ئێران پشتڕاستیدەكاتەوە كە درۆنی بە روسیا داوە
  2022-11-05       416       

وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستیكردوە كە وڵاتەكەی درۆنی بە روسیا داوە، بەڵام ئەو درۆنانەی چەند مانگێك بەر لە شەڕی ئۆكرانیا بەو وڵاتە داوە.

ئاوێنە: حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، ئەو زانیارییانە هەڵەن كە گوایە ئێمە موشەكمان بە روسیا دابێت، بەڵام درۆنمان پێداون.

وتیشی، بەرلە جەنگی ئۆكرانیا ئێمە ژمارەیەكی سنوردار درۆنمان بە روسیا داون.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا رێككەوتوین هەر جۆرە بەڵگەیەكیان هەیە لەبارەی ئەوەی كە روسیا درۆنی ئێرانی لە ئۆكرانیا بەكارهێناوە، بیخەنە بەردەستمان.

جەختیشی كردەوە، ئەگەر بۆمان سەلما كە روسیا درۆنی ئێرانی لە جەنگی ئۆكرانیادا بەكارهێناوە، ئەوا لەوبارەیەوە بێدەنگ نابین و هەڵوێستی ئێمە لەبارەی جەنگی ئۆكرانیا بریتییە لە راگرتنی جەنگ و گەڕانەوەی هەردولا بۆ سەر مێزی دانوستان.

وەزیری دەرەوەی ئێران نەیوتوە، هەڵوێستی وڵاتەكەی بەدیاریكراوی چی دەبێت، ئەگەر سەلما كە درۆنەكانی لە جەنگی ئۆكرانیادا لەلایەن روسیاوە بەكارهێنراون.

نزیكەی دو هەفتەی لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیكردبوەوە وڵاتەكەی بۆ جەنگی ئۆكرانیا هیچ جۆرە چەكێكی بە روسیا دابێت.

ئەوەش لەكاتێكدا بەشێك لە وڵاتانی رۆژئاوا، لە چەند مانگێك لەمەوبەرەوە جەخت دەكەنەوە كە ئێران درۆن و چەكی بە روسیا داوە بۆ ئەوەی لە جەنگی دژبە ئۆكرانیا بەكارییان بهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×