باڵیۆزی ئێران لە بەغدا: وڵاتەكەمان هێرشی زەمینی بۆ ناو خاكی هەرێم ئەنجام نادات
  2022-11-22       424       

باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایگەیاند، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان نایانەوێت حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێم دەربكەن و دەشڵێت، داوامان لە حكومەتی عێراقی كردوە ئەو حزبانە چەك بكرێن و حكومەتی عێراقیش رازی بوە لەسەر داواكارییەكەمان. جەختیش دەكاتەوە كە وڵاتەكەی هێرشی زەمینی ناكاتە سەر بارەگاكانی ئەو حزبانە لە هەرێم.

ئاوێنە: محەمەد كازم ئالسادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئاژانسی رەسمی وڵاتەكەی وتوە، بەرپرسانی هەرێم دەتوانن حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێم دەربكەن بەڵام نایانەوێت ئەو كارە بكەن.

ئاماژەی بەوەشداوە كە پرسی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی لەلایەن سوپای وڵاتەكەیەوە بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەنێو خاكی هەرێم لەئارادا نییە.

هەروەها وتوشیەتی، داوامان لە لایەنی عێراقی كردوە سنورەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بپارێزرێن.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هەروەها داوامان لە حكومەتی عێراقی كردوە وادەیەك دیاری بكەن بۆ چەككردنی حزبە كوردییەكان لە هەرێم و بیانگەڕێننەوە كەمپەكانی ئاوارەكان و حكومەتی عێراقیش رەزامەندی داوا لەسەر ئەو داواكارییەمان، بەڵام داوای پێدانی ماوەیەكیان كردوە بۆ ئەنجامدانی چەكداماڵین لە حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×