە، بەتڵەر دەڵێ. دەربەستنەهاتنی سیاسي گەورە بووە.
دەڵێ، ئەو دەستلێشتنە کۆمەڵگەیيیەی کە ڕووسیای مەدەنيی داگرتووە، دەکرێ بپەڕێتەوە بۆ سوپاکەیشی. ئەوەشی دەخاتە سەر، کە نیشانەکانی هەر لە ئێستەوە لەو هەزاران پیاوەدا دەرکەوتوون، کە لە ڕووسیا لەدەست بەعەسکەرگیران هەڵدێن.
"ئەوە بەڵگەیەکی قسەپێنەهێڵە، کە هێزی دڵگەرمي لە ڕاستيدا کاریگەرانە کێش نەکراوەتە ناو جەنگەکەوە.،" بەتڵەر دەڵێ، کە خۆی پرۆفیسۆری زانستی سیاسيیە لە زانکۆی کلارک لە ماساشوسێتس. "جێی سەرسوڕمان نییە ڕەنگدانەوەی ئەوە لە شەڕگەکاندا بەسەر ئەو سەربازانەوە ببینیت، کە جێ چۆڵ دەکەن یان دەکشێنەوە."
بازی هێزی دڵگەرمي ئێستا، سەرەڕای هەموو شتێک، پێدەچێ لەسەر شانی ئۆکرانیا نیشتبێتەوە. پیاوان و ژنانی سوپاکەی (سەربازانی ژن لە یەکە شەڕکەرەکاندا خزمەت دەکەن لە سوپای ئۆکرانيدا) دەزانن بۆ چي شەڕ دەکەن.
" پێدەچێ ئۆکرانيیەکان هێزێک پاڵیان پێوە بنێ، کە گەورەترین هێزێکە سەربازێک هان بدا بۆ شەڕکردن – ئەویش بەرگریکردن لە وڵات و خێزان و ماڵەکانیان،" مەککۆزلاند دەڵێ.
-پرسیارە گەورەکە بۆ هێزەکانی ڕووسیا ئەم زستانە
سوپای ئەمەریکا نیو سەدە لەمەوبەر تووشی قەیرانێکی ئەخلاقي هات لە ڤێتنام.
لەماوەی جەنگەکەی ڤێتنامدا هەرگیز سەربازە ئەمەریکيیەکان خۆیان تەسلیم نەکرد. هەرگیز هیچ شەڕێکی گەورەیان لەو جەنگەدا نەدۆڕاند. هێرشەکەی تێت لەساڵی ١٩٦٨دا، کە هەڵمەتێکی شکستخواردووی سوپای ڤێتنامی باکوور و ڤیت کۆنگ بوو، سەرکەوتنێکی عەسکەريی گەورە بوو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان.
دە ئەمجا کەچي دۆڕانێکی سیاسيی کەمەرشکێن بوو. ڕای گشتيی ئەمەریکا دژ بە جەنگەکە هەڵگەڕایەوە. پرۆتێستە دژەجەنگەکان وڵاتەکەی هەژاند. ڕای گشتيی ئەمەریکا تووڕە بوو، کاتێک بۆیان دەرکەوت سەرکردە سیاسي و عەسکەريیەکانی وڵاتەکەیان درۆیان لەگەڵ کردوون سەبارەت بە مەبەست و سەرکەوتنی جەنگەکە.
گەلێک سەربازی شەڕکەری ئەمەریکي سووک و سادە ئیرادەی شەڕکردنیان نەما. کشانەوە بەپەلەپڕوزکێیەکەی ئەمریکا یەکێک بوو لە بڕگە هەرە زەلیلکەرەکان لە مێژووی ئێمەدا.
بەستێنی سیاسيی جەنگەکەی ئەمریکا لە ڤێتنام جیاواز بوو لەم جەنگەی ئێستا لە ئۆکرانیا. لە ڕووسیا ناڕەزایەتيیەکان سەرکوت کراون و میدیاکانیش بە شێوەیەکی بەرفراوان بێڕەخنە بوون بەرانبەر هەڵسوکەوتی پووتین.
بەڵام لە بەرەکانی شەڕ گەلێک لە سەربازە ڕووسەکان ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە، کە هەندێک سەربازی ئەمەریکيیش لە ڤێتنام بۆیان دەرکەوتبوو – ئەوەی کە لەپێناوی درۆیەکدا شەڕ دەکەن.
هەروەک جۆن کێري، جەنگاوەرێکی کۆن و سیناتۆرێکی داهاتوو کە دژ بە جەنگەکە وەستایەوە، لە گوێلێگرتنێکی کۆنگرێسانەی ساڵی ١٩٧١دا کورتی کردەوە:
"چۆن داوا لە یەکێک دەکەیت ببێ بە دوایەمین کەس بمرێ لەپێناوی هەڵەیەکدا؟"
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ڕەنگە سەربازەکانی ڕووسیا دابگرێ ئەم زستانە لە ئۆکرانیا. ئەگەر پووتین جوابێکی پێ نەبێ بۆیان هەست بکەن ئەو زەحمەتەی دەیکێشن دەیهێنێ، ئەوا ئەو کۆچە بەلێشاوەی پیاوەکان کردیان بۆ هەڵهاتن لە ڕووسیا دوای ڕاگەیاندنی نەفیرە گشتيیەکە لەوانەیە بپەڕێتەوە بۆ بەرەکانی شەڕیش.
ئەمجا لە شەوێکی شەختەبەندی زستاندا، ئەو کاتەی تاکە دەنگێکی بیستراو ڕەنگە هی گۆرانيی کریسمس نەبێ، بەڵکو دەنگی ئەو پیاوانە بێ کە لە بەرەی شەڕدا دەمرن، سەربازە ڕووسەکان لەوانەیە لە یەکدي بپرسن:
چۆن داوا لە یەکێک دەکەیت ببێ بە دوا کەس بمرێ لەپێناو هەڵەیەکدا؟
لینکی بابەتەکە لەسەر ماڵپەڕی CNN:
https://edition.cnn.com/.../russian-army.../index.html