بافڵ تاڵەبانی: ئێمە لەگەڵ یەكڕیزی و تەبایی نێو ماڵی كوردداین
  2022-12-05       684       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ دوشەممە، لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان رایگەیاند،"ئێمە لەگەڵ یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کورد و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتین لەم قۆناغە هەستیارەدا."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ دوشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە ئۆلیڤیێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، "‏‎لە دیدارێکدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و کۆبونەوەی لوتکەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە هاوینەهەواری دوکان و هێز و لایەنە سیاسییەکانی عیراق لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا. جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەردەوامی گفتوگۆ نیشتمانییەکان کرایەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و هەنگاونان بە ئاڕاستەی سەقامگیری و تەبایی لەنێوان لایەنەکاندا."

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دۆخی هەرێم و کۆبونەوەکەی هاوینەهەواری دوکانەوە وتی "کۆبونەوەکە سەلمێنەری ئەو راستییە بو کە ئێمە لەگەڵ یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کوردو هەڵگرتنی بەرپرسیارێتین لەم قۆناغە هەستیارەدا. یەکێتی باوەڕی تەواوی بە هاوبەشیی راستەقینەیەو دەمانەوێت لەگەڵ هێزە کوردییەکان بگەینە پرۆژەیەکی نیشتمانیی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردن و خزمەتکردنی خەڵکەکەمان، کە ئەمەش لە خزمەت بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم دەبێت."

بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، ‏‎هەر لە دیدارەکەدا کۆبونەوەکەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گفتوگۆی لەبارەوە کرا و بافڵ تاڵەبانی لەوبارەیەوە وتی، "کۆبونەوەکە هەنگاوێکی گرنگ بو بە ئاڕاستەی چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداو گرفتە سیاسییەکانی تر لە عیراقدا. خۆشبەختانە ئەو ئامانجەمان لە ماڵی مام بەدیهێناو گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی گفتوگۆ و رێککەوتنەکان لەسەر بنەمای دەستور بکرێن."

بافڵ وتیشی، "کۆبونەوەکە جەختی لە پشتیوانیی هێز و لایەنەکان کردەوە بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی نوێ، چەسپاندنی دادوەری و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی. بڕیاریشدا کۆبونەکان درێژەی هەبێت لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و هێنانەدی ئامانجە باڵاکان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×