"بودجه‌ی ساڵی داهاتوی‌ عێراق ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 130 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی"
  2022-11-12       344       


ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ بودجه‌ی ساڵی داهاتوی‌ عێراق ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 130 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی، به‌وه‌ش بودجه‌ی 2023 گه‌وره‌ترین بودجه‌ ده‌بێت له‌مێژوی عێراقدا.

ئاوێنه‌: جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ تۆڕی "ناشناڵ نیوز"ی ئه‌مریكی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ رایگه‌یاندوه‌، "بودجه‌ی ساڵی داهاتو ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 130 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی، به‌های یه‌ده‌گی داراییش 90 ملیار دۆلار تێده‌په‌ڕێت، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ كه‌ حكومه‌ت له‌م مانگه‌دا ڕه‌شنوسی بودجه‌ بنێرێت بۆ په‌رله‌مانی عێراق به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی عێراق هۆشداریشده‌دات له‌وه‌ی، "كاریگه‌رییه‌كانی په‌كخستنی بودجه‌ی گشتی كاریگه‌ری له‌سه‌ر توانای وڵات ده‌بێت بۆ دابینكردنی دارایی خه‌رجییه‌كان بۆ ساڵی داهاتو" و ده‌شڵێت، "بودجه‌ی 2023 گه‌وره‌ترین بودجه‌ ده‌بێت له‌مێژوی عێراقدا كه‌ تا ئێستا به‌هۆی به‌رزی نرخی نه‌وته‌وه‌ هاوشێوه‌ی به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌".

پێشتر عەلا حەیدەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق راگەیاندبو، پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە بەدرێژكردنەوەی ئەم وەرزەی خۆی ئەوەش لەپێناو پەسەندكردنی یاسا گرنگەكان لەوانەش یاسای بودجە.

وتیشی‌، "حكومەت لەبەردەم ئاڵنگارییەكی گەورەدایەو دروشمەكەی سەركەوتنە، بۆ ئەمەش پێویست بە یاسا گرنگەكانە كە گرنگترینیان پەسەندكردنی بودجەیە تا ئاسانكاری بكرێت بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژە پەككەوتوەكان."

ئەو پەرلەمانتارە جەختیشی كردۆتەوە كە "یەكلاكردنەوەی پرسی یاسای بودجە لەم مانگە تێپەڕ نابێت" و "پەرلەمانتاران لەسەرجەم فراكسیۆنەكان پێداگرن لەسەر تەواوكردنی ئەو پرسە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×