لەبهردهوامیی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، حەوت ڕێکخراوی مرۆیی بەهۆی تۆپبارانی فڕۆکەکانی تورکیاوه بۆ سەر کەمپی هۆلو زیادبونی توندوتیژی لەلایەن ژنانی ئەو خێزانانەی داعش کە لەکەمپەکەدان کارەکانیان ڕاگرت.
ئاوێنه: بەگوێرەی زانیارییەکانی دهنگی ئهمریكا، بەهۆی نەبونی ژینگەیەکی سەلامەتی کارکردن، هەروەها بەهۆی هێرشهكانی سوپای تورکیا، حەوت ڕێکخراوی مرۆیی کارەکانیان ڕاگرتووە.
ئەڤین شێخموس، بەرپرسی هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاندووه، کارە مرۆییەکان لەناو کەمپەکەدا زۆر قورس بون. دهشڵێت، "ڕێکخراوە مرۆییەکان لەکەمپی هۆڵ، مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە ببنە ئامانجی هێرشەکانی تورکیا، یان خێزانەکانی داعش لەناو کەمپەکەدا سود لەو پشێویە وەربگرن و هێرش بکەنە سەر کارمەندەکانیان."
شەوی 23ی ئەم مانگە، فڕۆکەکانی تورکیا کەمپی هۆلیان لەڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە بۆردومان کرد، لەئەنجامدا 8 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات -هەسەدە، فڕۆکەکانی تورکیا سێ جار تۆپبارانی کەمپی هۆڵیان کردووە، کە دەیان هەزار خێزانی چەکدارانی داعش تێیدا نیشتەجێن.
هەروەها شەوی هەینی هەسەده ڕایگەیاند، ژمارەیەک مێردمنداڵی داعش لهتەمەکانی 14 بۆ 16 ساڵان بهچەکی سوک هێرشیانکردووەتە سەر هێزه ئەمنییەکانی کەمپەکه، هاوکات ژمارەیەک ژن و منداڵ هەوڵی ههڵاتنیانداوهو ڕێگرییان لێ کراوه.
کەمپی هۆل تایبەتە بەخێزان و کەسوکاری چەکدارەکانی داعش، بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 71 ههزار كهسی سهر بهداعشی تێدایهو نیوەی دانیشتووانی کەمپە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترەو زۆربەیان عێراقین، ئەو کەمپە بە مەترسی بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش لەقەڵەم دەدرێت چەند جارێکیش پشێوی لێکەوتووەتەوە، بۆیە بەفەرمی داوا لەوڵاتان کراوە هاوڵاتیانیان لەو کەمپە ببەنەوە وڵاتەکانیان.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، تائێستا 925 خێزانی چەکدارانی داعش لەکەمپی هۆلەوە گواستراونەتەوە عێراق.
کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشوری شارۆچکەی هۆل لەپارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەرو هێزەکانی سوریای دیموکرات -هەسەدە.