٢١ بەرپرسی باڵای کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا دەستگیرکران
  2022-12-23       402       


پۆلیسی تورکیا ئەمڕۆ ئۆپراسیۆنێکی فراوانی لە ٩ شاری باکوری کوردستان و ئەستەنبوڵ لەدژی بەرپرسانی پارتی دیموکراتی گەلان و پارتی دیموکراتی هەرێمەکان دەست پێکرد. ٢١ بەرپرسی باڵای ئەو دوو پارتە دەستگیرکران.

ئاوێنه‌: داواکاری کۆماری ئامەد لەسەر ناوی (پەکەکە\کەجەکە) لەدژی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) دەستی بە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردن کرد..

لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی ئامەدا، لە ٩ شاری باکوری کوردستان پۆلیسی تورکیا هەڵیکوتایە سەر باڵەخانە و ماڵی بەرپرسانی پارتەکە.

لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا کەسکین بایندر هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، خەیرەدین ئاڵتون و سەڤال گولمەز بەڕێوەبەرانی دەبەپەی ئامەد، زەکی ئیرمەز هاوسەرۆکی دەبەپەی شڕنەخ، شەنگول پۆڵات و هارون ئوکتای هاوسەرۆکانی دەبەپەی وان، هەدیە ئەنمەک هاوسەرۆکی دەبەپەی روحا، ئەتهەم ئونال و زولەیخا ئاسلان هاوسەرۆکانی دەبەپەی دیلۆک، شەرەفەدین ئاسلان هاوسەرۆکی دەبەپەی مێردین، بە گشتی ١٤ کەس دەستگیرکران.

لە شارەکانی ئاگری و ئێلح باکوری کوردستانیش، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر باڵەخانەکانی پارتەکە و بریاری دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی دەبەپەی هەردوو شارەکە دراوە.

ئەمڕۆ هەموو بەرپرسە کوردە دەستگیرکراوەکان بۆ شاری ئامەد دەگوازرێنەوە و دادگایی دەکرێن.

لەلایەکی دیکەوە، لە ئەستەنبوڵیش لەدژی ئەندام و بەرپرسانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەست بە ئۆپراسیۆنێکی دەستگیرکردن کرا.  لە ناوچەی کوچوکچەکمەجە، ئاتاشەهیر و سانجاکتەپەی ئەستەنبوڵ، حەوت کەس دەستگیرکران کە یەکێکیان کەریم کلچ بەڕێوەبەری ناوچەی سانجاکتەپەی پارتی دیموکراتی گەلانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×