عەقید دۆگلاس مەکگریگۆری، شارەزای سەربازی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات کە ئامۆژگاری ترەمپی کردووە چەکی ئەتۆمی لەتورکیا لاببات، پاکستان بەڵێنی بەئەنقەرە داوە کە چەکی ئەتۆمی پێبدات ئەگەر پێویستی پێی بێت"
ئاوێنە: عەقید دۆگلاس مەکگریگۆری، خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکا کە پێشتر وەک ڕاوێژکاری باڵای پنتاگۆن کاری کردووە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ TRHaber Savunma کە بەشێکی لە تۆڕی X بڵاوکراوەتەوە، باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی کارکردنی لەوەزارەتی بەرگری ئەمریکا یاداشتێکی نووسیوە مەبەست لێی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بووە، تێیدا پێشنیاری لابردنی چەکی ئەتۆمی ئەمریکای کردووە کە لە تورکیا جێگیرکراون.
لە میانەی گفتوگۆکەدا، مەکگریگۆری باسی لە دۆخی ناوچەیی تورکیا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و بوونی ئەمریکا لە بنکەی ئینجەرلیک و پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و پاکستان و سعودیە دەکات.
مەکگریگۆری وتی "لەکاتی خزمەتکردن لە پنتاگۆن یاداشتێکم بۆ سەرۆک ترامپ نووسیوە، کە لە کاتێکدا لە پنتاگۆن بووم بۆ کۆشکی سپیم نارد، داوام لێکرد هەموو چەکی ئەتۆمی لەتورکیا لاببات. لەو کاتەدا من ئیدعای ئەوەم کرد کە ئەوە هەنگاوێکی ژیرانە دەبێت، کە ئێمە چیتر پێویستمان پێیان نییە. لە سەرەتادا لەوێ دانراون بۆ بەکارهێنانی ئەگەری دژی ڕووسەکان. پێموایە زۆربەیان بۆمبی کێشکردنن. پێموایە وەک B61، ڕەنگە یەکێکیان بێت. ئەمانە بۆمبی ئەتۆمین کە لەلایەن هێزی ئاسمانییەوە دەهاویژرێنو وەک مووشەکی کروز یان مووشەکی بالیستی هەڵنادرێن".
ڕوونیشی کردەوە کە بۆچی بە بۆچوونی خۆی دەبوو ئەو چەکانە لە تورکیا دەربهێنرێنو وتی "پێموابوو لابردنی ئەو چەکانە باش بوو، چونکە لە کاتێکدا دەتوانرا بڕیارێک بدرێت لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵیان بکرێت، نەک بە مەبەستی بەکارهێنانیان، بەڵکو ڕەنگە بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئێمە یان هەر کەسێکی دیکە بکەین نەگەیشتنە دەستیان. ئەوە ئەگەرێکە".
هەروەها مەکگریگۆر باسی لە شوێنی تورکیا لە ناتۆ کرد و وتی "پێموابوو پێگەی تورکیا لەناتۆ بۆ ماوەیەکی زۆر زۆر هەستیار بوو. من خۆم ئەزموونی زۆر ئەرێنیم لەگەڵ ئەفسەرانی تورکیا هەبوو. لەگەڵ ئەوان کارم کرد".
بە وتەی ئەو، "پێموابوو ئەوان زۆر پرۆفیشناڵن. پێموابوو سوپای تورکیا زۆر پرۆفیشناڵە، زۆر جدی بوون".
مەکگریگۆری لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بۆیە من وەک یاریزانێکی بەهێز لەسەر زەوی دەیانبینم، بەدڵنیاییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام تەنها پێموابوو ژیرانە دەبێت بۆ ئێمە کە ئەو چەکە ئەتۆمییانە لەوێ دەربهێنین. وتیشی، ڕاسپاردەکەی جێبەجێ نەکراوە: "دیارە هەرگیز ڕووی نەداوە. هیچ نەگۆڕاوە. پێموایە ئەوە جێگەی داخە. بەڵام پێموانییە باری نائاسایی بێت".
مەکگریگۆری ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا وابەستەی ئەمریکا نییە، ئەگەر بڕیار بدات پێویستی بە چەکی ئەتۆمی هەیە. وتیشی "چونکە ئەگەر بەڕاستی تورکەکان پێویستیان بە چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئەوا لە پاکستانەوە دەستیان دەکەوێت. پاکستانییەکان ئەوەیان ڕوون کردووەتەوە لە ساڵی ٢٠١١دا بۆ ئێمە".
مەکگریگۆری ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو قسانە بە ئاشکرا لەلایەن سەرکردایەتی سەربازی تورکیاوە بەئەمریکییەکان وتراوەو وتی "ئەرکانی گشتی تورکیا پێیانوتین بڕوانن ئەگەر پێویستمان بە چەکی ئەتۆمی بێت، پێویستمان بەئێوە نییە. پاکستانییەکان بەڵێنیان پێداوین".
هەروەها ئەو قسانەی بە پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و ئیسلام ئاباد و ڕیازەوە بەستەوەو وتی "کەواتە بۆیە ئێوە ئەم هاوپەیمانییە پاکستانی-تورکی-سعودیە دەبینن. ئەوان تەنها نین، موسڵمانانی سوننەیان لەگەڵەو شتی تریش لەم بابەتەدا هەیە”.