سودانی لەبارەی بردنی 2.5 ملیار دۆلارەکە بڕیارێک دەردەکات
  2022-11-06       756       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە دەستەی نەزاهە بگوازرێتەوە بۆ دەرەوەی دەستەکە و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، ئەویش بەهۆی کەمتەرخەمی ناوبراو لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە پاراستنی پارەی گورمرگ و بردنی 2.5 ملیار دۆلار کە بە "دزی سەدە" ناسراوە.

ئاوێنە:  راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران بڕیاریداوە بە دورخستنەوەی بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە دەستەی نەزاهە و گواستنەوەی بۆ کارکردن لە دەرەوەی دەستەکە، بڕیارەکەش دوای راسپاردەکانی لیژنەی تایبەت بە بردنی 2.5 ملیار دۆلارەکە دەرچوە.

ئەوەش هاتوە، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە دەستەی نەزاهە کەمتەرخەم بوە لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆسیەی پاراستنی پارەی گورمرگ، بۆیە ئەو بەرپرسە رەوانەی لێکۆڵینەوە دەکرێت و رێکاری یاسایی دژی دەگیرێتەبەر.

18ی مانگی رابردو ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق ئاشکرایکرد، دادگاى لێکۆڵینەوەى دوەمى کەرخ لە بەغدا بڕیاریداوە ژمارەیەک بەرپرسى دەستەى گشتیى باجى گشتیى عێراق راپێچى دادگا بکات بەمەبەستى لێکۆڵینەوە لەبارەى دۆسیەى بردنى 2.5 ملیار دۆلارى پارەى ئەو دەستەیە کە دراوەتە پێنج کۆمپانیا بەبێ ئەوەى شایستەى وەرگرتنى بن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×