هێزەکانی عێراق سنورەکانی ئێران‌و تورکیا کۆنتڕۆڵ دەکەن
  2022-11-26       1587       
پێشمەرگەکانی دیموکرات

ئا: ئاوێنە

 

دوای کۆبوونەوەیەکی ئەمنی، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڕیاریدا پلانێک بۆ دوبارە جێگیرکردنەوەی پاسەوانی سنووری عێراق بەدرێژایی سنوری هێڵی سفر لەگەڵ ئێران‌و تورکیا دروستبکات، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت "دەسەڵاتدارانی عێراق پابەندبوون بەچەکداماڵینی هێزە کوردییەکان".

 

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس دوابەدوای دوبارە بۆردومانەکانی ئێران‌و تورکیا بۆ سەر گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان لەهەرێمی کوردستان، دەسەڵاتدارانی بەغدا رایانگەیاندوە بەنیازن هێزەکانی پاسەوانی فیدراڵی بەدرێژایی سنوورەکانیان لەگەڵ ئێران و تورکیا جێگیر بکەن.

 

پێدەچێت ئەم ڕاگەیاندنە وەڵامێک بێت بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە بە ئاشکرا خوازیاری کارێکی لەو شێوەیە بوون.

 

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردوەو هەڵوێستی ئێرانی سەبارەت بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی بنکەی لایەنە کوردییەکان لەهەرێمی کوردستان رون کردوەتەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە لەگەڵ سەرهەڵدانی شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ، لایەنە کوردییەکان رایانگەیاندوە کە خۆیان لەهەر ململانێیەکی چەکداری لەگەڵ هێزە چەکدارو ئەمنییەکانی ئێران بەدوور دەگرن.

 

لە بەیاننامەیەکدا کە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەسەرپەرشتی محەمەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوەکرا دەسەڵات بڕیاریداوە "پلانێک بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی پاسەوانی سنووری عێراق بەدرێژایی سنووری هێڵی سفر دروستبکرێت لەگەڵ ئێران‌و تورکیا".

 

ئەم بەیاننامەیە بە ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەم دەستپێشخەرییە بەئاگاداری‌و رەزامەندی‌و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێت".

 

سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق گەڵ ئێران‌و تورکیا لەئێستادا لەلایەن پێشمەرگەوە پاسەوانی دەکرێن.

 

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، زلهێزە دەرەکییەکان و گرووپە کوردییەکان بە هۆکاری هاندانی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان دەزانن کە بە هۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردە تەمەن ٢٢ ساڵانەوە دوای دەستبەسەرکردنی لەتاران گیانی لەدەست دا.

 

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هاوکات هۆشداری دا کە تاران لەدژی "هەڕەشەکان" لەدەرەوەی سنورەکانیەوە درێژە بەچالاکییەکانی خۆی دەدات.

 

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بە ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆو دەرەوە راگەیاند "کاتێک هێزە چەکدارەکانی عێراق لەسەر سنوری هاوبەشی نێوان ئێران‌و هەرێم جێگیر ببن‌و ئاسایشی ئەو سنورانە گەرەنتی بکەن، پێویست ناکات ئێمە چالاکی بکەین بۆ بەرگریکردن لەیەکپارچەیی خاکەکەمان".

 

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران پاگەندەی ئەوەی کرد که "چه کی ئیسرائیلی‌و ئەمریکا هینراوەتە ناو وڵاتەکەیەوە لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە".

 

عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوەشکرد، لەگفتوگۆیدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە هێزە کوردییەکانی ئێرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لەماوەیەکی دیاریکراودا لەچەک دابماڵرێن.

 

هەرێمی کوردستانی لەساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە میوانداری چەندین گروپی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی کردوە کە لەدوای شۆڕشی ئێران لەساڵی ١٩٧٩ بونەتە ئامانجی هێرشی چەکداری خوێناوی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

ئەمە لەکاتێکدایە محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران رایگەیاندوە هێزی زرێپۆش‌و هێزی تایبەتی زەمینیان رەوانەی سنورەكانی هەرێمی كوردستان كردوەو هێزی زیاتریش رەوانە دەكەن، ئەوەش بەقسەی ئەو دوای جوڵەی "گروپە جوداخوازەكان" دێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×