ئا: ئاوێنە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ، ئێستا گرەو لەسەر سزای نوێ، گەمارۆی دەریایی و پەرەسەندنی فشارە ئابوورییەکانی سەر هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران دەکات، ئامانجی ئەو بەدیهێنانی ئەو شتەیە کە هەزاران بۆمب و مووشەک نەیانتوانیوە بیکەن: ناچارکردنی تاران بە تەسلیمبوون و قبوڵکردنی ڕێککەوتنێک بە مەرجەکانی ئەمریکا.
بەڵام وەک چۆن لە هەوڵەکانی پێشووی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی تاران ڕوویدا، بەربەستێکی سەرەکی لە ئارادایە. سوپای پاسداران کە دەستی بەسەر گەرووی ستراتژیکی هورمزدا گرتووە و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کەنداوی فارس ئەنجام دەدات، پێدەچێت خۆڕاگر بێت بەرامبەر بەو جۆرە فشارانە و چەندین ڕێگە بۆ تۆڵەسەندنەوە لەبەردەستدایە.
بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ئاب، سکۆت بێسانت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا وردەکارییەکانی پلانێک بخاتەڕوو کە ئامانج لێی گواستنەوەی ململانێکانە لەهێرشە سەربازییەکانەوە بۆ گەمارۆی ئابوری ڕاستەوخۆ، کە هەڵمەتێک دەتوانێت کاریگەری لەسەر وڵاتانی وەک چین، هیندستان، تورکیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەبێت.
ئێران چۆن وەڵامی دەداتەوە؟
بەڵام پێدەچێت جێبەجێکردنی فشارە ئابوورییە توندەکان ئێران بەرەو تۆڵەسەندنەوەی سەربازی لە سەرانسەری کەنداودا ببات، تەنانەت ژێرخانی وزەیش بکاتە ئامانج. ئامانجی تاران دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت و بەرزکردنەوەی تێچووی بازرگانی ئەمریکی، ئەمەش ترامپ ناچار دەکات جارێکی دیکە تاکتیکەکانی بگۆڕێت.
نەیت سوانسۆن، هاوکارێکی باڵای ئەنجومەنی ئەتڵەسی کە تا ساڵی ڕابردوو لە وەزارەتی دەرەوە و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی مامەڵەی لەگەڵ پرسەکانی ئێراندا کردووە، دەڵێت "ئەگەر ئەم ڕێوشوێنانە لە ڕاستیدا کاریگەر بن، ئەوا ئێران لە شوێنێکدا جارێکی دیکە هێرش دەکاتەوە، بە سادەیی هیچ بژاردەیەکی نابێت".
ناوبراو دەشڵێت "ڕەنگە ترامپ ئەم هەنگاوە وەک قۆناغێکی نوێی شەڕ ببینێت، بەڵام پێم وا نییە ئێران بەو شێوەیە بیبینێت".
لە ٢٨ی شوباتەوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل یەکەم هێرشیان دەستپێکرد، ئێران بەردەوام نیشانی دا کە بەرگەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هەزاران ئامانج و سزای یەک لە دوای یەک و گەمارۆدانی هێزی دەریایی ئەمریکا بگرێت، لە هەمان کاتدا توانای تۆڵەسەندنەوەی خۆی دەپارێزێت.
تاران سوودی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید و مووشەکی بالیستیک وەرگرت بۆ لێدانی بنکە و ئامانجە مەدەنییەکانی ئەمریکا لەکەنداو، لەوانە ژێرخانی ئاو و کارەبا. بە شێوەیەکی کاریگەر گەرووی هورموزی بەداخراویی هێشتووەتەوە، نرخی وزەی جیهانی بەرزکردووەتەوەو فشاری خستۆتە سەر وڵاتانی دەوڵەمەندی کەنداو بۆ ئەوەی داوای ڕێگەیەکی دیپلۆماسی بکەن بۆ دەربازبوون لە ململانێ تاڵەکە.
جگە لەوەش کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لەهەر دانوستانێکی ئەگەری لەگەڵ ئەمریکادا، سوودێکی گەورەی پێدەبەخشێت.
کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان؟
بێسانت لەم هەفتەیەدا پێشنیاری کرد کە گۆڕانکاری بۆ هەڵمەتێکی ئابووری بکرێتو وتی "پێدەچێت دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان نەبینین".
بەڵام شرۆڤەکاران گومانیان هەیە کە ئایا ئێران خۆی لەململانێی ئاشکرا بپارێزێت تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش وای کردبێت.
کریس کێنێدی، سەرۆکی ستراتیژی ئابووری لەکۆمپانیای بلومبێرگ ئیکۆنۆمیکس دەڵێت "ئەگەر ئەم هەڵمەتە نوێیەی فشارە ئابوورییە کاربکات و ئەوەش "ئەگەر"ێکی گەورەیە، ئەگەری ئەوە زیاترە کە وەڵامی سەربازی ئێران ببینین نەک تەسلیمبوون، لانیکەم لە سەرەتادا.
ئەو وتی "ئەو ڕاستییەی کە ئەمریکا بڕیاری داوە سنوورێک بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان دابنێت، بەو مانایە نییە کە ئێرانیش هەمان شت بکات".
بەگوێرەی ڕاپۆرتی بلومبێرگ، تا ئێستا بە تەواوی ڕوون نییە کە ئەمریکا چۆن دەتوانێت فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە، جگە لەوەی چین کە کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێرانە، بکاتە ئامانج و مەترسی کاردانەوەی جددی بکات. سەپاندنی ڕێوشوێن لەسەر قەوارە بچووکەکان لە وڵاتانی وەک عێراق، تورکیا یان ئیمارات، پێناچێت ئیرادەی تاران بچەمێنێتەوە.
گەورەترین قەیرانی ئابووری کە ئێران تووشی دەبێت
سەرەڕای ئەوەش، هەڵمەتی ئابووری ئەمریکا لە ئێستاوە ئەنجامەکانی دەردەکەون. ئێستا هەڕەشەی دەستپێکردنی یەکێک لەخراپترین قەیرانە ئابوورییەکانی ئێران سەرهەڵدەدات کە تا ئێستا تووشی بووە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو وڵاتە ساڵانێکە بەرگەی گۆشەگیریی بەرفراوانی گرتووە.
تەنانەت پێش شەڕەکەش دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری وڵاتی لێکەوتبووەوە، کە حکومەت بەتوندوتیژی سەرکوتیان کردو هەزاران کەسی کوشت. لەسەرەتای شەڕو پێکدادانەکانەوە، توانای کڕینی هاوڵاتیان لاواز بوو، هەڵاوسان لە ٨٠% تێدەپەڕێنێت، لە کاتێکدا دراوی نیشتمانی تەنها لەمساڵدا نزیکەی ٣٠%ی بەهای خۆی لەدەستداوە.
لەم هەفتەیەدا، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران ڕایگەیاند "هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکە نزیکە لە داڕمان بەهۆی گەمارۆی ئەمریکاوە، حکومەت لەسەرچاوەی سەرەکی داهاتەکەی بێبەش کردووە".
هاوکات سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە مانگی رابردوودا پێشبینی کرد کە ئابوری ئێران بە ڕێژەی 6.1% لەمساڵدا بچوک دەبێتەوەو گەورەترین پاشەکشەی خۆی لە ماوەی دەیان ساڵدا تۆمار دەکات.
چەند کات بخایەنێت تا ڕێوشوێنەکان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە؟
دەیڤید شنکەر، دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی کە بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو لە ماوەی خولی یەکەمی ترەمپدا، مەزەندە دەکات، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ڕێوشوێنە نوێیانەی کە بێسانت ڕۆژی دووشەممە ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ گەمارۆی دەریایی، دواجار فشار بخاتە سەر ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە دیپلۆماسییە کاتییەی کە لە مانگی حوزەیران لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامیدابوو، بەڵام ڕەنگە تا شەش مانگ بخایەنێت تا کاریگەریی جەوهەریی ئەو ڕێوشوێنانە ببینرێت کە سەبری ئیدارەی ترەمپ تاقیدەکاتەوە.
شنکەر ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێژیمی ئێران سەلماندوویەتی دەتوانێت بەرگەی فشارە ئابوورییە گەورەکان بگرێت، لەهەمان کاتدا تا ڕادەیەکی زۆر چاوپۆشی لەتاقیکردنەوەکانی گەلەکەی دەکات.
شێنکەر کە ئێستا لەپەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک کار دەکات، دەڵێت "ئەم دۆخە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە بکێشێت. رێژیمی ئێران هێشتا پێیوایە کە توانای خۆڕاگری بەهێزی هەیەو لەقازانجدایە".
لەگەڵ زانیاری لە بلومبێرگ