برێت مکگۆرک باس لەهێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای‌ كوردستان دەکات
  2022-11-20       1243       


برێت مکگۆرک، ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باکوری‌ ئەفریقا باس لەهێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای‌ كوردستان دەکات‌و بارودۆخی‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌ "سەخت" وه‌سف ده‌كات. هاوكات داوا ده‌كات واز لەناسەقامگیرکردنی باکوری سوریا بێنن.

ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ی‌ هه‌واڵی‌ کەناڵی ئەلحوڕە، برێت مکگۆرک باسی‌ له‌دڵگرانی واشنت كردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر دۆخی ئاسایشی سنوری نێوان تورکیاو سوریاو هێرشه‌كانی‌ توركیا دژی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات‌و دۆخی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌  به‌ "سەخت" وه‌سفكردوه‌.

بڕێت مکگۆرک داواشیکردووە کۆتایی بەناسەقامگیری لەباکوری سوریا بهێندرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، وەزارەتی بەرگری تورکیا هێرشێکی ئاسمانی بەرفراوانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باشورو رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا.

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانییان به‌ناوی‌ "چنگ-شمشێر" بۆسەر په‌كه‌كه‌و یه‌په‌گه‌ لەباکوری عێراق‌و سوریا ئه‌نجامداوه‌و تیایدا 89 بنکەو بارەگای ئه‌و دو هێزه‌یان کردووەتە ئامانج.

هاوكات هێزەکانی سوریای دیموکرات -هەسەدە- ئاماری زیانە گیانییەکانی بۆردومانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی تورکیای بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوەو ڕایگه‌یاند، لەئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکەی تورکیا 14 هاوڵاتی‌و شەڕڤان شه‌هیدبون‌و شەش هاوڵاتی سڤیلیش برینداربون.

هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەشداوە، 15 سەربازی سوپای سوریا بەهۆی بۆردومانی تورکیا کوژراون.

هەسەدە راشیگەیاندووە، لەکات‌و شوێنی گونجاودا وەڵامیان بۆ هێرشەکانی تورکیا دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×