پەروین بوڵدان: کەس حەددی نییە داواکاریمان بۆ دیداری ئۆجەلان پشتگوێ بخات
  2022-11-30       418       

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، تائێستا داواکارییمان بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە وەزارەتی دادی تورکیایەو وەڵامنەدراوە، هۆشداریشیدا کە “کەس حەددی نییە داواکاریمان بۆ دیداری بەڕێز ئۆجەلان پشتگوێ بخات." داواشی لە کۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشکەنجە (سی پی تی) کرد، بەزوترین کات زانیارییەکانی بەردەستی لەبارەی دۆخی ئۆجەلانەوە بڵاوبکاتەوە.

ئاوێنە: پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارتەکەیەدا وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند:”چەند هەفتەیەک پێش ئێستا لە تەقسیم هێرشێکی بۆمبرێژکراو لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامدرابو، هێشتا پرسیار دەربارەی ئەو تەقینەوەیە هەیە، تەقینەوەیەک چەند لایەنی هەیە، کە یەک ناگرنەوەو روبەڕوی دەسەڵاتێکین، کە دوای سەرکەوتن کەوتوە."

لەبارەی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجەلانیشەوە، بوڵدان وتی:”پێویستە هەمو وڵات شاهیدی بۆ ئەو گۆشەگیرییە نایاسایی و نادادپەروەرانە بدات، کە بەرامبەر بە بەڕێز ئۆجەلان هەیە، ئێمە لە هەمو شوێنێک و هەمیشە دەڵێین، لە ٣ی ئازاری ٢٠٢٠ەوە هیچ زانیارییەک لە ئۆجەلان و زیندانییەکانی دیکە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گۆشەگیرییە ئێستا ڕۆژبەڕۆژ قوڵتر دەبێتەوەو گوێ لە بانگەوازەکان ناگرن”.

دوێنێ نوسینگەی یاسایی سەدە کە پێکهاتون لە پارێزەرانی ئۆجەلان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە ئۆجەلان ئامادەنەبوە دیدار لەگەڵ ئەو وەفدەی کۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشکەنجە (سی پی تی) ئەنجامبدات، کە دوایین جار سەردانی ئیمرالییان کردبو.

پەروین بوڵدان ڕایگەیاند:”ئەم زانیارییە بۆ هەمومان بوە هۆی ترس و نیگەرانییەکی گەورە، پێویستە بەزوترین کات هۆکاری ئەم دۆخە ئاشکرا بکرێت، دەبێت بەرپرسان دەستبەجێ سەبارەت بەم بابەتە ڕونکردنەوە بدەن، ڕوی دەممان لە وەزارەتی دادو دەوڵەتە، وەک هاوسەرۆکان ماوەیەک پێش ئێستا داواکاریمان بۆ سەردانکردنی ئێمراڵی پێشکەش بە وەزارەتی داد کرد، ئەو داواکارییەی ئێمە هێشتا لەسەر مێزە، تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەرێنی، یان نەرێنییان پێ نەداوینەتەوە، ئەوە ناهەقییەو هیچ کەسیش حەددی ئەوەی نییە بە خەمساردی و بێباکیی لەو بابەتە بڕوانێت."

هاوسەرۆکی هەپەدە جەختیشیکردەوە، کە “دەبێت سی پی تی دەستبەجێ زانیارییە بەردەستەکانی بۆ ڕایگشتی بڵاوبکاتەوەو نەبێتە هاوبەشی ئەو سزا و پێشێلکارییە نایاساییانەی دەسەڵات، من لێرە بانگەوازم بۆ سی پی تی ئەوەیە، ئێمە وەک هەدەپە لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین تا ئەوکاتەی ئەم بابەتە ڕون دەبێتەوەو داواکاریی پارێزەران بۆ سەردانی ئیمراڵی قبوڵ دەکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×