"ئاستی هەناردە لەئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان %20 دابەزیوە"
  2022-11-13       404       

سەرۆکی گشتی یه‌كێتی‌ هاوردەو هەناردەی هەرێمی کورستان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە لەگەڵ ئێران، بەڵام ئاستەکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

ئاوێنه‌: شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی گشتی هاوردە و هەناردەی هەرێمی کوردستان به‌دەنگی ئەمریکای‌ وتووه‌، لەگەڵ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە لەگەڵ ئێران، بەڵام ئاستەکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ئەگەر لەچوار مانگی ڕابردودا ڕۆژانە 700 بار هاتبێتە نێو هەرێمەوە ئێستا ڕۆژ هەیە 200 بار دێت.

وتیشی، "لەم کاتەدا ئێمە دەبینین کە گرژی و ئاڵۆزیەک هەیە، جیاوازیەکی زۆر هەیە لەوەی کە 4 مانگ لەمەو پێش هاوردەکردنی کاڵا لەئێرانەوە لەگەڵ ئێستادا، ئەگەر ئێمە تێبینی بکەین ڕۆژانە زیاتر لە 700 بار لەباشماخەوە دەهات بەڵام ئێستا 200 بار دێت، واتە کاریگەری کردۆتە سەری، هەرچەندە بازرگانی بەردەوامە لەنێوانمان، ئێمە دەروازە فەرمیەکانمان وەک باشماخ، حاجی ئۆمەران، پەروێزخان و سەیران بەن، ڕۆژانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەکرێت، بەڵام بەجۆرێک کە وەکو جاران نیە ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی لەوێ هەیە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، بارزگانیەکە کەم بۆتەوە، بازرگانەکان گرێبەستەکانیان بەردەوامە لەگەڵ کۆمپانیاکان بەڵام وەک جاران کاڵاکانیان بۆ ناگەیەندرێتە ئێرە".

ئەو باس لەجۆرە کاڵایانەش دەکات کە ئاستی هەناردەیان کەمیکردووە "جۆری ئەو کەلوپەلانەی ئاستی هەناردەیان کەمی کردووە، خواردن ناگرێتەوەو کەلوپەلەکانی وەک پێداویستی بیناسازی، پێداویستی ناوماڵ، پێداویستی کارەبایی، جل و بەرگن".

له‌باره‌ی‌ گرانبونی‌ نرحه‌وه‌، شێخ مستەفا پێیوایە كه‌ لەئێستادا کاریگەری نەکردۆتە سەر گرانبونی نرخ لەهەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا تەنها بەشی 6 مانگ پێداویستی و خواردن هەیە، بۆیە دەبێت حکومەت بەدیلی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×