ڕانانێکی کورتی ڕۆمانی "بەندەر فەیلی"ی بەختیار عەلی!
  2022-12-16       551       

کامیل محەمەد قەرەداغی


ئێمەی ئەو وەچەیەی کە تەمەنمان لە دەوروبەری پەنجا ساڵیدایە و لە ئەم وڵاتەدا لەدایک بووین و ژیاوین چەند قۆناغێکی جیاجیای ناو ژیانی سەر خاکی وڵاتی عیراقمان بینیوە، کە هەڵچوون و داچوونی زۆریان تێدابووە، بەڵام ڕایەڵی هاوبەشی ناو مێژووی تەواوی ئەو پەنجا ساڵەی ڕابوردووی تەمەنی ئێمە ئەوەیە، کە هێڵی ستەمکاریی فاشیستییانە هەمیشە بە دیوە زبر و دزێوەکەیدا بەردەوام بووە. ستەمێک کە ئەگەر لە دەرەوە سەیری بکەیت، بووە بە ناسنامەی وڵاتەکە و ئەگەر لەناویشەوە تیایدا بژیت، خۆت بە ئاسانی لێی تێدەگەیت، کە بۆچی ژیانکردن لە ناویدا بووە بە دۆزەخ.
وڵاتێک هەیە کۆی گشتیی داڕشتەکەی ئەوەیە کە بریتییە لە زیندانێکی گەورە، لە دیوی ناوەوەشیدا زیندانی وا تێدایە، کە مێژووەکەی بریتیە لە کۆی مێژووی وڵاتەکە، بۆیە ستەم و زیندان و کوشتن و ئەو شتانەی تر کە لە ناو زیندانەکاندا ڕوودەدەن بوون بە ئەو پێناسانەی، کە ئیتر بۆهەمیشە و هەتاهەتایە ئەم وڵاتەیان پێ دەناسرێتەوە.
ئەو دابەشبوون و ناکۆکییانەی لەناو ئەم وڵاتەدا هەن، وادەکەن کە ڕوانینی جیاجیا لەبارەی مێژو و شەرعیەتی ئەو ڕوداواوانەوە دروست ببن، بۆیە ڕەنگە لە گێڕانەوەی مێژوودا کەسانێک هەبن کۆی زوخاوەکانی ئەو نەهامەتییانە بە سەروەری لە قەڵەم بدەن و بە باشییش باسی بکەن. وا پیشانی بدەن کە ئەوە حیکمەت و سەلیقە و تێگەشتنی سەرۆک و فەرماندەکان بووە ئەو جۆرە مامەڵەیەیان بە ڕەوا و دادپەروەرانە بینیوە، بۆیە بەهانەی کارپێکردن و پیادەکردنیان هەبووە. تا ئێستەش خەڵکی وەها هەن، کە پێیانوایە  فرەجۆریی پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگەی ئەم وڵاتە بەجۆرێکە، کە بە ستەم نەبێت بە هیچ زمانێکی تر ناتوانرێت سازان لەنێوانیاندا دروست بکرێت. بۆیە بەهانە بۆ هەموو ناڕەواییەک دەهێننەوە،کە دەرحەق بە خەڵک (خەڵکانی تر) پیادە بکرێت. ئەم ڕەواییدانە بە ستەم و کوشتن و زەبر و زەنگ و خوێن حەڵاڵ کردنە مێژوویەکی قورسی لەبارکردن نەهاتویان دروست کردوە، کە ڕەنگە بە دەیان ساڵی تریش گرێکانی ئاڵۆزییەکانی نەکرێنەوە.
ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ ی کوردستان توانیی لە ناو زۆنگاوی لێڵ و پیسی ئەم وڵاتەدا، پێدەشتێکی بەهاریی گەش و جوان دروست بکات، کە بۆ ژیان لەبار و شیاو بێت و ئەگەر دەستی پێوەبگیردرێت، کەڵکی ئەوەی هەبێت ژیان گەشەی تیادابکات و هەندێک لە زمانی خوێن و کوشتن و زیندانیکردن دووربکەوینەوە، بەڵام پەرژینی دەوری پێدەشتەکەمان بە لەرزۆکی دروستکرا، زۆری نەخایاند و جارێکی تریش تێکەڵی زۆنگاوە لیخن و پڕ لە خوێن و کوشتارەکەمان کردەوە، لەوەدەچێت ئێمەش خۆشمان سروشت و پێکهاتەمان وەهابێت، کە نەتوانین لە دەروەی ئەو فەوزاو مەرگدۆستییە ژیان بکەین، بۆیە بە ئاسانی و بە ویستی خۆمان ڕژاینەوە ناوی، چونکە لەوەدەچێت هەر شایەنی ئەوەبین، کە لەوێدا و لە ئەو کەشەدا بژیین.
لە ناو ئەم فەوزایەدا، کە هەموو شتێک بۆنی نائارامیی لێدێت، کارێکی ئەدەبیی زۆر جوان لە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دا دەردەکەوێت و بە قووڵی و لە ئاستێکی ئەدەبییی زۆر بەرزدا کۆی ئەو فەوزا و کوشتار و ناحەقی و نائارامییەت بۆ کورت دەکاتەوە لەسەر دەفری زێڕینی داڕشتنی بەرزی هونەری و ئەدەبی و پێشکەشت دەکات. دوا کاری ئەدەبیی بەختیارعەلی کە بریتییە لە ڕۆمانی (بەندەر فەیلی) لە تەونی ڕۆمانێکی شیریندا مێژووی بیست و سێ ساڵێکی ئەم وڵاتەت دەخاتە بەردەست، کە هێندەی سەدەیەک نائارامی و ستەم و زیندانیکردن و کوشتن و بڕین و یاریکردنی بە چارەنوسی مرۆڤەکان تێدایە. ئەم ڕۆمانە توانیویەتی ببێت بە عیراقێکی ڕاستەقینە، تیایدا دەبینین کە مرۆڤ هەیە لە ناو زینداندا لەدایک دەبێت، لەوێدا گەورە دەبێت، لەوێدا دەژی. بۆیە هەر ناو زیندان دەناسێت، ئەگەر بیشیبەیتە دەرەوەی زیندانەکە دەبێت بە پێکانی خۆی بگەڕێتەوە ناوی، لەوێ ئامادەبکرێت بۆئەوەی دواجار ملی پێ بەرزبکرێتەوە بۆ بەر پەتەکە، یان ملی کەسانی تر بکات بە پەتدا. چونکە جگە لەوە شتێکی تری نەبینیوە و نایزانێت. لە ڕۆمانی بەندەر فەیلیدا هەموو کەس قوربانییە، وەک ئەوەی کە دەشێت هەموو کەسێکیش جەلاد بێت، کەس نییە ئازادبێت، بۆیە کە ئازادیش کرا ناتوانێت هەستی پێ بکات، یان زۆر بەپەلە دەیەوێت لێی ڕابکات.
لە ڕۆمانی بەندەر فەیلیدا، بەندەر کەسێکە لەبەر نەفرەتی ئەوەدایە، کە دایکی فەیلییە، ئەگەر فەیلیش بیت لە ئەم وڵاتەدا جێگەیەک نابێت بۆ تۆ تیایدا بژییت، یان دەبێت دەربکرێیت یان دەبێت بکوژرێیت، گریمانی شانسی سێیەمت نییە، لەبەرئەوەی تۆی فەیلی کوردیت و عەرب نییت، هەروەها شیعەیت و سووننە نیت، کە ئەمەش مایەی بێزاری و دروست کردنی مەترسییە بۆ دەستەڵاتێک کە خۆی وادەبینێت عەرەبە و سوننەیە و ڕاستییەکەشی هەروەهایە.
بەندەر فەیلی کوڕی ئەسرا فەیلییە، بە هۆی چارەنوسە خراپەکەی خۆیەوە ئەوکاتە لەدایک دەبێت، کە دایکی لە زینداندا لە سێدارە دەدرێت، کە دایکی دەخنکێت، ئەمیش بەردەبێتەوە بۆ سەر ئەو زەوییەی کە جگە لە زەویی ژوری لە سێدارەدانی مرۆڤەکان شوێنێکی تر نییە. نەفرەتی فەیلی بوون (واتە کوردبوون و شیعەبوون) تا مردن لە بەندەر فەیلی نابێتەوە.
ئەسرا کچێکی فەیلیی جوانە و لە بەغداددا دەژی و خێزانەکەیان کاری بازرگانی دەکەن. نەقیب یاسریش پیاوی دەوڵەتە و لە دەزگای گرنگدا کاردەکات، چونکە خزمایەتیی لەگەڵ بنەماڵەی دەستەڵاتدارداهەیە و ئەم یاسرە حەز لە ئەسرا دەکات، بەڵام ژنیشی هەیە و ژنەکەشی (عەبیر) خزمی بنەماڵەی سەرۆکە، بۆیە، سەرباری ئەوەی کە نەقیب یاسر ئەسرا زەوت دەکات، دەشیخاتە زیندانەوە بۆئەوەی لەوێ لەسێدارەبدرێت. شانسی ئەوە دەدرێت بە ئەسرا شوو بە یاسر بکات، بەڵام ئەسرا هەرگیز نایەوێت ببێت بە بەشێک لەو ڕژێمەی کە ستەمکار و خوێن ڕژە و مافی ژیان بە کەس ڕەوا نابینێت، بە تایبەتییش کوردە فەیلییەکان. کە ئەسرا لەسێدارەدەدرێت عەبیر لەڕێگەی دەستەڵاتەکەی خۆیەوە بەڕێوەبەرانی زیندانەکە ناچاردەکات، کە منداڵەکەشی لەناوبەرن. نەقیب یاسریش لەڕێگەی پەیوەندییەکانی خۆیەوە ناچاریان دەکات، کە هەر لە ناو زیندانەکەدا بەخێوی بکەن و بیهێڵنەوە. بۆیە سەیدهاشمی کارمەندی بەشی سێدارە، کە کەسێکی فەرمانبەری پلەدووی ناو زندانەکەیە و ژنە چێشت لێنەرەکانی ناو زیندان و چەند کەسێکی دیکە دەست بە بەندەرەوە دەگرن و دەیهێڵنەوە و بە جلەکۆنەی منداڵی خۆیان و بە خۆراک و خواردنەکانی ناو زیندان گەورەی دەکەن و جگە لە ناوەوەی زیندان و ژوری لە سێدارەدان هیچ شوێنێکی تر نابینێت، هێشتا تەمەنی لە سێ چوارساڵیدایە، کە لەناو ژورەبچوک و ڕەشەکەی لەسێدارەداندا کورسییەکی بۆدادەنێن، بۆئەوەی بە چاوی خۆی کرداری لەسێدارەدانی حوکمدراوەکان ببینێت، پێیدەڵێن کە ئەوکەسانەی لەسێدارەدەدرێن کەسانی تاوانبارن، هەڵە و کاری خراپیان بەرامبەر بە دەوڵەت کردوە، بەڵام بەندەر نازانێت دەوڵەت چییە و ئەوەش مانای چییە، کە کاری خراپی بەرامبەر بکرێت.
لەڕاستیدا بەندەر دەرکەوتە و زادەی ناو زیندانێکی وڵاتێکە، کە  کۆی وڵاتەکە خۆی زیندانێکی گەورەترە، کە شەڕ و کوشتار و لەسێدارەدان حوکمی دەکات. بۆیە رەهەندی پەیوەندییەکانیشی هەر ئەوەندەن کە دەتوانێت لە ناو زیندان و بەشی سێدارەدا پەیوەندی بە کارمەندەکانەوە بکات، کەواتە بەندەر بەناو فەیلییە، دەنا خۆی هیچ ناسنامەیەکی نییە. ئێمە دەزانین کە ناسنامە لە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا دروست دەبێت، بۆیە بە بونی زمان و ئینتیما گەڵاڵە دەبێت، بەڵام جگە لە ئەوشوێنە سارد و ڕەش و پڕتاوانانە بەندەر پەیوەندیی بە هیچ شوێنێکی تری دنیاوە نییە، ئێمەش دەزانین، کە ئەم وەک چارەنووسی خۆی فڕێدراوەتە ئەوێوە، بۆیە نە زمانێکی دیاریکراو و نە ئاین و نە ناسنامە هیچیانی نییە. بەندەر لەگەڵ سەیدهاشمدا فێری زمانەکەی ئەودەبێت و لەگەڵ ئەو و کارمەندەکانی تردا قسەو مامەڵەی پێدەکات، چەندجارێک باسی ئاین دێتە پێشەوە بەڵام بەندەر ئاینیشی نییە، ناشزانێت کە بۆچی دەبێت مرۆڤ ئاینی هەبێت، ناسنامەی نەتەوەیی نییە وابەستەبێت پێیەوە، بەڵام هێندە دەزانێت کە پێیدەگوترێت فەیلی، تێش ناگات فەیلیبوون چییە.
ئەودەمەی کە مرۆڤ ئازاد بێت دەتوانێت قسەی لەسەر ئینتیما و ناسنامە و ئاینیی خۆی هەبێت. زۆرجار ئەوە دەبیستن، کە مرۆڤەکان ئاینی خۆیان دەگۆڕن و بۆ بەڵگەش دەڵێن، کە خۆیان ئازادن، یان دەیانەوێت ئازاد بن، بۆیە ئاین و ئازادی وەک دوو هاوکێشەی بەرامبەر بەیەکتری کار دەکەن، ئەگەرچی توانای پێکەوەهەڵکردنیشیان نییە، کەچی بەندەر هیچیانی نییە، بۆیە ئاین لەلای ئەو هیچ کێشەیەک نییە.
لە قۆناغێکدا دەستەی کارگێڕیی زیندانەکە دەچنە ئەو بڕوایەی کە ئیتر پێویستە هەندێک خوێندەواریی فێربکرێت، بەڵام ناشیانەوێت ئەوەندە خوێندەواربێت کە چاوی بکرێتەوە و بیرکاری و کیمیا و فیزیاش بخوێنێت، بەڵکو دەیانەوێت هێندە شت فێرببێت، کە گەمژە دەرنەچیت. بۆیە لە ناو زیندانیکراوەکاندا بەدوای کەسانێکی وادا دەگەڕێن کە بەندەر فێری خوێندەواری بکات، پاداشتی ئیدارەکەش بۆئەوکەسانە کە فێری دەکەن ئەوەیە کە جێبەجێکردنی حوکمەکانیان دوادەخەن.
فوئاد شەبیب زیندانیکراوێکی چەپڕەوی خەڵکی شارۆچکەی موسەییەبە، هەندێک وانەی پێدەڵێت، بەڵام حەزی ئەوەشی تێدادەچێنێت کە دەبێت هەمیشە چاوی لەسەر دەستخستنی هەلێک بێت، بۆئەوەی بتوانێت هەڵبێت و خۆی لە زیندان دەرباز بکات، چونکە لەدەرەوەی زیندان ژیان هەیە و بەجۆرێکی ترە. فێری دەکات، کە دەبێت هەوڵ بدات هەڵبێت و بچێت بۆ موسەیەب بۆلای ژنەکەی فوئاد خۆی، کە لەوێ کارمەندی شارەوانییە، هەوڵ بدات قەناعەت بە ژنەکەی بهێنێت، کە وەک منداڵی خۆی وەریبگرێت و بەخێوی بکات. بۆئەم مەبەستەش وشەیەکی نهێنیی دەداتێ، کە بیگەیەنێتەوە بە ژنەکەی خۆی، وشەکە بریتییە لە (مانگی شیراز) ئەمە سەرەتای شت فێربوونە لەلای بەندەر، بەڵام لەسەرئەوەی کە فوئاد ئەمی فێری ئەوەکردووە هەوڵی هەڵاتن بدات، بڕیاری لەسێدارەدانەکەی پێش دەخەن و زوو هەڵیدەواسن.
 لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا بەندەر دەخرێتە بەردەستی چەند کەسێکی جیاجیا بۆئەوەی هەریەکە و شتێکی فێربکات، بۆنمونە فێری چاککردنەوەی ڕادیۆ و سەعاتی دەکەن بەبێ ئەوەی دەستی بگات بە هیچیان، فێری شەترەنجی دکەن بەبێ ئەوەی شەترەنجی بینیبێت، فێری خۆشنوسیی دەکەن، بەبێ ئەوەی کە پیت بناسێت، بەڵام دوواییش دەبێت بە خۆشنوسێکی ناودار. ژنێکی زیندانی فێری گرنگیی بوونی پەیوەندیی جەستەیی نێوانی پیاو و ژنی دەکات و چەندجارێک هەموو لەشی خۆیی بەڕووتی پیشان دەدات و ئەندامەکانیشی پێ دەناسێنێت.
بەندەر دوو جار هەوڵی ڕاکردن لە زیندان دەدات، جارێک لەسەر پێشنیارەکەی فوئاد شەبیب و جارێکیش بەخواستی خۆی لەبەرئەوەی کە دەیەوێت لەدەرەوە بگاتەوە بە کچێک کە لە زینداندا ناسیویەتی ناوی نەدا زەرغام بوستانی یە بە لێخۆشبوونی گشتی ئازادبووە و بەندەریش دەیەوێت بگات بە دەرەوە و پێی بگاتەوە بۆئەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵدا بکات، (واتە دەکەوێتە داوی وەهمێکی خۆشەویستییەوە) بەڵام لە هەردوو جارەکەدا هەر دەگیرێت و دەگەڕێندرێتەوە ناو زیندان، وەک ئەوەی کە هەر بۆ ناو زیندان خولقابێت و لە دەرەوەی تەلبەندەکانی زیندانەوە شوێنێک بۆئەو بوونی نەبێت.
ساڵانی نێوانی ١٩٨٢ تا ٢٠٠٣ بەم شێوەیە بەسەر بەندەردا تێپەڕ دەبن. لە ساڵی ٢٠٠٣ دا کە هێزە ئەمریکییەکان دەست بەسەر بەغداددا دەگرن و هەموو زیندانەکان بەهۆی بۆردومانەکانەوە دەڕوخێندرێن، ڕۆژێک چەند سەربازێکی ئەمریکی لەناو تەپوتۆز و پاشماوەی ڕوخاوی زیندانەکەدا بەندەر دەدۆزنەوە، هەندێک فریاگوزاریی سەرەتایی بۆدەکەن و دەیبەنەلای خۆیان، کە لەچیرۆکەکەی تێدەگەن ئەمانیش لەبریی ئازادکردن و قەرەبووکردنەوەی ئەو تەمەنەی کە بە زایە لەدەستی چووە دەستی بەسەردادەگرن بۆئەوەی وەک بابەتێکی ڕاگەیاندن سوودی لێ وەربگرن، بەرگ و جێگەی مانەوە و خواردنی بۆ دابین دەکەن، بەڵام دەشیکەن بە دیلی مەکینەی ڕاگەیاندنەکەی خۆیان، تا ئەو ئاستەی کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت مافی دەرکەوتن و دیدارەکانی بەندەر دەکڕێتەوە و ئیتر ئەوان مامەڵە بە لێدوان و دەرکەوتنەکانیەوە دەکەن، بەبێ ئەوەی ئەو کارە هیچ داهاتێک بخاتە دەستی بەندەرەوە، تا ئەو جموجوڵانەی ڕاگەیاندن داهات و پارەی تێدابێت ئەو کۆمپانیایە دەیخوات، کە تیایدا نەما، ئەمجا فڕێ دەدرێتەوە سەر شەقام و لەو نێوەندەشدا تووشی نەخۆشییەکی سەخت دەبێت کە توانای ئیدارەدانی خۆیی نامێنێت و دەبێت بە بەردەوامی ئامێری هەناسەدانی دەستکردی پێوەبێت. بۆیە دکتۆرێکی فەیلیی ناودار کە ناوی (خالق)ە دەیگرێتەخۆی، لەبەرئەوەی فەیلییە، لە ناو نۆڕینگەکەیدا کە لە نهۆمی سەرەوەی بینایەکدایە شوێنێکی مانەوەی بۆ دابین دەکات بۆئەوەی لەوێوە و لە ئەو دوری و بەرزییەوە بڕوانێتە خەڵک و ژیانی ناو شەقامەکان، چونکە خۆی توانای چونە ناو خەڵکی نییە.     
  پەیامی ئەم ڕۆمانە لەوەدایە، کە پێمان دەڵێت کە چارەنووسی ئەو وڵاتەی ناوی عیراقە مەحکومە بە جۆرێک لە فاشیزمی ئەبەدی. گۆڕانکارییەکان لەبەرامبەر ئەم حوکمەدا کارێکی ئەوتۆیان پێ ناکرێت، شەڕی ساڵی ٢٠٠٣ کە کۆتایی بە دەستەڵاتێکی دڕندە و سەرسەختی شەڕخواز و شەڕەنگێز هێنا، زۆر بونیادی سیاسی و ئابوریی تێکشکاندا، کەچی هیچ شتێکی لە ناسنامە فاشیستییەکە نەگۆڕی، ستەم و زیندان و کوشتن و سەرکوت وەک خۆیان مانەوە، یان دیسانەوە دروست بوونەوە، لەبەرئەوە ئەم وڵاتە لەگەڵ ئازادیدا کاری ناڕوات، کەس ناتوانێت تیایدا ئازاد بێت، مەگەر تەنها ئەوانەی کە بەجێیدەهێڵن و جاربەجار لە بۆنەکاندا سەردانی دەکەنەوە بۆئەوەی چەپکە گوڵێک لەبەر لێواری پەنجەرەی بیرەوەرییەکانی خۆیاندا دابنێن و بگەڕێنەوە بۆ جیهانێکی تر کە تازە هەڵیانبژاردوە و تیایدا بوون بە پەنابەر.
ڕۆمانەکە زۆر جوانە، مایەی خۆشحاڵی و شانازییە، کە ئەم ڕۆمانە کوردییە. زەین و خەیاڵ و دەست و پەنجەی کوردێک نوسیویەتی، کە چەند هەنگاوێکی باش لەسەر ئەو ڕێگەیە چووەتە پێشەوە کە وەک نوسەرێکی جیهانی ڕێزی لێ بگیردرێت.
لە چەند لاپەڕەی یەکەمی دەست پێکدا جاربەجار هەندێک لاوازیی زمانی دەربڕین و ئامانج نەپێکان لە گوتندا دەبیندرێت، بەڵام دووای ئەو چەند لاپەڕەیە دەچینەوە سەر ئەو ڕیتم و سەلیقەی دەربڕینەی کە لەلای ئەم نوسەرە پێی ئاشناین و زمانی گوتن بەباشی دەپژێتەوە. گۆڕانکارییەکی تریش لە ئەم کارەدا کراوە، کە شایانی ئاماژەپێدانە و بریتییە لە کورتکردنەوەی تێکستی ڕۆمانەکە. ئێستە سەردەمەکە گۆڕاوە، ئەستەمە ئەوەندە کات هەبێت مرۆڤ بتوانێت دابنیشێت ڕۆمانێکی درێژی وەک (پیاوی نیازەباشەکان)ی (جول ڕۆمین)ی فرەنسی بخوێنێتەوە، کە دوو ملیۆن و حەفتاهەزار وشەیە، یان رۆمانی (ئەرتامین) ی (جۆرج سکۆدێری و مادلین سکۆدێری) بخوێنێتەوە، کە ١٣١٠٠ لاپەڕەیە. دووایین ڕۆمانەکانی کاک بەختیار (دەریاس و لاشەکان) قەبارەکەی زۆر باش بوو، بەڵام کەشتیی فریشتەکان و غەزەلنووس و باخەکانی خەیاڵ و داگیرکردنی تاریکی زۆر درێژن، ئەو درێژکردنەوەیە ڕەنگە بشێت ببێت بە نیشانەیەک بۆ شکانەوەی دەستەڵاتی نوسەر بەسەر دەق و دەربڕیندا، بەڵام خوێنەریش ماندوو دەکات. دەمەوێت ددان بەوەدا بنێم، کە یەکێک لە ئەو ڕۆمانانەی ناویان هات سێ جار گەڕاومەتەوە بۆ خوێندنەوەی نەمتوانیوە تەواوی بکەم، تەنها هۆکارەکەشی دڕیژیی دەقەکەیەتی، نەک شتی تر. 

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×