ئا: ئاوێنە
تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و عێراق سەبارەت بە پاشخانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەبو زوهور لە سوریا دەڵێت "رەنگە هێرشەکە مانۆڕێکی هەڵبژاردن بێت لەلایەن نەتانیاهۆ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 27ی ئۆکتۆبەر لەئیسرائیل، کە پێشبینی دەکرێت مانەوەی لەدەسەڵاتدا قورس بێت".
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی PBS Newsی ئەمریکی، باراک وتی هێرشەکە لە کاتێکدا بووە کە گفتوگۆ لە نێوان ئیسرائیل و سوریادا بەڕێوەدەچێت.
ئیسرائیل لە ١٨ی ئابدا بنکەی ئاسمانی ئەبو زهوری لە نزیک سنووری تورکیا بۆردومان کرد.
ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هێرشەکە بۆ ڕێگریکردن لە تورکیا بووە تا "بنکەی سەربازی" لەو شوێنەدا جێگیر نەکات، لەکاتێکدا سوریا ڕایگەیاندووە کە تورکیا هیچ پلانێکی لەو شێوەیەی نییە.
تورکیا پاگەندەکانی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە.
باڵیۆزی ئەمریکا لەئەنقەرە، باراک دەڵێت "لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل تێدەگەم"، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە ئاگادارنەکردنەوەی هەردوولا پێش هێرشەکە مەترسی پەرەسەندنی گرژییەکان زیاتر دەکات.
بەگوێرەی باراک، ئیسرائیل "بە پێداگرییەوە داوای" لە تورکیا و سوریا کردووە "کە کەرەستەی سەربازی یان سەربازو کارمەند بۆ مەبەستی بەرگری یان هێرشبەرانە جێگیر نەکەن".
دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە دیمەشق، لە میانی دانوستانەکانی بەنێوەندگیری ئەمریکا، ئیسرائیل هۆشداری دایە تورکیا لەڕەوانەکردنی هێزی سەربازی بۆ بنکەی ئەبو زوهور.
ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانییەکانی ئیسرائیل لەلایەن واشنتۆنەوە لەبەرچاو دەگیرێن، هەروەها لەلایەن ئەنقەرە و دیمەشقەوە.
بە گوتەی باراک، لە چەند ڕۆژی پێش هێرشەکەدا، بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە بە لایەنی ئەمریکی گەیاندووە.
دوابەدوای ئەمەش پەیوەندی نێوان بەرپرسانی سوریا و مۆساد دروست بوو. ئیدارەی دیمەشق ڕایگەیاند کە هیچ یەکەی سەربازی تورکیاو سیستەمی چەکی تورکیا لە ناوچەکەدا نەبووە.
باراک ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی مۆساد ڕۆژەکەی بە ئەنجامدانی دانوستانی نافەرمی لەگەڵ بەرپرسانی سوریا بەسەربردووە و پێشبینیش دەکرێ هەفتەی داهاتوو لایەنەکان جارێکی دیکە کۆببنەوە.
باراک ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا میکانیزمێکی هەماهەنگیشی ئامادەکردووە بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ئیسرائیل دوای چەند ڕۆژێک هێرشی ئاسمانی دەستپێکرد.
هەروەها باراک لە چاوپێکەوتنەکانیدا باسی سیناریۆ جیاوازەکانی کردووە کە پێی وایە بووە هۆی بڕیاردانی ئیسرائیل سەبارەت بە هێرشەکە.
بە گوتەی ئەو دیپلۆماتکارە، یەکەمیان ئەوەیە کە ئیسرائیل بە ئەنقەست هەوڵی تاقیکردنەوەی تورکیای داوە.
باراک وتی "ڕەنگە تەنها ویستبێتیان تورکیا بوروژێنن؛ لەکاتێکدا هەنگاوێکی زۆر شەڕانگێزانەیە، بەڵام دەکرێت ڕێبازێک بێت کە پێش هەڵبژاردنەکان وەڵامێکی ئەرێنی وەربگرێت".
ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە کە نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان دامودەزگاکانی ئیسرائیلدا هەبووە.
بەپێی وتەی باراک، لەکاتێکدا مۆساد پلانی هەبووە بەردەوام بێت لە دانوستانەکانی لەگەڵ سوریا، بەڵام ڕەنگە ئاستێکی دیکەی فەرماندەیی لەسەر زەوی بڕیاریدابێت کە پێویستە کردەوەی خێرا هەبێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی هەواڵگری کە پێدەچێت لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە سەرچاوەی گرتبێت.
ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگە هێرشەکە هیچ کوژراو و بریندارێکی لێنەکەوتبێتەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە 21ی ئاب ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، "هەوڵدەدات دەستدرێژی بکاتە سەر ئیسرائیل لەڕێگەی سوریاوە"و ئەوانیش تەحەمولی کارێکی وا ناکەن.
لە بەرامبەردا بەڕێوبەرایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، "هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لەئیسرائیل کەوتۆتە ژێر کاریگەری پۆپۆلیزمی نابەرپرسیارانەی ئەمنی و سیاسەتێکی توندتر لەهەڕەشەکردن".
باراک ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرت کە پێش هێرشەکە لایەنەکانی ئاگادار نەکردۆتەوە.
وتیشی: خاڵی سەرەکی ئەمەیە: وڵاتێکی وەک تورکیا کە سوپایەکی بەهێز و هێزێکی ئاسمانی کاریگەری هەیە، هاوکات لەگەڵ ئیسرائیل خەریکی ململانێیەکی سیاسی سەختە، کە بە بۆچوونی من تاڕادەیەکی زۆر سیاسییە، پێشوەختە ئاگادار نەکرایەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک لە ماوەی 80 کیلۆمەتر لەدووری سنوورەکەیانەوە هاتوون.
ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا خاوەنی هێزێکی ئاسمانی بەهێز و توانای هەواڵگری کاریگەرە، ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکبوونەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچەی سنووری، مەترسییەکی گەورە بۆ حیساباتی هەڵە دروست دەکات.
باراک ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاردەرانی تورکیا لەم دواییانەدا سەرنجیان لەسەر دان بەخۆداگرتن بووە، هەروەها ئەنقەرە بەدوای ململانێی سەربازیدا نییە لەگەڵ ئیسرائیل.
باراک ڕایگەیاند کە هەردوو وڵات دەیانەوێت سوریایەکی سەربەخۆو سەقامگیر ببینن، جەختیشی لەوە کردەوە کە نە ئیسرائیل و نە تورکیا بەنیازی دەستپێکردنی شەڕ نین.
باڵیۆزەکە ڕایگەیاند کە ئەوان لەنیگەرانییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل تێدەگەن، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ژینگەی ئێستادا دیپلۆماسی و پاراستنی کەناڵە کراوەکانی پەیوەندیکردن لە پێشینەی کارەکانیاندایە.
بە گوتەی باراک، لە کاتێکدا کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا ئەوەندە زۆرن، "هەڵەیەک دەتوانێت لێکەوتەی پێشبینینەکراوو جددی هەبێت".