ئەمریکا هەوڵی دەرکردنی ئێران لە باڵاترین ئاژانسی ژنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات
  2022-11-03       319       

ئه‌مریکا هەوڵدەدات ئێران لە باڵاترین ئاژانسی مافەکانی ژنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکات، لە کاتێکدا کە تۆمەتباری دەکات بە پێشێلکردنی مافی کچان و ژنان و سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی کە لە 16ی ئەیلوولەوە لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەریانهەڵدا. 

ئاوێنه‌: کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە نیازە لەگەڵ وڵاتانی دیکە کار بکات بۆ ئەوەی ئەندامێتیی ئێران لە (کۆمیسیۆنی رەوشی ژنان) هەڵبوەشێنێتەوە، گوتیشی هەر وڵاتێک مافەکانی ژنان پێشێل بکات، پێویستە هەرگیز "رۆڵی لە هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی یان نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە پاراستنی ئەو مافانەدا نەبێت."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئێران "شیاوی ئەوە نییە" لە کۆمیسیۆنەکەدا بمێنێتەوە، بەڵکو ئەندامێتیی ئێران، "متمانە بە پاکوبێگەردیی کۆمیسیۆنەکە لاواز دەکات".

لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی چوارشەممە لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئێران بەڕێوەچوو، لیندا تۆماس گرینفێڵد، باڵیۆزی هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی، ئەندامێتیی ئێران "پەڵەیەکی رەشە بەسەر پاکوبێگەردیی کۆمیسیۆنەکەدا" و "بە بڕوای ئێمە نابێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە."

کۆمیسیۆنی رەوشی ژنان، کە لە 1946 دامەزراوە، رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە داکۆکیکردن لە مافی ژنان، بەدۆکیومێنتکردنی دۆخی ژنانی سەرانسەری جیهاندا و دانانی ستانداردی جیهانی بۆ بەهێزکردنی ژنان و بەدیهێنانی یەکسانیی جێندەری. 

کۆمیسیۆنەکە 45 ئەندامی هەیە. ئەندامەکان لەلایەن ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن. ئێران ئەمساڵ وەکو وڵاتێکی کیشوەری ئاسیا هەڵبژێردرابوو و خولەکەی لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت. 

تۆماس گرینفێڵد گوتی، "لە کاتێکدا کە چەوساندنەوەی سیستەماتیکی ژنان لە لایەن ئێرانەوە شتێکی نوێ نییە، بەهۆی ئازایەتیی خەڵکی ئێران، پێشێلکارییەکانی رژێم هێنراونەتە پێشەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×