بەڕێوەبەری گشتی گومرگ: داهاتی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان باشە
  2022-12-10       524       
ساماڵ عەبدولڕەحمان

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ دۆخی گومرگەکان زۆر باشبو بەهۆی ئاسانکارییەکانی حکومەت بۆ بازرگانان. هه‌روه‌ها ناوبراو داهاتی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان به‌ "باش" وه‌سفده‌كات.

ئاوێنه‌: ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان به‌ماڵپەڕی پارتی ڕاگه‌یاندووه‌، ئەمساڵ دۆخی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان زۆر باش بوو و ئیشوکارەکان بە باشی بەڕێوە دەچن، ئاسانکارییەکی باش بۆ بازرگانان کراوە، ئەوەش پێویستە بۆ ئەوەی کاری بازرگانان خێرا بەڕێوەبچێت و رۆتینەکان لاببرێن.

وتیشی‌، کۆمەڵێک ریفۆرم هەیە بکرێن تا بەزوترین کات ئیشوکارەکان بەڕێوەببرێن و بازرگان بزانێت ڕێژەی گومرگ چەندە و ئەو رسوماتەی دەیدات چەندە، بۆیە ئەمساڵ بەراورد بەساڵی ڕابردو باشترەو ساڵ لەدوای ساڵیش باشتر دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، هێشتا ساڵ کۆتایی نەهاتووە بۆ ئەوەی بەراوردی داهاتەکان بکەین لەگەڵ ساڵانی ڕابردو، بەڵام داهاتەکە نزیکە لەوەی ساڵانی ڕابردوو، بۆیە داهاتی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان باشە.

عەبدولڕەحمان ڕونیشیکردەوە، گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد لەگەڵ گومرگەکانی عێراق باشترن، لەبەر ئەوەی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان دیسپلینی باشیان تێدایە و داهاتەکەشی باشە، "هەر ئاسانکارییەکیش لە تواناماندا بێت، بۆ بازرگانانی دەکەین، بۆ ئەوەی دۆخی بازرگانی لە گومرگەکانی هەرێمی کوردستاندا باشتر بێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×