نوێنەری شاری مهاباد لە پەرلەمانی ئێران، جەلال مەحموودزادە، باسی لەوە کرد کە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە خۆپیشاندانەکانی مهاباد و دەوروبەریدا ١٣ کەس کوژراون بەڵام بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ١٠٥ کەس کوژراون.
ئاوێنە: مەحموودزادە، لە میانەی گوتارێکیدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی باسی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کرد و داوای ئاشکرا کردنی ئەو کەسانەی کرد کە دەستڕێژی گوللەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.
ناوبراو، رووی دەمیشی کردە سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی و وەزیری ناوخۆ، ئەحمەد وەحیدی و رایگەیاند: "لە خۆپیشاندانەکانی مهاباد و شارە کوردییەکاندا بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان ١٣ کەس کوژراون بەڵام بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ١٠٥ کەس کوژراون".
جەلال مەحموودزادە، باسی لەوەش کرد کە "چەندین جار داواکارییان پێشکەشی دادگا کردووە بۆ ئەوەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکرێن کە دەستڕێژی گوللەیان لە خۆپیشاندەران کردووە".
ناوبراو، داواشی لە وەزیری ناوخۆی ئێران، ئەحمەد وەحیدی کرد کە وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵات "وەڵامی ئەم داواکارییە بداتەوە".
مەحموودزادە، لە درێژەی گوتەکانیدا باسی لەوە کرد کە "دادگا لەبری ئەوەی ماف بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر بکات، بەهۆی داواکارییەکەیەوە وەک پەرلەمانتارێک تۆمەتباری کردووە".
ئەو پەرلەمانتارە، رەخنەی لەوەش گرت کە لە دوای خۆپیشاندانەکان هێزی زۆری سەربازیی نێردراونەتە شارەکان، لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکاندا "رەشبگیری" ئەنجامدەدرێت و ژمارەیەکی زۆریش خاڵی پشکنین لە دەروازەی شارەکاندا دانراون.
لای خۆشییەوە سەرۆکی کۆمسیۆنی لیژنەکانی پەرلەمانی ئێران، محەمەد ساڵح جوکار، باسی لەوە کرد کە مەحموودزادە لە پەرلەمان باسی لە دوو بابەت کردووە، یەکێکیان بابەتی هێنانی باری قاچاغ بووە لە سنوورەکانەوە و ئەوی دیکەشیان تایبەت بووە بە گیان لەدەستدانی مەهسا ئەمینی.
جوکار، ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ ڵیکۆڵینەوە و چارەسەر کردنی پرسی هێنانی باری قاچاغ لە سنوورەکانەوە، بڕیاری دامەزراندنی لێکۆڵەری تایبەت دراوە و دەربارەی مەرگی مەهسا ئەمینیش راپۆرتی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان لە هۆڵی پەرلەمان خوێندراوەتەوە، هەربۆیە بابەتی دووەم کە مەحموودزادە باسی کردووە، بابەتێکی "ناپێویست" بووە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە پەرلەمانتاری شاری مهاباد، جەلال مەحموودزادە، لە میانەی لێدوانێکیدا لە ٢١ی تشرینی دووەمدا باسی لەوە کردبوو کە نزیکەی یەک مانگە خۆپیشاندان لە مهاباد، بەردەوامە و لەو ماوەیەدا ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە، داواشی کردبوو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە پێکبهێندرێت.
مەحموودزادە، لە میانەی لێدوانەکانیدا جەختی لەوە کردبووەوە کە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردن و بەگری کردن لە هاووڵاتییان پێشتریش لە هەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ئەو "ئاگادارکردنەوەیە"ی بڵاو کردبووەوە کە لەلایەن دادگاوە ئاڕاستەی کراوە و لەسەری نوسیبووی: "لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار لەلایەن دادگاوە بانگهێشت کراوم".
- خۆپیشاندانەکانی ئێران
رۆژی ١٣ی ئەیلوول دوای دهستگیركردنی لهلایهن پۆلیسی ئیرشادی تارانهوه بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی باڵاپۆشی"، مەهسا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵان رەوشی تهندروستیی تێکچوو، و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. رۆژی ١٦ی ئەیلوول ئهمینی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. مهرگی مەهسا ئەمینی بووه هۆی سهرههڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایهتی له زۆربەی شارەکانی ئێران دژی دهسهڵاتی وڵاتهكه.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە، له راپۆرتی رۆژی ٢٢ی تشرینی دووهمی ٢٠٢٢دا، بڵاویكردهوه ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی لە ئاکامی بهرهنگاربوونهوهی خۆپیشاندانهكانی دوای مهرگی مههسا ئهمینی لهلایهن هێزە ئەمنییەکانهوه گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ ٤١٦ کەس.
كاربهدهستانی ئێرانیش باس لهوه دهكهن ئهو كهسانه لهلایهن هێزه ئهمنییهكانهوه نا بهڵكو لهلایهن "ئاژاوهگێڕان"هوه كوژراون و "ئهو كهسانهشی كه له رووداوگهلێكی دوور له خۆپیشاندانهكان گیانیان لهدهستداوه له میدیای نێودهوڵهتییدا وهك ئهوهی له خۆپیشاندانهكاندا مردبن، نیشان دهدرێن".
هاوكات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوه، لە ئاکامی خۆپیشاندانەکاندا، نزیکەی ٦٠ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە.