ڕەگ و ڕیشەی ناسیۆنالیزمی نوێی کوردی: پاشخانی مێژوویی
  2022-12-25       1018       

مایکڵ ئەپەڵ

پرۆفیسۆر لەزانکۆی حەیفا - سەرۆکی بەشی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

  ناسیۆنالیزمی کوردی وەک ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسی و بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی دیاردەیەکی نوێیە. بەهەرحاڵ، پەرەسەندنی کۆی شوناسەکان، بەڵگە و ئاماژەکان، نەریتە کولتووری و فەرهەنگییەکان و خودهۆشیاری لە سەردەمی پێش مۆدێرنەدا سەرچاوەیەکی لەبننەهاتووی بنیاتنانی گوتاڕێکی ناسیۆنالیستیی مۆدێرن و "کۆمەڵگە خەیاڵییە" مۆدێرنەکان پێکدێنن. تێگەیشتن لە گەشەکردنی بزووتنەوە نەتەوایەتییەکان و ئەو سەرچاوانەی بەکارهاتوون لە بنیاتنانی گێڕانەوە یان حیکایەتێکی نەتەوەییدا پێویستی بە ئەزموونێکی نزیکی گەشەکردنی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و زمانەوانییە.

یەکەم گوزارش و دەربڕینەکانی ناسیۆنالیزمی نوێی کوردی لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و بەرایی سەدەی بیستدا سەریهەڵدا. شێخ عوبەیدوڵڵا، کە ساڵی ١٨٧٨ دژ بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی یاخیبوونی بەرپاکرد و دوو ساڵیش دواتر ناوچەی ورمێی ئێرانی داگیرکرد، لەبارەی سەربەخۆیی کوردەوە دەدوا. هەڵوێستی ئەو لەبەرانبەر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا تەمومژاوی بوو و پاڵنەر و ڕەفتارەکانی نەریتی و خێڵەکی و فیوداڵانە بوون. لە هەندێ بۆنەدا عوبەیدوڵڵا زاراوەی "نەتەوە یان تایفەی کوردی" بەکاردەهێنا و ئاواتی خۆی بۆ یەکگرتنی کورد و دەوڵەتێکی کوردی دەرەبڕی لەژێر سایە و حوکمی خۆیدا١. لای خۆیشییەوە، حاجی قادری کۆیی (١٨١٧ - ١٨٩٧) ڕۆڵی خۆی بینیوە لە گەشەکردنی هۆشیارییەکی نەتەوەیی کورددا لە دەسکاری کردن و   ڕێکخستن و سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی داستانی مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٦٩٥دا بڵاوبووەوە. مەم و زین دەربڕینی شوناسێکی کوردیی سەربەخۆ و خولیا و ئاواتی حاکمێکی کوردی تێدایە٢. ئەمە لەلایەن نەتەوەپەروەرەکانەوە وەک حیکایەت و داستانێکی دوورودرێژی ناسیۆنالیزم وەرگیرا. هەنگاوێکی تر بە ئاڕاستەی خودهۆشیاریی کوردیدا دەرکردنی یەکەم ڕۆژنامە بوو بە زمانی کوردی، بە ناوی " کوردستان" لە ساڵی ١٨٩٨دا. ناسیۆناڵیزمی کوردی بە پرۆسەی مۆدێرن بوون و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕۆژئاوادا بەرجەستەبوو لە ماوەی حوکمی عوسمانی و ئێراندا بۆ کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا، گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی و گوتاری نەتەوەیی گرێدرابوو بە هەردوک شوناسی کوردیی مێژوویی و ئەفسانەییەوە و گەشەکردن و ڕۆڵی بەدرێژایی مێژووی پێش ئیسلام و ئیسلامەوە.

  مەبەستی ئەم بەشە خستنەڕووی مێژووی پەرەسەندن و پێکهاتە سۆسیۆ - سیاسییەکانە لە کوردستاندا و ئیشارەت کردنە بۆ پەیدابوونی کورد و بەڵگە و دەلالەتەکانی " کورد و ئەکراد" و شوناسی کورد و خێڵەکانی کورد و میرنشینە کوردییەکان بەدرێژایی مێژووی ئیسلام٣. ئەمە دەشێ وا تەماشا بکرێت کە مێژووی کوردستان و ئەو پەرەسەندنە مێژووییانە بێت کە بە ئاڕاستەی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کوردیدا رۆیشتبێت، ڕێک وەک گاڵییەکان و فرانکەکان و میرۆڤینکەکان تێبینیی دەکرێن وەک بەشێک لە مێژووی فەرەنسا، مێژووی میر مێزسکۆ و بنەماڵەی پاشایەتیی پۆڵەندا، ریچاردی شێردڵ و مێژووی ئینگلیز، میرەکانی کێیڤ و مۆسکۆ وەک بەڵگە و ئاماژە بۆ مێژووی ڕووسیا. ڕاستییەکەی چەمکی "نەتەوەیی" لێرەدا ناتوانرێ بسەپێنرێت بەسەر ئەم حاڵەتەی ئێرەدا چونکە چەمکی ناسیۆنالیزمی نوێ تەنها لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریی مۆدێرندا گەشەی کردووە. بەهەرحاڵ، مەسەلەکانی پێش مۆدێرنە، ڕاستی بن یان داهێنراو، چەشنی کەسایەتی، ئەفسانەکان و ئەفسانە میللییەکان وا لە بزووتنەوە مۆدێرنە میللی یان نەتەوەییەکان دەکەن کەوا گوتاڕێکی نەتەوەیی مۆدێرن بنیات بنێن. گەشەکردنی شوناسێکی نەتەوەیی کوردی بەندبووە بە پەرەسەندنێکی سەرەکی کە وەکو کورد دەسنیشانکراوە، چەشنی خێڵە کوردەکان، میرنشینەکان، هۆنراوە و قەسیدە و دابونەریتی زارەکی. ناسنامەی ئیتنیکیی کوردی و تۆوی دەوڵەتسازیی کورد - لە فۆرمی میرنشینە ئۆتۆنۆمیدارەکاندا کە لە سەرەتای ئیسلامەوە تا سەدەی نۆزدەهەم لە دۆخێکی هەژموون و باڵادەستدا بوون و هەل و مەرجیان رەخساندووە بۆ گەشەکردنی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی مۆدێرن. بەڵام لەناوچوونیان لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا و پرۆسەی خاوی مۆدێرنیزە و گەشەکردنی سنوورداری چینە کۆمەڵایەتییە نوێکان و لێژبوونەوەیان بەرەو ئاوێتەبوون یان تەنانەت توانەوەیان لەناو شوناسی پەرەسەندووی تورک و عەرەب و ئێرانییەکاندا و نەبوونی نەریتی زمانێکی ئاستبەرزی کوردی هۆکاری سەرەکی بوون بۆ لاوازی و دواکەوتنی گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. بنیاتنانی نەتەوەیی   کورد و دڕووستکردنی حیکایەت یان گێڕانەوەیەکی نەتەوەیی لەلایەن بزووتنەوەی نەتەوەیی مۆدێرنی کوردەوە پێویستی بە نزیکترین تاقیکردنەوەی شوناسی کوردییە لە یادەوەرییە بەکۆمەڵ و پەرەسەندنە مێژووییەکاندا کەوا کاریان کردووەتە سەر زمانی کوردی و ئەو بارودۆخە سۆسیۆ - سیاسییەی کە پێش بەرەبەیانی ناسیۆنالیزمی مۆدێرن کەوتوون و تایبەتمەندیان کردووە. بارودۆخی نێودەوڵەتی و سەرلەنوێ نەخشەکێشانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، کە کوردی بە بێدەوڵەت هێشتەوە، لەهەمان کاتیشدا دەستباڵایی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و پرۆسێسەبوون لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەو دۆخ و هەل و مەرجەی دڕووستکرد کەوا بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کوردی تێدا پەرەبسێنێت. بەهەرحاڵ، تێگەیشتن لە بنەماکانی بزووتنەوەکە پێویستی بە توێژینەوەیەکی قووڵی مێژووی کوردستان و کورد و کاراکتەرەکانی پێش گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی مۆدێرنە٤.

 

کورد و کوردستان و گەشەکردنی ئیسلام

تۆمارە مێژووییە ئیسلامییەکانی چەرخی ناوەڕاست و کتێبە مێژووییەکان و بەهەمان شێوەش توێژینەوە نوێکانی تەرخانکراو بۆ هەڵکشانی ئیسلام و فتووحاتەکانی لە سەدەی حەوتەمدا، بەشێوەیەکی سەرەتایی پرۆسەی بەڕەنگاربوونەوە بوو لە نێوان موسڵمانەکان و دوژمن و ڕکەبەرە بەهێزەکانیان لە ئیمپراتۆرییەتەکانی ساسانیی فارسی و بیزەنتییەکاندا، کە حکوومەتی سەنتراڵی خۆیان و هێز و دەسەڵاتی خۆیان و ئاینی خۆیان و کولتووڕێکی نووسراوی خۆیان دەستەبەر کردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، بێجگە لە    بەگژداچوونەوە و ململانێیان لەگەڵ دەوڵەتە چاک ڕێکخراوەکان و کولتوور مەحکەم و پتەوەکان، موسڵمانەکان ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی دیجلە و پێدەشتەکانی فورات و هەردە و بەرزاییەکانی ئێرانیان داگیرکرد لە شەڕ و بەرەوڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ کوردەکانی یان "ئەلئەکرادی" دانیشتووانە خێڵەکی و شوانکارە و جووتیارە گوندنشینە نەخوێندەوارەکاندا، کەوا دەسەڵاتێکی سێنتراڵیان نەبوو و بە دیالێکتە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی قسەیان دەکرد کە نزیکایەتی لەگەڵ زمانی فارسیدا هەبوو. ئەمە ڕووبەڕوونەوەیەک بوو لە نێوان شەپۆلێکی کۆچەری فراوانخوازی خێڵە شوانکارە عەرەبی زمانەکانی بیابانەکانی عەرەب و شام کە بە هۆکاری ئایدیۆلۆجیایەکی هاندەری سەروو خێڵی ئیسلامییەوە یەکیانگرتبوو و لەگەڵ خێڵە چیانشینە شوانکارەکاندا بەریەک کەوتبوون کە بە دیالێکتە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی دەدوان و دەسەڵاتێکی سیاسیی باڵای سەروو  خێڵ و ئایدیۆلۆجیایەکی ئاینیی ڕێکخراویان نەبوو.

  ئیسلام، کە لە نێو دانیشتووانی مێرگەکان (واحة) و خێڵە شوانکارە کۆچەرەکانی دوورگەی عەرەبی لە ماوەی سەدەی حەوتەمدا بڵاوبووەوە، هەرزوو سەرچاوەیەکی دەسەڵات و شەرعییەتی پێکهێنا بۆ سەرکردایەتیی سەروو خێڵ و پاڵنەڕێکی ئایدیۆلۆجیی رەخساند بۆ پەلکوتان و فراوانبوون و خاک و ناوچە نەریتییەکانی کۆچکردنی وەرزیی خێڵ تێپەڕێنێت. لەولاشەوە، خێڵە کوردەکان ئاین و باوەڕێکی یەکگرتوو لایان گەڵاڵە نەبوو و لەهەمان کاتیشدا سەرکردایەتی یان پەیامێکی یەکگرتوویان نەبوو، بەڵام بە پێچەوانەی دۆخی کوردەوە، زمانێکی گەشەکردووی پتەو لە نیمچە دوورگەی عەرەبدا هەبوو، تەنانەت لەپێش سەرهەڵدانی ئیسلامیشدا - کە بڵاوبوونەوەی ئیسلام و کولتووری ئیسلامی خێراتری کرد لە ژینگەی عەرەبیدا، لەولاشەوە گەشەکردنێکی زمانەوانیی هاوتەریب لە ناو خێڵە کوردەکاندا نەڕەخسابوو و هیچکام لە دیالێکتە کوردییەکانیش باڵادەستی و هەژموونی بۆ خۆی دەستەبەر کردبوو. بەواتایەکیتر زمانێکی بنەڕەتیی یەکگرتوو نەهاتە ئاراوە.

تێرم یان زاراوەی "کوردەکان" (ئەلئەکراد) وەک بەڵگە و ئاماژەی ئەوە هەیە کە شوناسی بەکۆمەڵی کورد لە سەر بناغەیەکی جێگیری سەروو خێڵ یان سەروو ڕێکخراوی لۆکاڵی وا دڕووست نەبووە کە خولیا و مەراقی بەدیهێنانی سەربەخۆیی بێت یان خێڵە جۆراوجۆرەکانی کورد یەکبخات. خێڵە عەرەبەکان، لەکاتێکدا کە بە دانپیانان و سەلماندنی هەموو لایەک ناسنامەکانی خۆیان دەپاڕاست، سوودێکی بەرچاویشیان لەو خێڵانە دەبینی کە بەرەوڕوویان دەبوونەوە و شەڕیان لەگەڵ دەکردن لە ماوەی هێرش و پەلاماردان و بەرفراوانکردنی ڕووبەری داگیرکارییان، بەپێی ئەو ڕاستییەی کە باوەڕێکیان هەبوو، بێجگە لە پرینسیپێکی ڕێکخراو و سەرکردایەتییەکی سەروو خێڵ و ڕەوایی پێدانێکی ئاینیش. پەرەسەندنی "کۆمەڵگەیەکی خەیاڵی" ئیسلامی   هێز و دەسەڵاتی دا بە موسڵمانەکان کە هەژموونی خۆیان بسەپێنن بە سەر گرووپەکانی ئەو دانیشتووانانەدا کە پرۆسەیەکی هاوشێوەیان ئەزموون نەکردبوو. لەکاتێکدا کەوا ئیسلام چاودێریی قۆناخە سەرەتاییەکانی گەشەکردنی دەوڵەتی عەرەبیی دەکرد (لانی کەم تا کۆتایی خەلافەتی ئەمەوییەکان)، بەڵام گەشەسەندنێکی لەو شێوە لە نێو خێڵە کوردەکاندا رووینەدا.

   واتا و دەلالەتەکانی "کورد و ئەکراد و مەعقەل ئەلئەکراد" (واتە قەڵای پتەوی کوردان) لە کتێبی ئەلبەلازەری (البلاذری) (ساڵی ٨٩٢ کۆچی دوایی کردووە)، کە ناوی فتووحولبولدانە (فتوح البلدان، واتە داگیرکردنی وڵاتان)، کە بەراییترین کتێبە باس و خواسی نەریتی داگیرکاریی ئیسلامیی تێدابێت. بە پێی کتێبی ئەلبەلازەری بێت موسڵمانەکان لەگەڵ کورد بەشەڕهاتوون بەدرێژایی ماوەی داگیرکردنی وڵاتی فارس و ناوچەکانی مووسڵ و   ئازەربایجان و خێڵە کوردەکان بەئاشکرا لەپاڵ لەشکری ساسانیی ئێراندا شەڕیان کردووە. ئەوجا پاش ئەوەی کە هاتنە سەر ئاینی ئیسلام و پاش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیش، کوردەکان هەر بەردەوام بوون لە سەر   یاخیبوون و هەڵکوتانەسەر و پەلاماردانی گەشتیار و کاروانی بازرگانان هەرکاتێک کە حکوومەتی ناوەندی دەسەڵاتی لەکزی بدایە یان لە ئەنجامی یاخیبوون و ململانێی ناوخۆییەوە لاواز بوایە٥.

  ئەلتەبەری (الطبری ٨٣٨ - ٩٣٢)، کەوا یەکێکە لە گەورەترین مێژوونووسانی سەرەتای ئیسلام و لە حەڤدە بەرگی کتێبە سی و نۆ بەرگییەکەی کە ناوی (تأریخ الرسل والملوک، واتە مێژووی پێغەمبەران و پادشایانە) و بە شێوەیەکی باو بە "مێژووی تەبەری" دەناسرێت، باس لە کورد دەکات، هەڵبەت باس و ئاماژەکانیش بەزۆری لەبارەی دانیشتووانە خێڵەکییە گوندنشین و شوانکارە و کۆچەرەکان بوون کەوا جڵەوکردنیان ئاسان نەبووە و هەمیشە مەیلیان بەلای ملکەچ نەبوونەوە بووە بۆ حکوومەتی ناوەندی. ئەلتەبەری یەکەمجار باس لەو کوردانە دەکات کە لە سێهەم ساڵی حوکمی عوسمانی خەلیفەدا، لە ناوچەکانی باشووری لوڕستان لە نزیک رووباری کاروون یاخیبوون٦. تەبەریش وەکو بلازەری ئیشارەت بەوە دەدا کە لە کاتی داگیرکردنی ئێران لە لایەن ئیسلامەکانەوە، کوردەکان لەپاڵ فارسەکاندا شەڕیان کردووە دژ بەو موسڵمانانەی بۆ ناوچەکانی وڵاتی فارس و ئەهواز پێشڕەوییان کردووە٧. ڕاستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامیش، وەک دەوڵەتی بێزەنتینی و ئێرانی سەفەوی، بەزەحمەت حوکمی خۆی دەسەپاند بەسەر خێڵە کوردە یاخییەکاندا، لەسۆنگەی ئەوەوە کە جەنگاوەری کارامە بوون و جیۆپۆڵەتیکی خاک و وڵاتەکەیان کەوتبووە نێوان هەردوو دەوڵەتی ئیسلامی و بێزنتییەوە.

  ئەمڕۆ هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی نابینیت باس لە مەسەلەی ئاین بکات لەناو کورددا لەپێش سەرهەڵدانی ئیسلامدا. ئەگەری زۆریش هەیە کە زۆربەی دانیشتووانی کوردستان لە سەر ئاینی زەردەشتی و مانی بووبێتن، لەگەڵ بوونی هەندێک کریستیاندا. بەڵگەی زەردەشتییەت لەناو کورددا لە هۆنراوەیەکی سەرچاوە نەزانراودایە، کە روون و ئاشکرا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەم یان هەشتەم و بە دیالێکتێکی کوردی نووسراوە و بە خەتی ئارامی و داخ و حەسرەت بۆ تێکدان و رووخاندنی پەرستگە زەردەشتییەکان دەردەبڕێت لە سەر دەستی عەرەب لە ناوچەی شارەزووری باشووری کوردستاندا٨. 

  زۆربەی زۆری کورد لە هەردوو سەردەمی ئەمەوی و عەباسیدا بوون بە ئیسلام. بەهەرحاڵ، دابڕانی سروشتی لە کوردستانی شاخاویدا و شلوشۆڵیی حوکمی دەوڵەتی ئیسلامی ئاسانکاریی کرد بۆ مەسەلەی پارێزگاریی لە   نەریت و رێوڕەسم و بیروباوەڕی پێش ئیسلام و پەرەسەندنی دەستە و تاقمی دژەباو یان هەرتەقەی (هێترۆدۆکس) وەک ئەهلی هەق و یەزیدییەکان و درووستبوونی ریبازەکانی سۆفیزم وەک پێهاتەیەکی ئاینی و کۆمەڵایەتیی باو لە کۆمەڵگەی کوردیدا.

  بەشیوەیکی دانپێدانراو، ئەو خێڵە کوردانەی کەوا چوونەتە دنیایەکی ئاینی و کولتووریی ئیسلامەوە کە تا ئاستێکی زۆر پشتیان بە زمانی عەرەبی و فارسی بەستووە. هەژموونی عەرەبی وەک زمان لە ئاین و یاسا و کولتووری ئیسلامدا و باڵادەستیی فارسی و تورکی لە دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا و هەروەها لەو ناوچانەی کە دا‌هێنانی کولتوور و ئەدەبیان تێدا دەکرێت لە سەرانسەری دنیای ئیسلامدا لەبەرئەوە دیالێکتەکانی کورد دابەزیونەتە ئاست و دۆخی زمانی ڕەشەخەڵکەکە. بێگومان هەژموونی نووسین بە ئەلفبێ یان پیتی عەرەبی و نەبوونی ئەلفبێیەکی تایبەتی کوردی وای لە نووسین بە پیتی عەرەبی کردووە کە زاڵ و باڵادەست بێت و نەبوونی زمانێکی نووسراوی کوردی لەجێی دیالێکتە ناوخۆیی و لۆکاڵەکانی کوردی و دابەزێت بۆ پلە و پێگەیەکی خوارتر لەچاو زمانی فارسیدا، کە زمانێکی باش فۆرمەڵەکراو و دەوڵەمەندە بە نەریت و کولتووڕێکی نووسراو کەوا خۆی گونجاندووە لەگەڵ ئەلفبێی زمانی عەرەبیدا و توانیوێتی سەرکەوتووانە پارێزگاری لەخۆی بکات و خۆی بگونجێنێت و لەناو ئاینی ئیسلامیشدا گەشە بکات.

  هۆنراوەی کوردی، بەشێوەیەکی سەرەکی لە دیالێکتی گۆراندا، بچڕبچڕ گەشەی کردووە تا سەدەی هەژدە. بەهەرحاڵ، نەبوونی یان لاوازیی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، لەگەڵ بەرژەوەندی و خولیایەک بۆ چاودێری کردنی زمانی کوردی، وایکرد کە بنەمایەک درووست نەبێت بۆ پەرەسەندنی زمانێکی ئەدەبیی کوردیی ستاندارد. ئەم لاوازیی زمانەش دیسان رێگر بوو لە پەرەسەندنی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کوردیی مۆدێرن و هۆشیارییەکی نەتەوەیی یەکگرتوو لە سەدەی بیستەمدا٩.

 

بنەماڵە خێڵەکی و فیوداڵەکانی کورد و شەپۆلەکانی داگیرکردنی تورکیا

   لە نێوان سەدەکانی حەوت و شانزەدا کوردستان چەندین جار داگیرکراوە لەلایەن شەپۆلی خێڵە کۆچەر و داگیرکەرەکانی - عەرەب و تورکە خوارەزم و مەغۆل و دواتریش تورکمانەکانەوە - کەوا پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردیان تێکوپێکدا.

  داگیرکردنی موسڵمان و زەوتکردنی تورکی سەلجووقی و داگیرکاریی مەنگۆل و خاک و وڵات زەوتکردن لە لایەن خێڵە تورکمانەکانەوە – قەرەقۆینلوو و ئاق قۆینلوو لە سەدەی پانزەدا - کە لە لایەن شەپۆلە گەورەکانی خێڵە کۆچەرەکانەوە جێبەجێکران کەوا ڕێکخراو و لەرووی سیاسیشەوە بەسەر کوردەکاندا زاڵبوون. دانیشتووانی کورد هیچ شتێکی پاڵنەریان نەبوو بۆ پەلهاوێشتن و فراوانخوازی لەدەرەوەی خۆیان، چونکە لەلایەن خێڵەکانەوە جموجووڵی گەورە نەبوو بە ئاڕاستەی ناوچەکانی ژیان و گوزەران کردن لە دەرەوەی چیاکانی کوردستان، لەلایەکی تریشەوە نە هێزی خێڵەکان پەرەیسەندبوو و نە پێکهاتەی سیاسیی تۆکمە و ڕێکخراو یان ئایدیۆلۆجیایەکی ئاینی پاڵنەری بوو. لێرە خێڵە کوردەکان چالاکانە تێوەگلابوون لە شەڕ و ململانێی ناوخۆی فەرمانڕەوا سەلجووقییەکاندا، کاتێکیش حوکمڕانیی ناوەندی سەلجووقیش هاتە کزی و لاوازی بە هۆی بەردەوامیی قەیرانەکانەوە، ئەمان (واتە کوردەکان) لە شاخەکان و قەڵا و قایمکاریی ناو شاخەکانەوە شۆڕبوونە خوارەوە و کەوتنە پەلاماردانی نیشتەجێ و ئاوایی پێدەشتەکان و کاروان رووتکردنەوە لە ڕێگەوبانەکاندا.

  لە نێوان سەرهەڵدانی ئیسلام لە سەدەی حەوتەم و داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان لەلایەن هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوییەوە لە سەدەی شانزەهەمدا، کورد ڕۆڵێکی بینیوە لە مێژووی ئیسلامدا. ئەو ڕۆڵەی ئەوان لەسۆنگەی بەشداربوونی بنەماڵە خێڵەکییە فیوداڵەکانەوە بوو لە ململانێی دەسەڵاتی دەوڵەتە حوکمڕانەکانی ئیسلام و ناوەندەکانی دەرەوەی کوردستان و وەک ئەندامانی خێڵە چیانشینەکان یان میرنشینە خێڵەکییەکانی کە بەدوای ئەوەدا دەگەڕان خۆیان ڕزگار بکەن لە ستەمی حکوومەتێکی ناوەندی. لە قۆناخە بەراییەکانی ئیسلامیشدا، کوردەکان لەناوخۆدا دابەشبووبوون و هیچ میرنشین یان بنەماڵەیەکی کورد نەیتوانی باڵادەست و خاوەن هەژموون بێت و پارچە گرنگەکانی کوردستان یەکبخات. خێڵە کوردەکان ئاینێکی ڕێکخراو، زمانێکی نووسینی ستاندارد و دەسەڵاتێکی سیاسیی بان خێڵیان نەبوو. لەبەرئەوەی هیچکام لە ئیمارەت و بنەماڵە کوردییەکان نەبوونە هۆکاری هاندان و ورووژانی یەکگرتن و هاوکۆیی کورد، بۆیە هیچ کاتێک وەک کورد ڕەچاو نەکران و یارمەتیدەری پارێزگاریی مۆرک و شوناسی کورد نەبوون.

  لاوازبوونی ئیمپراتۆرییەتی عەباسی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆهەم بەملاوە و نەتوانایی لە سەپاندنی حوکم و دەسەڵاتێکی کاریگەردا بارودۆخی خوڵقاند بۆ بەهێزبوونی بنەماڵە خێڵەکییە فیوداڵەکانی کورد. ململانێی ناو بنەماڵەکانی بوەیهی و فارسی کە بوون بە هێزێکی سەرەکی لە بەغدا و لە ناوجەرگەی ئیمپراتۆرییەتی عەباسیدا و سەرەتای دزەکردنی خێڵە تورکەکان بۆ ناو دەسەڵاتی خەلافەت زەمینەیەکی ڕەخساند بۆ سەرهەڵدانی بنەماڵەی حەسنەوییەی کوردی (٩٥٩ - ١٠٩٥)، لە ناو خێڵی بەرزیکانیدا١٠. قەڵەمڕەوی حوکمی ئەم بنەماڵەیە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئازەربایجانەوە درێژبووبووە تا هەرێمی شارەزوور و چیاکانی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی شەتتولعەرەبەوە. ئەم بنەماڵەیە بە دەستی بنەماڵەی عەنازییە یان بەنوعەناز (٩٩٠ - ١١١٦) شکستیهێنا، کە دەکەوتە ناوچەکانی کرماشان و شارەزوورەوە، بەڵام قەڵەمڕەوی تا مەندەلی رۆیشتبوو، لە چیاکانی خوارووی دیجلەوە و لە سنووری ئێستای عێراق و ئێراندا١١.

  لە ناوەڕاستی سەدەی دەیەمدا بنەماڵەی شەددادی (شادیانی ٩٥١ - ١٠٧٥) سەریهەڵدا، کە قەڵەمڕەوی حوکمیان لە هەردوو رووباری ئاراس و کوورەوە لە باشووری ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی قەوقازەوە درێژبووبووەوە بۆ هەکاری و ئەو ناوچانەی کە ئێستا دەکەونە باکووری عێراق و سەر سنووری نێوان تورکیا و ئێرانی ئەمڕۆ١٢ و پێگە و خاڵی سەرەکییان گەنجە و دوین بووە.

  لە ڕۆژئاوای کوردستاندا و لە کۆتایی سەدەی دەیەمدا بنەماڵەی کوردی مەروانی (بەنو مەروان ٩٨٤ - ١٠٨٣) پەیدابوو. ناوەندی ئەم بنەماڵەیە لە مەیافارقین و دیاربەکر (بە کوردی ئامەد)  بووە و هەروەها کۆنتڕۆڵی   نەسیبین و جەزیرەی ئیبن عومەریشی کردووە١٣. گرنگترین سەردەمیان، حوکمڕانیی حاکمی مەروانی ناسرولدەولە ئەحمەد ئەبوناسر بن مەروان (ناصر الدولة ‌أحمد أبوناصر بن مروان ١٠١١ - ١٠٦١) بوو لە دیاربەکر، لەژێر سایەی دەسەڵاتی فەرمیی خەلیفەی عەباسی و ڕاستەوخۆ بەشێوەیەکی دیفاکتۆ سەر بە پیاوی بەهێزی خەلافەت سوڵتانولدەولەی بوەیهی بوو (١٠١٢ - ١٠٢١)١٤. ساڵانی دوورودرێژی حوکمی ناسرولدەولە مۆرکی گەشەکردنی ئابووری و کولتوورییان پێوەبوو. بە پشتگیریی ئەم، مزگەوت و نەخۆشخانە و پرد درووستکران و لە دەرباری ئەمیشدا زانایان یان "عولەما" و شاعیران چالاک بوون و وەفد و نێردە لە میسری فاتمی و ئیمپراتۆری بیزەنتینەوە دەهاتنە خزمەتی.

  بنەماڵە کوردەکان لە ئەنجامی زیادکردنی کۆچی خێڵە تورکەکان بۆ ناو   خاک و قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتی عەباسی گڵۆڵەیان کەوتە لێژی و هەروەها بە هۆی گواستنەوەی بنەماڵەی تورکی سەلجووقی بۆ پێگەی هێزێکی باڵادەست لە بەغدا و سەرانسەری ئیمپراتۆرییەتەکەدا. لە نێوان ساڵانی ١٠٢٠ و ١٠٤١دا خێڵە تورکەکان چەند ناوچەیەکی کوردنشینیان لە ئازەربایجان و  هەکاری و شارەکانی مەیافارقین و حەمدان و دیاربەکر داگیرکرد١٥. لە ساڵانی ١٠٥٤ - ١٠٥٥دا، حاکمی مەروانی ناسرولدەولە بن مەروان ملکەچیی خۆی قبووڵکرد بۆ توغروڵ بەگی حاکمی سەلجووق و بەیعەتی دایە. بۆ ساڵی دواتر، حاکمی بنەماڵەی شەددادی لە گەنجە، لە باشووری قەوقاز سوێندی بەیعەتی خوارد بۆ حاکمی سەلجووقی١٦.

  خاڵی وەرچەرخان لە داگیرکردنی ئیمپراتۆرییەتی عەباسی و ناوچەکانی کوردستان لەلایەن تورکەکانەوە شەڕی مەلازگرد (مەلازکرد) بوو لە ساڵی ١٠٧١دا، کاتی کە سەلجووقییەکان لەشکری بیزەنتییان شکاند و سەلماندیان کەوا هێزی گەورەی موسڵمانن١٧. لە ساڵی ١٠٧٥دا، سەلجووقییەکان بە سەرکردایەتیی سوڵتان ئەلپ ئەرسەلان بنەماڵەی شەددادیی تێکشکاند (لقێکی تری ئەو بنەماڵەیە لە شاری ئانی لە ڕۆژئاوای قەوقاز لە سەر سنووری ئەرمینیا تا ساڵی ١١٩٥ لەبرەودابوو). هەروەها بنەماڵەی مەروانیش لە سەردەستی سەلجووقییەکان تێکشکا. لە ساڵی ١٠٨٣دا، دوا شار و قەڵا و قایمکاریی بندەستی ئەم بنەماڵەیە لە جەزیرەی ئیبن عومەر داگیرکرا١٨. هەتا کۆتایی سەدەی دوانزەهەم ئەندامانی بنەماڵەی مەروانی وەک حوکمڕانی شار و ویلایەتەکان دادەنران، بەڵام هیچ کاتێک وەک حوکمڕانی سەربەخۆ کاریان نەدەکرد بەڵکوو هەمیشە ملکەچی دەسەڵاتی سەلجووقییەکان بوون. بۆ دامرکاندنەوەی یاخیبوونی بەردەوامی کوردەکان دەبوو فەرمانڕەوایانی سەلجووق قەڵا و قایمکارییەکانیان بگرن و ناچاریان بکەن بگەڕێنەوە ناوچە شاخاوییە دوورەدەستەکان بۆ دابینکردنی سەلامەتیی ڕێگەوبانە سەرەکییەکان. لە تۆمارە مێژووییەکەی سەرەتای سەدەی دوانزەهەمیدا، ئیبنولئەسیری (إبن الأثیر) مێژوونووس، کە دڵسۆزی بنەماڵەی زەنگیی حوکمڕانە تورکمانەکان بوو، باس لە سەرکەوتنەکانی ئەتابەگ عیمادەدین زەنگی دەکات لە داگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری قەڵا و قایمکاریی کورد لە ناوچەکانی جەزیرە و مووسڵ و هەکاری لە ساڵانی ١١٢٢ - ١١٢٣ و ١١٤٢ - ١١٤٣دا و هەروەها لە ناوچەی تکریت لە ١١٣٣ - ١١٣٤دا١٩. 

  هەرچەندە بنەماڵە کوردەکان بە سەرهەڵدان و هەڵکشانی تورکە سەلجووقییەکان لە سەدەکانی یانزە و دوانزەدا١٥ شکستیانهێنا بەڵام هەندێک لەو بنەماڵە کوردانە، بەتایبەتی ئەوانەی پلە و پێگەیان هەبوو لەو هێزە سەربازییانەی بنەماڵە تورکەکان فەرماندەییان دەکرد، لەژێر سایەی حوکمڕانە سەلجووقییەکاندا بووبوون بە خاوەنی هێز و دەسەڵات. ئەمە ئەو بارودۆخە بوو کە سەرهەڵدانی خێزانی سەڵاحەدینی ئەیوبیی لێکەوتەوە، لە شاری دوینی باشووری قەوقاز، کە تێیدا لە خزمەتی بنەماڵەی شەددادییەکاندا بوون. لە پاش کەوتنی بنەماڵەی شەددادی، ئەیوبییەکان لە دوین کۆچیان کرد و کەوتنە خزمەتی سەلجووقییەکانەوە و باپیری سەڵاحەدین کرا بە حاکمی شاری تکریت لەبریی حوکمڕانیی زەنگی٢٠.

  لە جیهانی ئیسلامیدا، سەڵاحەدین لە زەینی خەڵکدا وا جێگیر بووە کە ئەو حوکمڕانە موسڵمانەیە کەوا خاچدارە فرانکییە داگیرکەرەکانی دەرپەڕاندووە. سەڵاحەدین بووە بە کەسایەتییەکی سەرسامکەر لەناو موسڵمانە   سوننییەکاندا و بووە بە قارەمانێکی نەتەوەیی عەرەب لە سەدەی بیستەمدا - بەتایبەتی پاڵەوانی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمیی عەرەبی سووریا و عەرەبی عێراق و عەرەبی میسر و جێگەی سەرسامی بوو لەلایەن سەرکردە عەرەبە ناسیۆنالیستەکانی وەک جەمال عەبدولناسر و حافز ئەسەد و بووبوو بە نموونەی باڵا بۆ سەددام حوسێن. هەرچەندە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردیی سەدەی بیستەم برەوی بە ئەفسانەی سەڵاحەدین داوە وەک قارەمانێکی نەتەوەیی کورد کەوا ئیسلامی لە خاچپەرستان ڕزگار کردووە، بەڵام بەشێک لە ناسیۆنالیستە کوردەکان رقی خۆیان بەرانبەری دەردەبڕن چونکە پێگەی بەهێزی خۆی بەکارنەهێناوە بۆ پێشخستنی مەسەلەی کورد و گەڵاڵەکردنی دەوڵەتێکی کوردی.

  ئەیوبییەکان یەکەم بنەماڵەی کورد بوون لە مێژووی ئیسلامدا کە دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان وەدەستهێناوە. بەڵام بنکەی دەسەڵاتی ئەوان لە میسر بوو، دوور لە کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی تر. هەڵبەت شوناسی بەکۆمەڵی ئەو کوردانەی کە وەک سەرباز و ئەفسەر خزمەتیان کردووە لە لەشکری سەڵاحەدیندا "نەتەوەیی" نەبووە بەواتای ناسیۆنالیزمی مۆدێرن کە خولیای دەوڵەتسازیی هەیە بە پێی بنەمای ناسنامەیەکی نەتەوەیی و "کۆمەڵگەیەکی وێناکراوی" نەتەوەیی نەبووە و حاڵ و بارەکە تەنها ئیسلامی بووە و کوردەکانیش پابەند و ملکەچی ئیسلام و خێڵەکانیان و سەڵاحەدین بوون. بەهەرحاڵ، جیاوازیی نێوان کوردەکان و تورکەکان و لە هەندێ حاڵەتیشدا تەنانەت یەکگرتوویی کورد لەبەرانبەر تورک لە ناو لەشکری زەنگی و ئەیوبیدا ڕۆڵێکی بینیوە لە ململانێی نێوان فەرماندە جۆراوجۆرەکاندا. هەر لەبەر ئەوەش بووە کە سەڵاحەدین بە میرات فەرماندەیی لەشکری زەنگیی وەرگرتووە لە میسر لە پاش مەرگی فەرماندەی پێشووی کە شێرکۆ بووە (واتە مامی سەڵاحەدین - و)، باشەی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ یەکگرتوویی نێوان فەرماندە کوردەکان لەدژی تورکەکان٢١.

وێنەی کورد لە تۆمارە مێژووییە گەورەکانی ئیبنولئەثیر (الکامل فی التأریخ) و ئیبن خەلدوون (تأریخ الأعلام)، کە زانیاریی لە ئیبنولئەثیرەوە وەرگرتووە وێنەکی روونی کۆمەڵگەیەکی گوندنشین و شوانکارە و خێڵەکی و بنەماڵەگەلێكی خێڵەکی و فیوداڵی نێو قەڵا و قایمکاری شاخاوی و شارگەلی بچووک و پەرت و بڵاو دەخاتەروو. کورد بەزۆری لە سیاقی "عەرەبەکان و کوردەکان"دا باس دەکرێن - نەک بە مانایەکی نەتەوەیی و ئیتنیکیی مۆدێرن، بەڵکوو زیاتر لە واتایەکی سۆسیۆلۆجیدا - وەک شەڕفرۆش و خەڵکی خێڵەکیی یاخیی شوانکارە و کۆچەر و بنەماڵەگەلی فیوداڵ کەوا شارانی وەک دوین و گەنجە و هەکاری و دیاربەکریان کردووەتە   سەنتەر و پایتەختیان٢٢.

 

دابەشبوونی کوردستان لە نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکان لە سەدەی شانزەهەمدا

  لە سەدەی شانزەهەمدا گۆرانکارییەکی قووڵ و بنەڕەتی روویدا لە مێژووی کوردستاندا، کاتێ کە تەواوی ناوچەکە لەلایەن دوو ڕکەبەری بەهێزەوە داگیرکرا و دابەشبوو، کە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی سوننی و ئێران لەژێر ڕکێفی شیعەی سەفەویدا. لەو دەمەدا، دەوڵەتی شیعەی ئێران، کە ساڵی ١٥٠١ لەژێر سایەی شاە ئیسماعیلدا یەکیگرت، کۆتایی بە حوکمی بنەماڵەی ئاق قۆینلووی تورکمان هێنا، کەوا زۆربەی کوردستانی کۆنتڕۆڵ کردبوو لە سەردەمی سەرکەوتنیەوە بەسەر قەرەقۆینلوو و هاوپەیمانە کوردەکانیدا لە ساڵی ١٤٧٦دا٢٣. یەکخستنی دەوڵەتی ئێرانی شیعە و تیکەڵبوونی لەگەڵ قزڵباشەکاندا، کە تەوژمێکی سۆفیگەریی بوو و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئیسلامی شیعەدا هەبوو و کاریگەرییەکی بەرچاویشی هەبوو لە ناو خێڵە تورکمانەکانی ئەنەدۆڵدا و تەحەدا و بەڕەنگارییەکی توندیان پێکهێنا بۆ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. لەبەر ڕۆشنایی شیعەگەریی ئێران و هەڕەشەی قزڵباشەکاندا، سوڵتان سەلیمی یەکەم بەرەیەکی نوێی لە ڕۆژهەڵات کردەوە، سەرەڕای جەنگە بەردەوامەکانی ئەوروپای دژ بە وڵاتە کریستیانەکان و بە شێوەیەکی سەرەکی بنەماڵەی هابوسبورگ. ململانێ و ڕکەبەریی عوسمانی و ئێرانییەکان، کە زیاد لە سێسەد ساڵی خایاند، لە ساڵی ١٥١٤وە تا پەیماننامەی ئەرزڕووم لە ساڵی ١٨٢٣دا، بووبوو بە شەڕ لە سەر خاکی کوردستان. لەبەر ڕۆشنایی دژایەتیی عوسمانی و کورد لەبەرانبەر شیعە سەفەوییەکان و هاوپەیمانەکانیان، کە تورکمانە قزڵباشەکان بوون، بارودۆخێک هاتەپێشەوە بۆ هەماهەنگی کردنی نێوان میرە کوردەکان و خێڵەکان و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا.  

  هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان کورد و عوسمانییەکان بەوە بەهێز و پتەو بوو کەوا مەولانا ئیدریسی بەدلیسیی پیاوی دەوڵەت و دەربار و خاوەن پلە و پێگەی ئاینی کە ئەمینداری دوا حوکمڕانی ئاق قۆینلوو بوو پێش ئەوەی ئەو بنەماڵەیە لەلایەن سەفەوییەکانەوە رابماڵرێن و لەناوببرێن و پاشان ئەم کەسە بەردەوام بوو لە خزمەتکردن لە دەرباری سوڵتان سەلیمی یەکەمدا٢٤. بەدلیسی، لەژێر فەرمانی سوڵتاندا کەوتە هەوڵدان بۆ ئەوەی میرە کوردەکان قەناعەت پێبکات کە ببنە پاڵپشتی عوسمانییەکان و زۆربەی میر و خێڵە کوردەکان عوسمانییەکانیان بەلاوە پەسەندتر بوو چونکە ئەمان خاوەنی دەسەڵات و هێز بوون و هەروەها هاوبەشییەکی بەرژەوەندیش هەبوو دژ بە قزڵباشەکان. فاکتەرە هاوکارەکانی تریش ڕەنگە مەسەلەی سوننی و سروشتی نامەرکەزییەتی حوکمی عوسمانی و ئەو خولیا و ئاواتەی کەوا کورد بتوانن حوکمی سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمیی خۆیان دابمەزرێنن لەژیر سایەی ئەو حوکمەدا. بەپێی تێڕوانینی ئەوان، سیاسەتی عوسمانی سەبارەت بە هاندانی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمیر و پیاوە بەهێزەکانی کە لە کوردستاندا بوون پەسەندتر بوو لە سیاسەتی سەفەوییەکان، کەوا کاریان بۆ ئەوە دەکرد میرە کوردە بەهێزەکان و بنەماڵە حوکمڕانەکان لاببەن و پشتیوانیی لە ئەندامانی خێزان و بنەماڵە پەراوێزکەوتووەکان بکەن کە پشتیان بە حوکمڕانە سەفەوییەکان بەستبوو.

  بەدوای سەرکەوتنی عوسمانییەکان بەسەر سەفەوییەکاندا لە شەڕی چاڵدیران لە ئابی ١٥١٤دا، عوسمانییەکان کۆنتڕۆڵی زۆربەی خاکی کوردستانیان کرد. کاتێ کە سوپای عوسمانی چەندین مانگی دواتر، رووبەرووی زەحمەتی و ئاستەنگ بووەوە، بەدوای ڕێکخستنەوەی قزڵباشەکان، کەوا گەمارۆیان بەسەر دیاربەکردا سەپاندبوو بەیارمەتیی سەفەوییەکان، هێزە خێڵەکییە کوردەکانی کە لەلایەن بەدلیسییەوە ڕێکخرابوون هاوکاریی عوسمانییەکانیان کرد لە شکستپێهێنانی ڕکەبەرەکانیان.

  لە سەدەی شانزەهەمدا، ژمارەیەک لە میرنشینەکان بەدەست چەند بنەماڵەیەکی دێرینەوە بوون، وەک میرنشینەکانی بەدلیس و بابان و موکری و شارەزوور، کە هەوڵی مانۆڕیان دەدا لە نێوان هەردوو هێزی دەسەڵاتداردا، عوسمانی و سەفەوی و دڵسۆزی و ملکەچیی خۆیان دەگۆڕی لە لایەکەوە بۆ ئەولای تر بەپێی ئەوەی کاملایان دۆخی پارێزگاری و سەربەخۆییانی پێ پەسەندترە٢٥. لە هەردوو سەدەی حەڤدە و هەژدەدا، زۆربەی ئیمارەتەکان لەژێر ڕکێفی عوسمانییەکاندا بوون، ئیمارەتی ئەردەڵانی لێدەرچێت کە لەژێر دەسەڵاتی ئێراندا بوو.

  لە ساڵی ١٦٣٩دا، ڕێککەوتننامەیەکی سنوور -  کە ڕێککەوتننامەی زەهاب (قەسری شیرین) بوو - لە نێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێرانی سەفەویدا مۆرکرا و دابەشبوونی کوردستانی لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا یەکلاکردەوە. سەرەڕای ئەم ڕێککەوتننامەیەش، شەڕوشۆڕ لە نێوان عوسمانییەکان و ئێرانییەکاندا هەر بەردەوام بوو تا ئیمزاکردنی پەیماننامەی ئەرزڕووم لە ساڵی ١٨٢٣دا.

 

میرنشینە کوردەکانی ژێر ڕکێفی عوسمانی لە سەدەکانی حەڤدە و    هەژدەدا و گوزارشە ئەدەبییەکانی پرۆتۆناسیۆنالیزم لەناو کورددا

  میرنشینە کوردەکان، لەژێر ڕکێفی عوسمانیدا، پلەی جیاواز و جۆراوجۆری سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمییان هەبوو. هەندێک لەو ئیمارەتانە، سەرباری ئەوەی لەژێر دەسەڵات و ڕکێفی عوسمانیدا بوون و دڵسۆزی و پابەندیی خۆیان بۆ دەردەبڕی، بەڵام خاوەنی سەربەخۆییەکی بەرچاو بوون. هەندێکیشیان بەر حوکمڕانییەکی کاریگەری عوسمانی کەوتبوون کە دەیتوانی ئۆتۆنۆمییان سنووردار بکات و ئاستی سەربەخۆییەکە بەندبوو بە هێزی میر و توانای مانۆڕکردنی لەبەرانبەر دەسەڵاتدارانی عوسمانیدا لە بەغدا و بەسرە و   مووسڵ و هەروەها پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەستەمبووڵدا.

  ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی پێویستی بە هێزی کورد بوو دژ بە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی سەفەوییەکان و دوای ئەوانیش قاجارەکان. هەڵکەوتەی جوگرافیی کوردستان لە نێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی سوننی و دەوڵەتی ئێرانی شیعەی ڕکەبەریدا بایەخی تەواوی بە   میرنشین و خێڵە کوردەکان پەیداکردبوو. هەندێک قۆناخی شلوشاوی حوکمی عوسمانی بواری دابوو بە میرنشینە کوردەکان مانۆڕی خۆیان بکەن و کاریگەرییان بخەنەگەڕ لە سەر هاوتایی و هاوسەنگیی نێوان هێزە ناوخۆییە جۆراوجۆرەکان و والییەکانی عوسمانی لە بەغدا و مووسڵدا (واتە حوکمڕانی عوسمانی لەو ناوچەیەدا). هەرچەندە ئیمارەتە کوردییەکان لە ژێر حوکمڕانیی سوڵتانی عوسمانی و شای ئێراندا بوون و حاکمەکانی ئێران لە کرماشان و تەبرێز ناوبەناو یارمەتییان دەدان لە خەبات و ململانێیاندا دژ بە حاکمە عوسمانییەکان.

  جیاواز لەو رووبەرە تاڕادەیەک بەرفراوانەی کە لەلایەن میرنشینە کوردییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی ناسێنتراڵدا، تەنها یەک ئیمارەتی کوردیی گرنگ هەبوو، کە ئەویش ئەردەڵان بوو، کەوا ئاستێک ئۆتۆنۆمیی هەبوو لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی سەفەویدا و وەک ئەندامی دەستەی حوکمڕان پلە و پایەی بەرزیان وەرگرت لە دەرباری شادا. سەفەوییەکان لەکاتێکدا کە سوودیان لە یارمەتیی کوردەکان وەرگرت دژ بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، لەهەمان کاتدا سەربەخۆیی هێزە کوردییەکانیان تێکشکاند. شاعەباسی سەفەوی هەوڵیدەدا پاڵپشتیی کوردەکان بەدەستبێنێت وەک هێزێکی شەڕکەر دژ بە ئۆزبەکەکان لە باکوور و عوسمانییەکان لە ڕۆژئاواوە. بەهەرحاڵ، هاوزەمان لەگەڵ ئەم هەوڵەی دیالۆگدا، شا بە زەبری هێز هەموو هێزە سەربەخۆییخوازەکان و هەموو شێوە رەفتاڕێکی ناهاوکاری لەناو کوردەکاندا سەرکوتکرد. وەک بەشێک لە جووڵەی سەربازی بەنیازی سەپاندنی دەسەڵاتی ئێران بەسەر کوردەکاندا، ئێرانییەکان ساڵی ١٦٠٨ گەمارۆی قەڵای دمدمیان دا لە ناوچەیەکی نزیکی دەریاچەی ورمێ و تەنها ئەوکاتە توانییان بیگرن کە تەواوی بەرگریکارە کوردەکانی بکوژن٢٦. یەک لە ئەفسانە میللییەکانی کورد کەوا لە لایەن بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردەوە لە سەدەی بیستدا کراوە بە سیمبۆڵ ئەو بەرگرییە قارەمانانە بووە لە دمدم.

  خێڵ و میرنشینە کوردەکان گرفتاری شەڕ و ململانێی ناوخۆ و پەیوەندییەکی ئاڵۆز بوون لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا و ئاست و پلەی ئەو سەربەخۆییەی کە هەیانبوو بەندبوو بە هێزی حکوومەتی ناوەندی و والییە عوسمانییەکانەوە. بەهێزبوون و لاوازبوونی میرنشینەکان گرێدراو بوو بە توانای ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە لە سەپاندنی حوکمێکی ناوەندیی کاریگەرانە یان توانای والییە عوسمانییەکان بۆ مانۆڕکردن لە نێوان هێزە ناوخۆییە جۆراوجۆرەکاندا. بەڵام ململانێ و ڕکابەرییەکانی نێوان ئیمارەت و خێڵەکان و کزیی هۆشیاریی نەتەوەیی و قایلبوون بە گوتاڕێکی عوسمانیی ئیسلامی لەلایەن میرەکانەوە و سەرکردایەتیی خێڵەکی ڕێگەی لە هەر یەکگرتنێکی بەرچاوی کورد گرتبوو دژ بە حکوومەتی ناوەندی. هیچکامێکیش لە ئیمارەتە کوردییەکان پەرەی نەسەند بەئاڕاستەی توانایەکی بەهێزی وادا کە هەژموون و دەسەڵاتی بەردەوامی بشکێت بەسەر  ئیمارەت و خێڵەکانی تردا و هیچکامێکیشیان نەبوون بە چەقی گەشەکردنی هێزێکی سیاسیی ناوەندی لە کوردستاندا. هۆکاڕێکی تریش بوو بە سەرباری ئەم دۆخە و ئەویش سیاسەتی عوسمانی بوو کە ئامانجی رێگرتن بوو لە پەرەسەندنێکی لەو چەشنە بە مانۆڕکردن و بەکارهێنانی ناکۆکی و ململانێی ناو ئەو خێزان و بنەماڵانەی کۆنتڕۆڵی میرنشینەکانیان کردبوو، بەهەمان شێوەش کارکردن لە سەر ڕکابەریی نێوان خێڵە کوردەکان، کە فرەجار پشتی لایەکیان دەگرت دژ بە لاکەی تر.

  بایەخدارترین سەرچاوەکانی زانیاری لە سەر بارودۆخی کوردستان لەو   چەرخ و ڕۆژگارەدا نووسینەکانی ئەولیا چەلەبیی گەڕیدەی عوسمانییە      (١٦١١ - ١٦٨٥)، کە چەند جارێک گەشتی لە کوردستاندا کردووە لە نێوان ساڵانی ١٦٤٠ و ١٦٥٦دا. لە گەشتی سێهەمیدا، لە ساڵانی ١٦٥٥ - ١٦٥٦دا، چەلەبی ماوەیەکی تاڕادەیەک درێژی بەسەربرد لە دیاربەکر و بەدلیسدا، هەروەها سەردانی دوانزە میرنشینی تریشی کرد٢٧.

  چەلەبی باسێکی جوگرافیی کوردستان دەکات و ئیشارەت بە گرنگیی ستراتیجیی میرنشینە کوردییەکان دەکات لە روانگەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە وەک ناوبەین و بەربەستێک بە رووی ئێراندا. وەسفکردنەکەی وێنەی بووژانەوەیەکی ئابووری و کولتووری، پەرەسەندنێکی شارستانی و سەربازیی میرە کوردەکان دەخاتەروو (ئەگەرچی تاڕادەیەکیش سنووردار بووبێتن). شارەکانی دیاربەکر و بەدلیس وەک ناوەندی گەشەکردووی کولتووریی نایاب وەسفکردووە، کە شارانی پڕ لە زانا و خوێندەواری ئاستبەرز و بازرگان و پیشەوەری کارامە بوون. هەروەها چالاکیی ئاینی و ڕۆشنبیری لە مزگەوت و مەدرەسەکاندا (کە لە هەندێ شوێنی کوردستان حوجڕەشی پێدەڵێن - وەرگێر) ئەنجامدراون و ڕێباز و تەریقەتە کاریگەرییەکانی سۆفیگەریش، وەک نەقشبەندی و بەکتاشی، تێکەڵی ئەم چالاکییانە بوون.

   بە هەمان دەستوور، چەلەبی باس لە عەبداڵ خانی حاکمی بەدلیس دەکات، وەک کەسێکی خاوەن ڕۆشنبیریی فراوان لە گەلێ بواری جۆراوجۆردا، لەوانە تەلارسازی، شیعر، پزیشکی و دەرمانسازی و نیگارکێشان و هەروەها شارەزا لە چەندین زمان و پشتیوانی کردن لە هونەر و زانستی جۆراوجۆر٢٨. کتیبخانەکەی هەزاران کتێبی تێدابووە و لەوانە کۆکراوەیەک لە ئەدەبی ئەوروپی٢٩. بەپێی قسەی چەلەبی بێت، عەبداڵ خان توانیوێتی حەفتا هەزار جەنگاوەر تەیار و ئامادە بکات (پێدەچێت ئەم ژمارەیە تاڕادەیەک زۆری پێوەنرابێت). هەروەها چەلەبی سەرنجیداوە کەوا "عولەما" کوردەکان لە دەرباری خاندا شیعریان بە چەندین دیالێکتی کوردی نووسیوە و خوێندووەتەوە.

   یەک لە بەرزترین خاڵی چالاکیی ئاینی و ئەدەبی و ڕۆشنبیری چامەی شیعریی "مەم و زین" بووە، کە لەلایەن شاعیر و پیاوی ئاینی ئەحمەدی خانی بە دیالێکتی کرمانجی نووسراوە و ساڵی ١٦٩٥ بڵاوکراوەتەوە٣٠. ئەو گێڕانەوە بنەڕەتییەی قەسیدە شیعرییەکەی لە سەر بنیاتنراوە چیرۆکێکی ئەڤیندارییە، کە پێشتر لە شێوازی جۆراوجۆردا و تەواوی جیهانی موسڵمانی عەرەبی و فارسی زماندا دەرکەوتووە و ئەم کارە هیچ وەختێک بە گوزارشی تایبەت و جیاکار دانانرێت لە شوناسی نەتەوەیی سەرەتایی یان پرۆتۆنەتەوەیی کورددا، بەڵام پێشەکییەکەی باسێکی تراجیدی لەخۆدەگرێت سەبارەت بە دۆخی جیۆپۆڵەتیکی کورد لەبەرانبەر فارس و عەرەب و تورک و جۆرجییەکاندا.

تۆ تەماشاکە، لە عەرەبەوە بۆ جۆرجییەکان                        

کوردەکان بوون بە چەشنی قەڵاکان

تورک و فارس گەمارۆیان داون

کوردەکانیش لە هەر چوارلاوە

ئەوانیش هەردوولایان خەڵکی کوردیان

کردووەتە ئامانجی نیشانی تیرەکانیان

ئەوان دەڵێن ببنە کلیلی سنوورەکان و

هەر تیرە و هۆزێک قەڵا و سەنگەڕێکی

ترسناکیان پێکدەهێنن

هەرکاتێک دەریای عومان (عوسمانییەکان) و دەریای تاجیک (فارسەکان)

هەڵچوون و شڵەقان

ئەوە کورد نوقمی خوێن دەبن و

وەک بەرزەخ لێکیان جوێ دەکاتەوە٣١.

 بفکر ژ عەرەب حەتتا گورجان                                               

 کورمانج چ بوویە شوبهێ بورجان

ئەڤ رۆم و عەجەم ب وان حەسارن

کرمانج هەمی لە چار کەنارن

هەردوو تەرەفان قەبیلێ کورمانج

بۆ تیرێ قەزا کرینە ئارمانج

گۆیا کو لسەر حەددان کلیدن

هەر تائیفە سەددەکن، سەدیدن

ئەڤ قولزمێ رۆم و بەحری تاجیک

هندی کو دکن خورووج و تەحریک

کورمانج دبن ب خوون مولەتتەخ

وام ژ یێکڤە دکن میسالێ بەرزەخ

   باسکردنی ڕوون و ئاشکرای خەونە سیاسییەکانی کورد و کوردیش وەک قەوارەیەکی بەسەریەکەوە گوزارشێکی جیاکار پێکدێنێت لە چەمکی تایبەتمەندی پرۆتۆنەتەوەیی. چامە شیعرییەکە دەربڕینی شوناسی شەخسیی کورد لەخۆدەگرێت و دەیخاتە سەر زاری کەسایەتییە میللییەکان:

من گەڕیدەیەکم و بن و بنەچەم لە گەورەپیاوان نیە

خۆم خۆمم پێگەیاندووە و هیچم نەخوێندووە.

من کوردێکم خەڵکی چیاکانم و لە وڵاتێکی دوورەوە هاتووم

ئەمە چەند چیرۆکێکە لە کوردەوارییەوە (واتە شیوازی ژیانی کوردانە) ...٣٢.  

ئەز پیلەوەرم نەگەوهەریمە

خود ڕەستەمە ئەز، نەپەروەریمە

کورمانجم و کووهی و کەناری

ڤان چەند خەبەرێد کوردەواری

  بڕگەیەکی تر، ڕەنگدانەوەی پەرۆشییە بۆ پاشایەکی کورد - ئەمە بۆ دەسەڵاتی دیبلۆماسی و سەربازیی کوردە و ڕەنگە کاردانەوەیەکیش بێت بۆ لەناوبردنی میرنشینی بەدلیس لەلایەن عوسمانییەکانەوە.

 

ئەگەر کورد پاشایەکی هەبوایە...

ئەو رۆمییانە (واتە تورکە عوسمانییەکان) ئێمەیان تێکنەدەشکاند،

ئیمەش ماڵوێران نەدەبووین بەدەستی کوندەپەپووەکان،

ئێمە بەم چارەنووسە و بێ ماڵ و حاڵ نەدەبووین،

بە دەستی تورک و تاجیک شکستمان نەدەخوارد و سەرشۆڕ نەدەبووین،

ئەگەر پاشایەکمان هەبوایە و،

خودا تاجێکی پێ رەوا ببینیایە و،

تەخت و تاجی بۆ دابنایە،

ئەوە بەختێکی باش رووی لە ئێمە دەکرد و،

بەدڵنیاییەوە ئێمەش برەومان دەبوو٣٤.

گەردێ هەبوو مە پادشاهەک

غالب نەدبوو لسەر مە ئەڤ رووم

نەدبوونە خەرابەیێ د دەست بووم

مەحکوومون عەلەیهی و سەعالیک

مەغلووب موتیعێ تورک و تاجیک

گەر دێ هەبووا مە پادشاهەک

حاسڵ ببوویا ژ بۆ وی تاجەک

ئەلبەتتە دبوو مەی رەواجەک

تەعیین ببوویا ژ بۆ وی تەختەک

ظایر ڤە دبوو ژ بۆمە بەختەک

  بێگومان ئەحمەدی خانی نەتەوەپەرستێکی کورد نەبووە بە مانای نوێ. بەڵام هەرچۆنێک بێت، ئەو پێدەچێت بە پێشبینیکاری خودهۆشیارکردنەوەی کورد دابنرێت و وەک پێشبینیکەر یان نوقڵانە لێدەڕێکی چەمکی ناسیۆنالیستی دابنرێت کە لە سەدەکانی نۆزدە و بیستدا پەرەیسەندووە٣٥.

  شیعری کوردی بە دیالێکتی گۆران لە سەدەی پانزەوە بۆ هەژدە گەشەکردنی باشی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی لە سنەی پایتەختی میرنشینی ئەردەڵاندا لە ئێران، هەروەها لە شوێنانی تری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. یەکێکیتر لە گرنگترین دەربڕین و گوزارش لە شوناسی ئیتنیکیی کورد تۆماری مێژوویی "شەرەفنامە .. مێژووی دەوڵەت و میرنشینەکانی کورد" بوو، کە یەکەمجار لە ساڵی ١٥٩٥دا بە زمانی فارسی لە لایەن میر شەرەفخانی بەدلیسییەوە بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە بەدواداچوون و شوێنکەوتنی مێژووی کوردە لە ئاوێزەی بنەماڵەی میر و حوکمڕانە کوردەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە. کتێبەکە سەرچاوەیەکی هێجگار گرنگی زانیارییە لەبارەی مێژووی کوردەوە لە سەدەی دوانزەوە تا سەدەی شانزە٣٦.

  بەهەرحاڵ، ئەم ئاڕاستە ڕۆشنبیرییە پرۆتۆنەتەوەییە بەردەوام نەبوو و گۆڕانکارییەکی گوتار پێویست بوو بۆ پەرەسەندنی بەردەوام و تەشەنەکردنی ناسیۆنالیزمی سەرەتایی کوردی و گەشەکردنی وەک فاکتەڕێکی گرنگی ڕاستیی سیاسی و کۆمەڵایەتی. هەڵبەت هیچ یەکێک لە میرنشینەکان توانای کۆکردنەوەی هێز و توانای تەواویان نەبوو بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی و بەهێزکردنی شوناسێکی بەکۆمەڵ و سوود و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان یان درووستکردنی دینامیکەکانی بنیاتنانی دەوڵەت. لە کوردستاندا، بارودۆخێک نەڕەخسابوو بۆ پەرەسەندنی بورجوازییەتێکی شارستانی یان ئەریستۆکراتی وەک چینێکی کۆمەڵایەتی بە گوتار و بەرژەوەندییە بان خێڵ و بان لۆکاڵ و بان میرنشینەکانەوە.

  هەندێک لە میرنشینەکان هەر زوو لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەوە دۆخی سەربەخۆیی خۆیان لەدەستدابوو و بووبوونە قەزا (سنجەق)ی کارگێڕیی عوسمانی و لە حکوومەتی ناوەندیی ئەستەمبووڵەوە حوکمڕانیان بۆ دادەمەزرا. هەندێ جار ئەم حوکمڕانانە سەر بە خێزان و بنەماڵەی میر بوون و هەندێ جاریش بەتەواوی نامۆ و بێگانە بوون. هەر لەهەمان کات و سەردەمیشدا، ئەو میرنشینانەی کەوا ئاستی جۆراوجۆری سەربەخۆییان هێشتبووەوە پەیوەست بوو بە هێزی میر و توانای بۆ مانۆڕکردن لە نێوان دەسەڵاتەکانی عوسمانیدا لە بەغدا و بەسرە (؟) و مووسڵ و لەهەمان کاتیشدا پەیوەندییەکانی لە ئەستەمبووڵدا.

هێزی دەوڵەتی عوسمانی و فشەڵی و سروشتی حوکمی ناسەنتراڵی لە کوردستاندا، سەرەڕای هەموو ئەمانەش، هێشتا هەر لە توانای ئیمارەتە کوردییەکان بەدەربوو کەوا بتوانن بەرهەڵستیی بکەن. یەکەم پەرەسەندنەکانی زمانی ئەدەبی و کولتووریی کوردی و کارگێڕییەکی کوردی شکستیهێنا و دیالێکتە کوردییەکانیش بەرەو شێوازێکی ئاخاوتنی میللی و ڕەشە خەڵکەکە وەرگەڕان.

 

لەناوچوونی میرنشینە کوردییەکان: هۆکار و کاریگەرییەکان

  وەرچەرخانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا و گۆڕانکارییەکان لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بەملاوە کاریگەریی دوورمەودای هەبوو لە سەر دۆخی سیاسی لە کوردستاندا و لە سەر سیستەمێکی هەرێمیی زاڵ و باڵادەستیش لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێراندا لە سەدەی شانزەوە. سەنتراڵیزە کردنی سیستەمی کارگێڕی بەشێکی پێویستی چاکسازییەکانی عوسمانی بوو لە سەردەمی حوکمڕانیی سوڵتان مەحموودی دووەمدا          (١٨٠٨ - ١٨٣٩) و بەدرێژایی سەردەمی تەنزیماتیش (١٨٣٩ - ١٨٧٦)، بەڵام ململانێی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و میرنشینە کوردییەکانی ورووژاند کە پەلەقاژەی پاڕاستنی سەربەخۆییان بوون. گەشەکردنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و ڕووسیا و کاریگەرییان لەناو هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێراندا - هاوزەمان لەگەڵ کۆتایی سەدەیەک شەڕوشۆڕی نێوان ئێران و عوسمانییەکان، کەوا یەکەم پەیماننامەی ئەرزڕوومی ساڵی ١٨٢٣ و دووەم پەیماننامەی ئەرزڕوومی ساڵی ١٨٤٧ -  گۆڕانکارییەکی وایان لە بارودۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بەرپاکرد کە بە زیانی سەربەخۆیی میرنشینە کوردییەکان شکایەوە٣٧. کۆتاییهاتنی جەنگی عوسمانی - ئێران بایەخی میرنشینە کوردەکانی نەهێشت وەک هێزێکی سەر سنووری عوسمانی و توانای مانۆڕکردنیانی کەمکردەوە لە نێوان حکوومەتەکانی عوسمانی و ئێران و هێزە ناوخۆییەکانی تردا.

  لە کۆتایی سەردەمی حوکمی خانمی تسار کاترینی مەزندا (کە لە ساڵی   ١٧٦٢ - ١٧٩٦ حوکمی کرد) و لە ماوەی حوکمی جێگرەوەکەیدا، پۆڵسی یەکەم (کە حوکمکردنی لە نێوان ١٧٩٦ - ١٨٠١دا بوو)، ڕووسیا زۆربەی ناوچەی قەوقازی داگیرکرد. نزیکبوونەوەی ڕووسیا لە ئێران، لەدوای گرتنی قەوقاز و زیادبوونی چالاکیی ڕووسیا لە ئێراندا بایەخدانی بەریتانییەکانی زیاتر کرد و کاری کردە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. لەهەمان کاتیشدا، بەهێزبوونی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی هندستان لە کەنداوی فارسدا پاڵی بە بەریتانیاوە نا هەوڵ و چالاکییەکانی خۆی لە میزۆپۆتامیا و کوردستاندا زیاد بکات و بەو نیازەش کە دزەکردنی ڕووسیا بوەستێنێت. ئەو سیاسەتەی کە بەریتانییەکان کەوتنە پەیڕەویکردنی بەنیازی پارێزگاری لێکردن و مانەوە و یەکگرتوویی دۆخی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوو وەک بەربەستێک بە رووی پەلکوتان و فراوانخوازیی ڕووسیادا بە ئاڕاستەی هندستان. لێرەوە سیستەمی هەرێمی و نێودەوڵەتی سەبارەت بە کوردستان لە سیستەمی دوو جەمسەریی عوسمانی -  ئێرانەوە گۆڕا بۆ سیستەمێکی چوار جەمسەری، کە ڕووسیا و بەرتانیاش ڕۆڵی خۆیان تێدا بینی.

  ناکۆکی و ململانێ لە نێوان خێڵە کوردەکان و جووتیارە ئاسوورییە نیشتەجێکاندا پەرەیسەند بە زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان موسڵمان و کریستیانەکاندا بە هۆی چاکسازییەکانی ناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بەریەککەوتنی نزیکتر لەگەڵ ڕۆژئاوادا و توندوتۆڵ بوونی پەیوەندی لە نێوان کۆمەڵگە کریستیانەکانی ناوخۆ و زلهێزە ڕۆژئاواییەکاندا. لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا و بەشێوەیەکی سەرەکی لە دوای جەنگی ساڵانی              ١٨٧٧ - ١٨٧٨ی ڕووسیا - عوسمانی و سەرهەڵدانی ململانێی نێوان کورد و ئەرمەنیش.

 

لاوازبوونی میرنشینەکانی بابان و هەکاری لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەدا

  وەک ئەنجامێک بۆ کۆتایی جەنگەکانی عوسمانی و ئێران بەگوێرەی پەیماننامەی ئەرزڕوومی ساڵی ١٨٢٣، میرنشینە کوردەکانی بابان و هەکاری گرنگی و بایەخی خۆیان لەدەستدا و تواناشیان بۆ مانۆڕکردن لەبەرانبەر دەوڵەتی عوسمانیدا هاتەکزی. هەردوو میرنشینەکە، بابان کە پایتەختی سلێمانی بوو و تاڕادەیەک لە بەغدا کاریگەری هەبوو، لەگەڵ هەکاری کە دەکەوتە ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێوە لە سەر سنووری ئێران (لەو سەردەمەدا - و)، پلە و پێگەی خۆیان لەدەستدا. هەردوکیان بە هۆی ئاژاوە و ململانێی   ناوخۆ و رووداوە جیهانییەکانەوە لاواز بووبوون و دواجاریش لە ساڵانی ١٨٣٠کاندا کۆتاییان هات و لەناوچوون (١٨٤٠کان بۆ بابان ڕاستترە - و). زانیاریی زۆر لە سەر بارودۆخی سیاسیی خانەوادەی بابانییەکان و پەیوەندیی نێوان هێزە ناوخۆییە جۆراوجۆرەکان لە بەسرە و بەغدا و باشووری کوردستان لە دوو دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا، لە نووسینەکانی کڵۆدیۆس ریچەوە دەستدەکەون، کە بریکاری کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی هندستان بووە لە بەسرە و بەغدا٣٨.

   میرەکانی خانەوادەی بابان، کە لە ساڵی ١٧٨٧وە لە سلێمانی جێگیر بووبوون (گەڵی سەرچاوە ئیشارەت بە ساڵی ١٧٨٤ دەکات کە شاری سلێمانیی تێدا درووستکراوە - وەرگێڕ)، کاریگەرییەکی بەرچاویان ئەزموون کردبوو لە سەر پەرەسەندنە سیاسییەکان لە بەغدا بۆ نزیکەی سێ دەیە. ماڵی بابان ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە سیستەمێکی ئاڵۆز و دینامیکیی هێزەکاندا، کەوا حوکمڕانە مەملووکە ناوخۆییەکان و ئەو والییانەی کە لەلایەن حکوومەتی ئەستەمبووڵەوە دادەنران (بەمەبەستی بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی حکوومەتی مەرکەزی بەسەر ویلایەتەکانی عێراقەوە) و فیدراسیۆنی بەهێزی خێڵە بەدووەکانی لەخۆدەگرت. نزیکیی بابانەکان لە بەغداوە و ئەو ڕۆڵە سەربازییە یەکلاکەرەوەی کە دەیانبینی بۆ پارێزگاریی لە دەسەڵات و کاریگەریی ئێران ڕۆڵێکی گەورەی دابوونێ لە ململانێ سیاسییەکانی بەغدادا٣٩. دەسەڵات و کاریگەریی سیاسیی بابانەکان وردە وردە دایەکزی لە ئەنجامی ڕکەبەری و ململانێی ناو بنەماڵەکە، کە والییە عوسمانییەکان و حوکمڕانە ئێرانییەکانی ناوچەی ئەردەڵان چاودێرییان دەکرد و بەکاریاندەهێنان. بەوپێیە و لە سەرەتای ساڵانی ١٨٢٠کاندا عوسمانییەکان توانییان سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمیی میرنشینەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبکەنەوە.

  کۆتایی جەنگەکانی عوسمانی و ئێران بوو بە فاکتەری لاوازکردن و خانەوادەی بابانی لە بایەخی خۆی داماڵی وەک هێزیکی سنووری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و توانایان نەهێشت بۆ مانۆڕکردن و بەکارهێنانی ڕکابەریی عوسمانی و ئێرانی. دوورخستنەوەی مەملووکەکان لە بەغدا لە ساڵی ١٨٣١دا بە هۆی هێزەکانی سوڵتان مەحموودی دووەمەوە، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ راماڵین و شکستپێهێنانی هێزە سەربەخۆکان لە سەرانسەری ئیمپراتۆرییەتدا و دامەزراندنی کارگێڕییەکی ناوەندی و بوو بە مایەی زیاتر تێکشکاندنی پێگەی بنەماڵەی بابان. بێگومان بابانەکان بەردەوام بوون لە سەرۆکایەتیی کردنی میرنشینەکە تا ساڵانی ١٨٥٠کان، بەڵام دامەزراندنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە بوو و مەودا و قەبارەی سەربەخۆییەکەیان وردە وردە کەمدەکرایەوە تا لە دواجاردا بەتەواوی لەناوبرا.

 

سەرهەڵدان و کەوتنی میرنشینی سۆران

لەگەڵ لاوازکردنی ئیمارەتی باباندا، دوو میرنشینی بەناو و شۆرەت مابوونەوە کە سۆران و بۆتان بوون. یەکەمیان (کە ئەمڕۆ دەکەوێتە هەرێمە کوردییەکەی باکووری عێراقەوە، نزیک بە شارەکانی هەولێر و ڕەواندز)، میر محەمەد کۆری بەتوانا و دەسەڵاتدار سەرۆکایەتیی دەکرد (مەبەست لە کۆر نابینایە، کە وا ناوی دەرکردبوو چونکە چاوی چەپی لەدەستدابوو)، دووەمیان سەنتەری لە جەزیرە بوو بە سەرۆکایەتیی میر بەدرخان. ئیمارەتەکانی تری وەک هەکاری و بادینان، گرفتاری ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی خزم و خوێشە حوکمڕانەکان بووبوون. بێجگە لەوە، مۆزاییکێکی بچووکتر و کەمبایەختری خێڵەکان و خانە لۆکاڵەکان هەبوون.

دەرکەوتنی کۆر محەمەد (کە فرەجاریش پاشای کۆڕەشی پێدەوترا - و) لە سەروەختی لاوازیی عوسمانیدا بوو بەدوای جەنگەکەی ١٨٢٨ - ١٨٢٩یدا لەگەڵ ڕووسیا و داگیرکردنی سووریا (کە ئەو دەمە پێیدەوترا وڵاتی شام - و) لەلایەن محەمەد عەلیی حاکمی میسرەوە لە ساڵی ١٨٣١دا. کۆر محەمەد، کە ساڵی ١٨١٤ بە میرات حوکمی سۆرانی وەرگرتبوو، شاری ڕەواندزی پایتەختی   پەرەپێدا و شوورە و قەڵا و قایمکاریی تێدا درووستکرد. هەروەها دیوانێک یان ئەنجومەنێکی راوێژکاریی تێدا دامەزراند. ئەو بە دڵگەرم و دەمارگرژی ئاینیی ناسرابوو و پشتگیریی زانایانی ناوخۆیی (عولەما)ی دەستەبەر کردبوو. هەروەها کۆر محەمەد سوپایەکی دامەزراند بە هێزی سوارە و  پیادە و تەنانەت هەندێک تۆپیش. زۆربەی هێزە سەربازییەکەی پشتی بە خێڵەکان دەبەست، بەڵام یەکەیەکی سەربازیی ڕێکخراویشی لەخۆگرتبوو٤٠. لەهەمان کاتدا   وەرشە و کارگەی درووستکردنی شمشێر و تفەنگ و تەنانەت تۆپیشی چێکردبوو. گوزارشی تر لەبارەی خولیا و مەراقی پشتبەخۆبەستنی گەیشتبووە ئاستی سکەی پارە لێدان کەوا ناوی خۆی هەڵگرتبوو، هەروەها ناوهێنانیشی لە وتاردانی نوێژی جەماعەتی ڕۆژی هەینیدا لە مزگەوتەکانی قەڵەمڕەوی ئیمارەتەکەدا٤١. 

   بێگومان حاڵەتەکەی ئەم و کارەکانی زۆر لەوە کەمتر بوون کە محەمەد عەلی ئەنجامیدابوون، یان تەنانەت لەوانەی عەلی بەگی حوکمڕانی مەملووکیی میسر لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەدا. بەهەرحاڵ، کۆر محەمەد ئەو مەیل و ئاڕاستەیەی دەگەیاند کە لە ناو حوکمڕانە سەربەخۆکاندا برەوی پەیداکردبوو لە سەرتاپا ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەوە و ئەوەش سەریکێشایەوە بۆ ئەوەی ئیمپراتۆرییەت لە سەدەی نۆزدەدا بە ریفۆرم و چاکسازی وەڵامبداتەوە، بەتایبەتی بە مۆدێرن کردن و سەنتراڵیزە کردنی حکوومەت و سیستەمی کارگێڕییەکەی.

  لە ساڵانی ١٨٢٠کان و سەرەتای ١٨٣٠کاندا میرنشینی سۆران لە سایەی حوکمی کۆر محەمەددا بوو بە هێزێکی بنەڕەتی لە باشوور و ناوەڕاستی کورستاندا. لەم سەردەمەدا هەژموون و دەسەڵاتی خۆی سەپاند بە سەر میرنشینی هەکاری و عەشیرەتەکانی برادۆست و سوورچی و مامشدا و شارەکانی زاخۆ و دهۆک و ئامێدیی پایتەختی ئیمارەتی بادینانیشی گرت٤٢ و تەنها میرنشینی بۆتان مایەوە کە نەکەوتە ژێردەستی. لە ساڵی ١٨٣٣دا و بەدوای سەرکوتکردنی ئێزیدییەکان و گرتنی بادیناندا، کۆر محەمەد چاوی خستە سەر بۆتان و بەئاسانی پایتەختەکەی گرت، کە جەزیرەی ئیبن عومەر بوو. بەهەرحاڵ، هێزەکانی بەدرخان خۆیان لە ژمارەیەک قەڵا و قایمکاریدا حەشاردا کەوا کۆر محەمەد هەوڵیدەدا داگیریان بکات. بەرگری کردنی بەدرخان و هاوکارانی، هاوزەمان لەگەڵ ڕاپەڕینێکدا کە لە ئامێدی و شوێنانی تر بەرپابوو، کۆر محەمەدی ناچارکرد کە هێرشەکەی بوەستێنێت٤٣.

  لە هاوینی ساڵی ١٨٣٤دا، عوسمانییەکان هێرشێکیان لەدژی کۆر محەمەد دەستپێکرد، بەڵام سەرکەوتنی لە بەرپەرچدانەوەیدا متمانەی بەخۆی زیادکرد٤٤. ئەمەش بوو بە کۆڵەکەی چالاکییەکانی لەناو خێڵە کوردەکانی ئێراندا، شانبەشانی هەوڵەکانی مانۆڕکردنی لە نێوان ئێران و دەوڵەتی عوسمانیدا.  لەڕاستیدا، ئەم جموجووڵە گومانی لای ئێرانییەکان پەیداکرد و مەترسیش لای رووسەکانی نیشتەجێی تاران و تەبرێز پەیدابوو کەوا هێز و دەسەڵاتی ئێران بداتە کزی و ئەمەش لەلایەن بەریتانییەکانەوە وەک هەل و دەرفەت بقۆزرێتەوە و بەکاربهێنرێت، لەولاشەوە بەریتانییەکان ترسیان لێنیشتبوو کە ڕووسیا لاوازیی عوسمانییەکان بە هەل بزانێت و بەکاریبێنێت. هەرچۆنیک بێت، ئەم دژوارییە لە نێوان سیاسەتەکانی ئەم دوو هێزە ئەورووپییەدا و ئەم سیاسەتانە ڕەنگە وا تەماشا بکرێن کە پێشاندانی نموونەیەکی دیبلۆماسییە کە بەدرێژایی سەدەکانی نۆزدە و بیست چەندبارە دەبوونەوە و پێدەچێت درێژە بکێشێت بۆ سەدەی بیست و یەکیش. بەگشتی بڵێین -  بەتایبەتیش کاتێ کە دەبوو بڕیارە یەکلاکەرەوەکان وەربگیرێن - هێزە ئەوروپییەکان وایان پێ پەسەندبوو کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن و مانەوە و بوونی  ئێران و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دابین بکەن (هەڵبەت دوای جەنگی جیهانیی یەکەم تورکیاش)، وەک لەوەی پشتیوانی بکەن لە کوردەکان و میرنشینەکانی سەدەی نۆزدە و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەک.

  نیگەران بوون لە هەماهەنگیی نێوان کۆر محەمەد و محەمەدعەلی لە   سووریا و بە گونجاندن لەگەڵ ئەو سیاسەتەی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە نیمچە سەربەخۆیی هێزەکان، سوڵتان مەحموودی دووەم فەرمانی کرد بە حاکمەکانی بەغدا مووسڵ و بەغدا کەوا یارمەتیی فەرماندەی هێزەکانی باشووری ئەنەدۆڵ بدەن بۆ تێکشکاندنی کۆر محەمەد. هێرش و پەلاماری عوسمانی لە هاوینی ساڵی ١٨٣٦دا کۆر محەمەدی ناچارکرد پاشەکشە بکات و لە رەواندزدا خۆی قایم بکات. دڵسۆزیی خێڵە کوردەکانیش بەندبوو بە توانای ئەوەوە کە تا چەند دەیانترسێنێت و هەڕەشەیە بۆیان. کاتێ کە روونبووەوە کەوا عوسمانییەکان باڵادەست و زاڵن، خێڵەکان بەرژەوەندیی خۆیان هەڵبژارد و ئامادە نەبوون چیتر یارمەتیی بدەن. پاشان لە خودی سۆران خۆیدا کێشە و ناکۆکی لەناو "عولەماکاندا"سەریهەڵدا سەبارەت بە ناوهێنانی کۆر محەمەد لە وتاردانی نوێژی هەینیدا، لەبری ناوی سوڵتانی عوسمانی.

  دواجار کۆر محەمەد، بە هۆی ئەوەوە کە تادەهات دابڕان و تەریکبوونی ڕوولەزیادی بوو، ناچار کەوتە دانوستان لەگەڵ عوسمانییەکاندا. هەروەها بەریتانییەکانیش لەم گفتوگۆ و دانوستانەدا ڕۆڵێکیان بینی و دیپلۆماتکاڕێکی بەریتانی، بە ناوی ریچارد وود، هاتە رەواندز لە هەوڵێکدا بۆ قەناعەتهێنان بە کۆر محەمەد کە خۆی ڕادەستی عوسمانییەکان بکات لەبەرانبەر ڕێککەوتنێکیاندا کە لێبگەڕێن وەک حوکمڕانی ئیمارەتی سۆران بمێنیتەوە٤٥. هەرچۆنێک بووبێت، ئەگەری تەواو هەیە کەوا وود بایەخێکی هێجگار گەورەی دابێت بە ڕۆڵی خۆی لە قەناعەت پێکردنی کۆر محەمەد بەوەی کە خۆی ڕادەستی عوسمانییەکان بکات. هەروەها پێگەی کۆر محەمەد لاواز بووبوو بە هۆی سروشتی فشەڵ و ناجێگیری هاوپەیمانە خێڵەکییەکانیەوە، چون هەر عەشیرەتێک لە دواجاردا بەرژەوەندییەکانی خۆیی هەڵبژارد و کاتێ بەرەورووی هێزی عوسمانی بوونەوە عەشیرەتە هاوپەیمانەکان چەکیان دانا و شەڕیان نەکرد. سەرباری ئەوەش، لەلایەن "عولەماکانی" رەواندزەوە مستەکۆڵەیەکی توندی بەرکەوت، کاتێ رایانگەیاند کەوا دژی شەڕ و بەرەورووبوونەوەی سوڵتانن (کە پێدەچێت لەژێر کاریگەری و فشاری عوسمانییەکاندا بووبێت) و موفتیی شار تا ئەو رادەیەش رۆیشت کە فتوای حەرام کردنی شەڕی دەرکرد دژ بە سوڵتان٤٦.

  کۆر محەمەد، لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی کە ئێرانییەکان نەیاندەویست یارمەتیی بدەن یان تەنانەت داڵدەشی بدەن و لەبەر تەریکبوون و کەس بەدەمەوە نەهاتنی دژ بە دەسەڵاتی عوسمانی و پشتگرتنیشی لەلایەن بەریتانیاوە قایل بوو بە خۆڕادەستکردن و چوون بۆ ئەستەمبووڵ. روون و ئاشکراش بە پێی بنەمای بەڵێنێک لە لایەن ڕەشید پاشای فەرماندەی عوسمانییەوە کە ئەگەر هات و خۆی ڕادەستکرد و دەسەڵاتی عوسمانیی قبووڵکرد، ئەوە ڕێگەی پێدەدرێت بەردەوام بێت لە سەر حوکمکردنی سۆران٤٧.

  پاشان کۆر محەمەد بەرەو ئەستەمبوول رۆیشت بەو ئاواتەی کە چاوی بە سوڵتان بکەوێت. لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا کە لە ئەستەمبووڵ بەسەریبرد، بەڵێنی عوسمانی بۆ دووپات دەکرایەوە کە بەردەوام دەبێت لە حوکمکردنی میرنشینەکەیدا، ئەگەرچی سەربەخۆییەکەی ڕەنگە سنووردار بکرێت و دەبێت دەسەڵاتی عوسمانی قبووڵ بکات. دواجار لە ڕێگەی گەڕانەوەیدا بەرەو سۆران لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە، بێسەروشوێن دەکرێت و بەتەواوی رێی تێدەچێت کەوا لەلایەن عوسمانییەکانەوە کوژرابێت.

   بێگومان میرنشینی سۆران و فەرمانڕەوا خولیا و مەراقدارەکەی بوون بە قوربانی گۆڕانکاریی بارودۆخی نێودەوڵەتی. پەرەسەندنی دەستێوەردانی بەریتانیا و ڕووسیا، وەستانی جەنگ و شەڕوشۆڕ لە نێوان ئێران و عوسمانیدا، هەروەها خێرابوونی چاکسازییەکان و ئاڕاستەکان بەرەو سەنتراڵیزەبوونی حوکمی عوسمانی میرنشینەکەی بەرەو رووخان برد.

 

میرنشینی بۆتان: کەوتنە نێو تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی موسڵمان و کریستیانەوە

  لە پاش رووخانی سۆران، بۆتان وەک دوا گرنگترین میرنشین و تۆکمەترین هێزی ناوخۆی کوردستان مایەوە و محەمەد بەدرخانی فەرمانڕەوای، پشتیوانی لە عوسمانییەکانی کرد لە جەنگی عوسمانی و میسردا و تەنانەت پلەیەکی بەرزی سەربازیی عوسمانیشی پێدرا. ئەو دەیویست پێگە و هەڵوێست و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عوسمانییەکاندا بەکاربێنێت بۆ بەهێزکردنی دۆخی سەربەخۆییەکەی لەچوارچێوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. بەدرخان وەک بەهێزترین کەسایەتیی ناوخۆیی لە کوردستاندا، کەوتە فراوانکردنی پانتایی دەسەڵات و کاریگەرییەکانی و لەبەر ڕۆشنایی کۆتاییهاتنی دیفاکتۆی میرنشینی هەکاری پەلی پارێزگاریی بۆ سەر ئەو ناوچەیەش هاوێشت.

  لە ساڵانی ١٨٣٠کاندا میسیۆنێر (مژدەدەرە) پرۆتستانتە ئەمریکی و بەریتانییەکان، کەوا هەوڵیاندەدا کریستیانە نەستوورییەکان بهێننە سەر ڕێبازی پرۆتستانییەت چالاکییەکانیان لە ناوچەی هەکارییەوە دەستپێکرد. دابەشبوون و ناکۆکییەکان لە کەنیسەی ئاسووریدا، کە یەکێکە لە کۆنترین کەنیسەکانی مەسیحییەت، سەرنجی تایفە جۆراوجۆرەکانی کەنیسە ڕۆژئاواییەکانی ڕاکێشا. چالاکیی روولەزیادی مژدەدەرانە پەرەسەندنی تێوەگلان و بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوای لێکەوتەوە لە دەوڵەتی عوسمانیدا و کێبەرکێ و ڕکابەرییەکی توندی بەرپاکرد لەناو مسیۆنێرەکاندا و بەهەمان شێوەش ڕکەبەریی ناوخۆیی زیادکرد لەناو ئاسوورییەکاندا.

مسیۆنێرە ئەمریکییەکان ئەو ماف و ئیمتیازاتەی کە وەک بەشێک لە چاکسازییەکانی تەنزیمات پێیاندرابوو بەکاریانهێنا بۆ بنیاتنانی کەنیسە لە ناوچەی هەکاریدا، ئەمەش بوو بە مایەی ورووژاندنی گومان لای دانیشتووانی کوردی موسڵمانی هەکاری و مەترسیی دزەکردنی  کریستیان و بەهێزبوونی دانیشتووانی کریستیانی لێکەوتەوە٤٨. میر نووروڵڵا بەگی حوکمڕانی هەکاری (باشووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی وان)، بە ڕەسمی گەورە فیوداڵی نەستوورییەکان بوو. بەڵام لە ساڵانی ١٨٣٠کاندا پەیوەندیی نێوان نووروڵڵا بەگ و نەستوورییەکان تێکچووبوو. کاربەدەستە عوسمانییەکان، کە زۆر    پەست و تووڕەبوون لە چالاکیی ڕۆژئاواییەکان لە ناوچەکەدا، نووروڵا بەگیان هاندەدا کەوا دەسەڵاتی خۆی بەسەر نەستوورییەکاندا بسەپێنێت و ناچار لەبەر لاوازبوونی دەسەڵاتی میرنشینی هەکاری ئەمیش لە ساڵی ١٨٣٩دا رووی لە بەدرخان نا و داوای یارمەتیی لێکرد و بەدرخانیش ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ بەهێزکردنی سایە و پارێزگاریی خۆی بەسەر ئیمارەتی لاوازی هەکاریدا٤٩.

  کاریگەریی شێخ تەهای نەهریی "عالم" (واتە زانا یان پیاوی ئاینی) وا دیارە کاریشی کردووەتە سەر ڕەفتاری بەدرخان، چونکە مسیۆنێرە ئەمریکییەکان و گەڕیدە بەریتانییەکان کە باس لەم رووداوانە دەکەن جەخت لە سەر ئەو دەمارگرژییە ئاینییە ئیسلامییە دەکەنەوە کەوا خەسڵەتی هەردوک ئەمیر بەدرخان و شێخ تەهاش بووە.

  بەپێی گەڕیدە بەریتانییەکان و مسیۆنێرە ئەمریکییەکان بێت، هێزەکانی بەدرخان لە ساڵی ١٨٤٣دا حەوت تا دە هەزار کریستیانی ئاسوورییان کوشتووە٥٠. گرژییەکانی موسڵمان و کریستیان و پێکدادانەکان لە کوردستاندا فۆرمی شەڕ و ململانێی کورد و ئاسوورییان وەرگرت. ململانێ و گرژییە نەریتییەکان لە نێوان کوردە موسڵمانەکان و ئاسووری و ئەرمەنە کریستیانەکان لەو سەردەمەدا ڕەنگدانەوەی درز و لێکترازانی کۆمەڵایەتی و ئابووری بوو لە نێوان دانیشتووانی شوانکارە و خێڵەکیی کورد و تورک و کریستیانە نیشتەجێکاندا، کەوا جووتیار و هەروەها  بازرگان و پیشەگەر بوون. هەروەها گرژی و ململانێی دەسەڵاتیش هەبوو لە نێوان کوردە خێڵەکییەکان و جووتیارە کوردزمانە ناخێڵەکییەکاندا، کە بەزۆری وەک کورد تەماشا نەدەکران.

  چالاکییەکانی مسیۆنێریی لێبەدەر، کە ڕاستەوخۆ ڕۆڵیان هەبوو لە تێکدانی هاوسەنگیی ناوخۆییدا، کاریگەریی ڕۆژئاوا لە کوردستاندا ناڕاستەوخۆ بوو و بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە پەرەسەندنە گشتییەکانی نێو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە سەرچاوەی دەگرت و بە تێڕوانینی ئەوەی کە ئیمپراتۆرییەتەکە لاواز بوو، بە بەراورد لەگەڵ بەریتانیا و ڕووسیادا. ئەو گەڕیدە بەریتانییانەش کە لە ساڵەکانی ١٨٣٠کان و ١٨٤٠کاندا سەردانی کوردستانیان کردووە لەو کوردانەیان بیستووە کەوا دواندوونیان گوایە هیوای زۆریان بە زیادبوونی هێزی بەریتانیا و ڕووسیا هەیە کە ڕزگاریان بکەن لە حوکمی عوسمانی٥١. ئەوە مەسەلەیەکی سەلمێنراوە کە بێزاری و گومانی کوردەکان لە دەسەڵاتدارانی عوسمانییەکان بە هۆکاری هەوڵ و تەقەلای ئیمپراتۆرییەت زیادی کردبوو سەبارەت بە سەپاندنی سیستەمێکی بەڕێوەبردنی سەنتراڵ و چاکسازییەکان کە وەک هەڕەشە لێکدەدرایەوە بۆ سەربەخۆیی خێڵە کوردەکان. لەهەمان کاتیشدا، کوردەکان ترسی ئەوەیان لێنیشتبوو کە زلهێزە ئەوروپییەکان پشتی کریستیانەکانی ناوخۆ دەگرن - چونکە متمانە بەخۆکردنیان بەهێز بووبوو لە ئەنجامی چالاکییەکانی مژدەدەرە ئەوروپییەکان کە وەک هاوپەیمانی سرووشتیی کریستیانەکان تەماشا دەکران.

  هەڵبەت بەتەواوی رێی تێدەچێت کەوا بەدرخان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە یاریی پێکراوە، کە بانگەشەی راگرتنی چالاکیی کریستیانی ڕۆژئاوای دەکرد٥٢. کوشتاری کریستیانەکان، کە مسیۆنێر و گەڕیدە ڕۆژئاواییەکان باسیان لێوەدەکرد، بوو بە هۆی بەرپابوونی ناڕەزایی توندی بەریتانیا و فشارکردن بۆ رووخاندنی بەدرخان٥٣. بەڵام لە تێڕوانینی دوولایەنەی عوسمانییەکانەوە، ئەوان بەئاشکرا ئەمیان بەکاردەهێنا بۆ لاوازکردنی چالاکیی کریستیانی ڕۆژئاوا کەچی لەهەمان کاتدا هەوڵی بەربەستکردنیشیان دەدا لەوەی ببێتە هێزێکی لۆکاڵی گەورەی دەرەقەت نەهاتوو.

  هاوپەیمانیی بەدرخان لەگەڵ میر نووروڵا بەگی هەکاری و خان محەمەدی مووش نەیدەتوانی لەبەرانبەر سوپای عوسمانیدا بوەستێت، کە نوێکرابووەوە و لە سەردەستی ئەفسەرە پرووسییەکان مەشق و ڕاهێنانی کردبوو. بێجگە لەوەش، یەزدانشێر خانی خزمی بەدرخان و یەک لە فەرماندە دەرکەوتووەکانی سوپاکەی، هەڵگەڕایەوە و چووە پاڵ عوسمانییەکان. بەدرخان، بە هۆکاری فشاری بەهێزی عوسمانی لە ساڵی ١٨٤٧دا خۆی ڕادەستکرد و لە کورستان دوورخرایەوە. بەڵام دواجار لێبووردنی بۆ دەرچوو و بە نازناوی پاشا خەڵات  کرا و بۆ چەندین دەیە خزمەتی دەوڵەتی عوسمانیی کرد. زیاد لە دووسەد کەسیش لە ئەندامانی خانەوادەی بەدرخان پرۆسەی بەعوسمانیبوونیان ئەزموونکرد، چەشنی زۆڕێکیتر لە کەسانی سەر بە دەستەبژێری خێڵەکیی فیوداڵی کورد کەوا یان کۆچیان کرد یان دوورخرانەوە بۆ ئەستەمبووڵ و تێکەڵ بە دەزگا و دامەزراوەی عوسمانی بوون٥٤ و دواتر نەوەکانی سورەیا           (١٨٨٣ - ١٩٣٨)، جەلادەت (١٨٩٣ - ١٩٥١)، کامەران (١٨٩٣ - ١٩٧٨) بوون بە کەسانی دەمسپیی زۆر گرنگی ناسیۆنالیزمی کوردی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا.

   گرژی و ناکۆکیی نێوان میرنشینی بۆتان لەژێر دەسەڵاتی بەدرخان و ئیمپراتۆرییەتدا گوزارشێکی ناڕەزایی کورد بوو لە مەیل و ئاڕاستەی عوسمانی بەرەو سەنتراڵیزە و ریفۆرم. لەناوبردنی ئەم میرنشینە لە هەوڵ و تەقەلای عوسمانییەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ سەپاندنی دەسەڵاتێکی ناوەندی بەسەر هێزە نیمچە سەربەخۆکانی چواردەوری و بەهێزکردنی حوکمی عوسمانی لە ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵات و کوردستاندا. زنجیرەی ئەو رووداوانەی کە بە لەناوبردنی حوکمی بەدرخان کۆتاییهات تێکچوونی پەیوەندییەکانی موسڵمان - کریستیان لەخۆدەگرێت و پەیوەستبوونیان بە کاریگەریی بەریتانیاوە لەمیانەی ڕیفۆرم و چاکسازییەکانی عوسمانیدا.

   لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا، ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەئاشکرا لاواز بووبوو لەبەرانبەر زیادبوونی هێزی وڵاتە ڕۆژئاواییەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، هێز و توانای رێژەیی مۆدێرنبوون و ریفۆرمی دەوڵەتی عوسمانی و حکوومەت و سوپا زیادی کردبوو بەبەراورد لەگەڵ میرنشینە کوردەکاندا، کە نەیاندەتوانی لە دەوری شوناسێکی کوردی یەکبگرن یان بەرژەوەندییەکی هاوبەش بۆ خۆیان دەسنیشان بکەن.

 

ڕاپەڕینی یەزدانشێر لە سەروبەندی جەنگی کریمیا و پەیوەندیی کورد و ڕووسیا

خولیا و مەراقی ڕووسیا لە ناوچەکانی بەڵکان و حەوزی دەریای ڕەشدا و هەوڵی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بۆ بەرگریکردنی لەو فشارانەی ڕووسیا کە سەریکێشایەوە بۆ جەنگی کریمیا لە ساڵی ١٨٥٣دا. ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی یارمەتیی سەربازیی لە هەردوک بەریتانیا و فەرەنسا وەرگرت، کە هەردوکیان لە هەوڵی بەرگرتندا بوون لە هەرەسهێنانی ئەو ئیمپراتۆرییەتە بۆ رێگرتن لە ڕووسیا کە ببێتە هێزێکی باڵادەست لە ئەستەمبووڵدا. جەنگەکە، کە وەرچەرخا بۆ ململانێی چەکداری لە نێوان هێزە ئەوروپییەکاندا، بە شێوەیەکی سەرەکی لە هەرێمەکانی بەڵکان و نیمچە دوورگەی کریمیا لە سەر دەریای ڕەش بەرپابوو. بەرەیەکی لاوەکی ئەو ناوچانەی کە دەکەوتنە ناو قەوقاز و باشووریەوە و هەندێ شوێنیشیان نیشتەجێی کوردەکان بوو. لاوازیی سوپای عوسمانی و بەزینی لەبەرانبەر ڕووسیادا لە بەرەی قەوقاز و بە شێوەیەکی سەرەکیش لە ناوچەی قارسدا بوو بە پشخانی ڕاپەڕینێکی کورتخایەنی کوردەکان لە پایز و زستانی ١٨٥٤ - ١٨٥٥دا. ٥٥

   لەنێو بەشداربووانی شەڕەکەی ناوچەی قارسدا لە مانگی دیسەمبەری ١٨٥٣دا هێزێکی ناڕێکخراو هەبوو کە پێکهاتبوو لە نزیکەی پەنجا هەزار سوارەی کورد. هەردوک رووسەکان و عوسمانییەکان هەر لایەکیان کوردیان دەجووڵاند بۆ ئەوەی لە بەرەی ئەواندا شەڕ بکەن و لەدوای شکستی هێزەکانی عوسمانی لە دیسەمبەری ١٨٥٣دا، چواردە کەسی ناوداری کورد کەوتنە پەیوەندی کردن لەگەڵ رووسەکاندا بەنیازی ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک. بەشێک لەو هێزە کوردییانەی لەپاڵ عوسمانییەکاندا شەڕیان دەکرد سەنگەریان    گۆڕی و چوونە پاڵ ڕووسیا. کۆڵۆنێڵێکی رووس بە ناوی لۆریس مەلیکۆڤ، کرا بە بەرپرسیاری پەیوەندی لەگەڵ خێڵە کوردەکاندا. شکستهێنانێکی تری سوپای عوسمانی لە ساڵی ١٨٥٤دا لە سەردەستی ڕووسیا بەتوندی ویست و خواستی کوردی کەمکردەوە کە بەردەوامبن لە سەر هاوکاری و یارمەتیدانی عوسمانییەکان٥٦.

  دیارترین کەسایەتیی ناوداری کورد کەوا عوسمانییەکان هەوڵیان دەدا بەلای خۆیاندا رایبکێشن یەزدانشێر بوو، کەوا پلەیەکی سەربازیی باڵای پێبەخشرابوو وەک خەڵاتی خیانەتکردنی لە میر بەدرخان لە ساڵی ١٨٤٧دا. بەهەرحاڵ، یەزدانشێر تووشی نائومێدی بووبوو بە هۆی ئەوەوە کە عوسمانییەکان ڕەتیانکردەوە دەسەڵاتی سەربەخۆیی بدەنێ بەسەر قەڵەمڕەوی میرنشینی بۆتان و ناوچەکانی تری کوردستاندا. ئەوان هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی تریان نەدایە بێجگە لەوەی کە لە خزمەتی ئیمپراتۆرییەتدا بێت و ئەم نائومێدییە شەخسییە بوو بە مۆتیڤێکی گرنگی هەوڵی یاخیبوون و ڕاپەڕینەکەی.

   عوسمانییەکان بە هۆی زیانی شکستەکانیانەوە لە بەرەی ڕووسیا و روولەکزی کردنی خواستی کورد بۆ یارمەتیدانیان، یەزدانشێریان کرد بە بەرپرسی ئەرکی بەسەربازگرتنی کورد لە ناوچەکانی جزیرە و مووسڵ وەک یەکەی ناڕێکخراوی سوپای عوسمانی. ئەوجا لەبەر سەرکەوتنەکانی ئەم کوردانە لە هاوینی ١٨٥٤دا، رووسەکان پەیامێکیان نارد بۆ یەزدانشێر و داوایان لێکرد یارمەتیی عوسمانییەکان نەدا. لە پایزی هەمان ساڵدا پەیوەندیی نێوان  عوسمانییەکان و یەزدانشێر رووی لەکزی کرد.

   هەرچەندە پەیوەندیی نێوان یەزدانشێر و عوسمانییەکان بێشک هۆکاری سەرەکیی ڕاپەڕینەکەی کورد بوو بەڵام بێجگە لەوەش لە ئەنجامی دۆخی نالەباری ئابووری و نەدارایی دانیشتووانە کوردەکەوە بوو بە هۆی جەنگ و داتەپینی دەوڵەتی عوسمانی و شکستهێنانی بەردەوامی لەبەرانبەر ڕووسیادا، کە وەک هێزێکی تۆکمە و گەشەکردوو لەقەڵەم دەدرا. لە نێوان دیسەمبەری ١٨٥٤ و شوباتی ١٨٥٥دا، یەزدانشێر شارەکانی بەدلیس و میدیاتی داگیرکرد. وا دیارە فراوانبوونی ڕاپەڕینەکە عوسمانییەکان و بەهەمان شێوەش بەریتانییەکانی هەراسان کردبێت و بەتەواوی ترسیان لێنیشتبێت. شوێنی ڕاپەڕینەکە، کە کەوتبووە باشووری ئەو هێزانەی عوسمانییەوە کەوا پشتی هێزەکانی ڕووسیایان گرتبوو لە باکوورەوە، هەڕەشەیەکی ستراتیجیی پێکدەهێنا، بەتایبەتی کەوا هێزەکانی یەزدانشێر لەگەڵ عەرەبەکاندا یەکیانگرت لە ناوچەی ماردیندا. بەگوێرەی کتێبێکی ل. ی. ئەڤێریانۆڤ، کە ئەفسەڕێکی هەواڵگریی ڕووسیا بووە و بە پەیوەندییەکانی ڕووسیادا چووەتەوە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، یەزدانشێر سەرکردایەتیی لە نێوان شەست بۆ سەد هەزار سەربازی کردووە. بەهەرحاڵ، پێدەچێت ئەم ژمارەیە زیادەڕۆیی زۆری تێداکرابێت، چونکە هێزە خێڵەکییەکانی ئەو لەشکڕێکی ناڕێکخراو بوو و بەشێوەیەکی سەرەکی خواستی تاڵانوبڕۆ پاڵی پێوەنابوون و دڵسۆزی و پابەندییان تەنها خێڵەکییانە بووە. سەرەڕای ئەوەش پێدەچێت مانەوەی لەو شارانەدا کە گرتبوونی ناجێگیر و بۆ ماوەیەکی کورت بووبێت.

  یەزدانشێر هەوڵیدابوو چالاکییە سەربازییەکانی لەگەڵ رووسەکاندا   ڕێکبخات و پشتگیریی ئەوان دەستەبەر بکات، بەڵام سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا. لەهەمان کاتیشدا، کەوتە ئەنجامدانی نامە و نامەکاری لەگەڵ سەرۆکە ناودار و دەسەڵاتدارەکانی کورددا لە ناوچەکانی وان و بەدلیس و مووشدا. عوسمانییەکان وایبۆچوون کە یاخیبوون لە پشتی بەرەی جەنگیانەوە دژ بە ڕووسیا هەڕەشەیەکی پڕمەترسیی پێکدەهێنا.  لە مانگی کانوونی دووەمی ١٨٥٥دا، جەنەراڵی بەریتانی ولیەم فەنویک ولیەمز، کە سەرکردایەتیی هێزەکانی عوسمانی و ئەفسەرە بەریتانییەکانی دەکرد لە ناوچەی قارسدا، هۆشدارییەکی گەیاندە یەزدانشێر کەوا هەر شەڕ و ناکۆکییەکی لەگەڵ عوسمانییەکاندا بە شەڕ و دوژمنایەتی دادەنێت لەگەڵ بەریتانیادا. ئەوجا لەبەر نەمانی هیچ هیوایەک بە هاوکاری و هەماهەنگیی ڕووسیا و لەسۆنگەی فشاری هاوبەشی سوپای عوسمانی لە کوردستاندا و هەڕەشەکەی بەریتانیا، یەزدانشێر خۆی ڕادەستکرد، بێئەوەی بچێتە شەڕێکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ سوپای باڵادەستی عوسمانیدا. ڕاستییەکەی بارودۆخی تەواوی خۆڕادەستکردنەکەی روون نیە٥٧. هێزەکانی، کە پێدەچوو خێڵەکی و بە لاوازی ڕێکخرابێتن،  روون و ئاشکرا بەتەواوی بڵاوەیان لێکرد. هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە کەوا گۆڕینی ملکەچی و دڵسۆزیی یەزدانشێر، وەک لە خیانەتەکایدا دەرکەوت بۆ میر بەدرخان لە کاتی یاخیبوونی دژی عوسمانییەکان لە ساڵی ١٨٤٧دا، ڕۆڵی بینیبێت لە پاشەکشە و هەرەسهێنانی یاخیبوونەکەی خۆیدا، تەنانەت پێش ئەوەی هیچ پێکدادانێکی ڕاستەقینە لەگەڵ هێزەکانی عوسمانیدا بەرپا ببێت٥٨. 

  ڕاپەڕینەکە بەئاشکرا بوو بە ئیلهامبەخشی هیوا و ئاواتی یەک لە گرنگترین پێشبینیکاران و نوقڵانەلێدەرانی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی مۆدێرنی کورد، کە ئەویش حاجی قادری کۆیی بوو، کەوا باسی یەزدانشێری سەرکردەی ڕاپەڕینەکەی کردووە لە شیعرەکانیدا٥٩. بەگشتی، ڕاپەڕینەکە بەدەگمەن باسکراوە لە لایەن داکۆکیکارانی ناسیۆنالیزمی کوردەوە. بێگومان دەبێ ئەوەش وەبیربێنینەوە کە یەزدانشێر ڕۆڵی لە شکستی کورددا بینیوە بەوەی کە چووە پاڵ لایەنی عوسمانی پاش ئەوەی خیانەتی لە میر بەدرخان کرد و دواتر نەوەکانی یارمەتیدەر بوون لە شێوازبەندی و گەڵاڵەبوونی گێڕانەوەیەکی مێژوویی کورد لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا. لەئێستادا نەوەکانی بەدرخان وەک خیانەتکار و هەلپەرستێک تێیدەڕوانن. لەگەڵ ئەوەشدا، سروشتی دواتری پەیوەندییەکانی نێوان عوسمانییەکان و یەزدانشێر، وەک ئەو پەیوەندیانەی باڵیان کێشابوو بەسەر نێوانی بەدرخان و ئیمپراتۆرییەتدا لە پاش خۆڕادەستکردنی خان، ئاماژەن بە خەسڵەتی خێڵەکیی فیوداڵی سەرکردەکانی هەردوو ڕاپەڕینەکە، چەشنی باڵادەستیی ڕاستیی سیاسی. چونکە لە پاش ماوەیەکی کورتی دوورخستنەوە هەردوکیان پلە و پۆستی باڵایان درایە لە سیستەمی کارگێڕیی عوسمانیدا و لەو ویلایەتانەی کە زۆر دووربوون لە کوردستانەوە. هەردوکیشیان تاکۆتایی ژیانیان وەک حوکمڕانی عوسمانی مانەوە، دوور لە کوردستان و هەر پابەندییەکی نەتەوەیی مۆدێرنی کورد.

 

سەرەتاکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد

   لە دوادوایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا، کاتێ کە بزووتنەوە نەتەوەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەیانسەند و پاش دووبارە نەخشەکێشانەوەی هەرێمی لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، بارودۆخی کورد لە هی عەرەب و تورک و فارسەکان خراپتربوو. بنەتۆوی دەوڵەتسازیی کورد، بۆ نموونە میرنشینە کوردییە سەربەخۆکان، لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەوە لەناوبرابوون لە ئەنجامی چاکسازییەکانی عوسمانی و گۆڕانکارییەکان لە بارودۆخی نێودەوڵەتیدا. لە ماوەی دوا دەیەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا، دەستەبژێری خێڵەکی و فیوداڵی کورد، بەتایبەتی ئەوانەی دوورخرابوونەوە یان راگوێزرابوون بۆ ئەستەمبووڵ و ئیزمیر و ئاوێتەی   دەوڵەت و کۆمەڵگەی عوسمانی بووبوون و ئامادە نەبوون هەوڵ  بدەن و جارێکیتر دۆخی سەرکردایەتیی خۆیان لە کوردستاندا بگێڕنەوە٦٠. لە ماوەی ساڵانی ١٩١٤ بۆ ١٩٢٤، کە نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پاش عوسمانی کێشرایەوە، کوردەکان ئەو سەرکردانەیان نەبوو کە توانا و دەرەقەتی ڕۆڵێکیان ببێت هاوشێوە و هاوتەریبی ئەو ڕۆڵەی میرەکانی بنەماڵەی هاشمی گێڕایان لە سەروبەندی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەبدا.

  لەکاتێکدا کەوا دەوڵەتی عوسمانی تا ئەو ئاستە بەهێزبوو کە میرنشینە کوردەکان لەناوببات و بیانسڕێتەوە، بەڵام نەیتوانی حوکمێکی کاریگەر بسەپێنێت کە سوودبەخش بێت بۆیان. ئەمە بارودۆخێکی لێکەوتەوە کە بە واتای گشتی نائارام بوو وەک: بەخێرایی تیکچوونی شیرازەی یاساوڕێسای گشتی، درووستبوونی توندوتیژی و راورووت و شەڕوشۆڕ و هەڵکوتانەسەری   خێڵ و هۆز، کە بەزۆری دانیشتووانی شوانکارە بوون دژ بە جووتیارە   نیشتەجێ و جێگیرەکان. ئەو بۆشاییەی لە ئەنجامی لەناوچوونی ئیمارەتەکان هاتەکایەوە بارودۆخێکی وای درووستکرد کە تیایدا   هاوکۆیی و یەکگرتوویی تیرە و تایفە و هۆز پتەوبێت و دۆخی سەرهەڵدانی شیخەکانی ریبازە سۆفییەکان برەوبسێنێت. زۆڕێک لە رابەر و سەرکردەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی سەدەی بیست سەر بە  تیرە و خێڵەکانی بەرزانی و   بەرزنجی و تاڵەبانی و زێباری بن، کە هاوزەمان لەگەڵ نەمانی میرنشینە کوردییەکاندا سەریانهەڵدا.

   کوردستان، بە بارودۆخی جوگرافیی ئاڵۆزیەوە و بە نەبوونی سەرچاوەیەکی سرووشتیی ئەوتۆوە لە پێش سەردەمی نەوتدا، کە بەرژەوەندیی ئابووریی ڕۆژئاوا بورووژێنێت، تەنها بەرکەوتنێکی سنوورداری هەبوو لەگەڵ بازاڕی سەرمایەداریی جیهانیدا. لە ناوچەکانی تردا، تێکەڵبوون بە ئابووریی جیهانی ئەنجام و لێکەوتەی کارەساتباری هەبوو، بەڵام بەرکەوتەی ئابووریش لەگەڵ ڕۆژئاوادا هەل و مەرجی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی خولقاند و بوو بە هۆی گەشەکردنی ناسیۆنالیزم و بزووتنەوە نەتەوەییەکان. پەرەسەندنی ناوەندە شارستانییەکان، کۆمەڵگەیەکی شارستانی و چینە کۆمەڵایەتییە مۆدێرنەکان سنووردار بوو لە کوردستان و لەم رووەوە لەدوای شام، ئەنەدۆڵ، میسر و پێدەشتەکانی دیجلە و فوراتەوە دێت. کوردستان لەرووی جوگرافییەوە پەراوێز کەوتووە و دەرچەیەکی نیە لە سەر دەریا و پەیوەندیی لەگەڵ ڕۆژئاوادا لاواز و ناڕاستەوخۆ بوو، کۆمەڵگەکەشی بەشێوەیەکی بنەڕەتی بە خێڵەکی مابووەوە. نەبوونی زمانێکی کوردیی ستانداری نووسراو، هەنگاوی سست و قورسی مۆدێرن بوون و پەرەسەندنێکی خاوی بورجوازی و چینی ناوەڕاستی مۆدێرنی کورد بۆ بەڕەنگاربوونەوەی هێزی مۆدێلەکانی کۆمەڵگەی خێڵەکی پەرەسەندنی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کورد و هۆشیارییەکی نەتەوایەتیی دواخستبوو.

   تا ئاستێک، شوناسی کورد وێکهاتووەتەوە لەگەڵ دانیشتووانێکی خێڵەکی و تاڕادەیەک شوانکارە و دێهاتی و دوا پاشماوەی ئەریستۆکراتییەتێکی تیرە و هۆز. چینێکی ناوەڕاستی مۆدێرنی بچووکی کورد لە ئەستەمبووڵ و ئیزمیردا گیرسابوونەوە و چووبوونە سەر کولتوور و فەرهەنگی تورک و عەرەب و ئاوێتەی دەزگا و دامەزراوەی عوسمانی بووبوون. لە دید و بۆچوونی ئەوانەوە شوناسی کورد هاوتەریب بوو لەگەڵ دواکەوتوویی و کۆنەپەرستی و هەژاری و  واباشترە تێکەڵ بە وڵاتەکانی عوسمانی (دواتر تورکیا) و ئێرانی ببێت و شوناسێکی تورکی، ئێرانی یان عەرەبی وەربگرێت. ئەم حاڵەتی خۆگونجاندنە لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە هاندەدرا و ڕێگەی بۆ خۆشدەکرا، کە بریتیبوون لە ئیمراتۆرێتی عوسمانی و ئێران تا جەنگی جیهانیی یەکەم و پاشانیش تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا. ئەوان بۆ ماوەی چەندین سەدە کوردستانیان لەبندەستدا    بووە و بەرژەوەندییەکی چەسپاویان بووە لە سڕینەوەی هەموو ئاسەوارەکانی شوناسی کورد (وەک ئەوەی لە تورکیادا ئەنجامدەدرێت، یان بە شێوەیەکی جیاواز لە ئێراندا)، یان مامەڵەکردنێکی تایبەت و پڕ لە جیاکاری لەگەڵ کورددا وەک کەمینەیەک (وەک عێراق). هەرچۆنێک بووە، بەرژەوەندییە زاڵەکان مەسەلەی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی هێناوەتە ئاراوە و بەم جۆرە بەدیهێنانی ئۆتۆنۆمی، نەک باسکردنی دەوڵەتێکی خۆیان، تا ئێستاش بووە بە بژاردەیەک. 

  هەرچەندە ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کوردی لە سیاق و بارودۆخی مۆدێرنیزەدا گەشەی کردووە و بەریەککەوتن لەگەڵ ڕۆژئاوادا و هەژموونی دەوڵەتەکانی تورکیا و ئێران و عێراق لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە سەرهەڵدانی گوتاڕێکی نەتەوەیی کوردی و هۆشیارییەکی نەتەوەیی کوردی. پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی کورد خێرایی بەخۆوە بینیوە لە پاش کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە لەگەڵ کۆتایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و هەڵکشانی ناسیۆنالیزمی تورکی و ئایدیۆلۆجیای ئەتاتورکدا.  بەڵام خێڵگەرایی و تایفەگەرایی و یەکگرتوویی لۆکاڵی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەر بە هەژموونداری مایەوە. تەنها بە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد لە ساڵی ١٩٤٦دا (کە دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان) بزووتنەوەی نەتەوەیی مۆدێرن بوو بە هێزێکی سەنتراڵ یان ناوەندی. شوناسی کورد، پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی سیاسیی خێڵەکیی فیوداڵ، نەریتە زارەکییەکان و بەڵگە و دەلالەتەکانی پێش ئیسلامی "کورد و ئەکراد" بەدرێژایی مێژووی ئیسلام مانەوە و بەردەوام بوون. بەتێکڕایی، گوتاری نەتەوایەتیی کورد لە رووداوە ڕاستەقینە و خەیاڵییەکان وەرگیراوە لە مێژووی کوردستاندا و پشتیان بە   ئاماژە و دەلالەتە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی شوناسێکی کوردیی پێش مۆدێرنیتە بەستووە. حاڵی حازر ئەزموونێکی قووڵ و گشتگیری پەرەسەندنە مێژوویی و کۆمەڵایەتییە - سیاسییەکان لە کوردستاندا، گوزارش و دەربڕینەکانی شوناسی کورد لە سەرەتاکانی ئیسلامەوە و گەشەکردنی زمانی کوردی پێویستە بۆ تێگەیشتنیکی باشتر لە گەل/ نەتەوەی مۆدێرنی کورد.

 

پەراوێز 

1 - ڕۆبەرت ئۆڵسن، "سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی و یاخیبوونی شێخ سەعید، ١٨٨٠ - ١٩٢٥"، لاپەڕە ١ - ٢٥؛ هاکان ئوێزئۆغلوو، "ناودارانی کورد و دەوڵەتی عوسمانی: پەرەسەندنی شوناسەکان، ڕکەبەریی دڵسۆزییەکان و گۆڕانکاریی سنوورەکان"، ل ٧٢ - ٧٨؛ وەدیع جوەیدە، "بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد: رەگ و ریشە و پەرەسەندنەکانی"، ل ٧٥ - ١٠٢؛ سولەیمان ئەسەد ئەسڵان، "ململانێی پێکهاتنی دەزگاکان و شکستی سەرەتای ناسیۆنالیزمی کوردی ١٩١٨ - ١٩٢٢"، ل ٥٩ - ٦٥.

2 -  ئەمیر حەسەنپوور، "پێکهێنانی شوناسی کورد: گوتارە مێژوویی و ئەدەبییەکانی پێش سەدەی بیستەم"،  ل ١٠٦ - ١٦١؛ مارتن ڤان برونەسن، "مەم و زینی ئەحمەدی خانی و ڕۆڵی لە سەرهەڵدانی هۆشیاریی نەتەوەیی کوردی"، ل ٤٠ - ٥٧؛ فەرهاد شاکەلی، "ناسیونالیزمی کوردی لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا".

3 -  لەبارەی گرنگیی "ناوێکی بەکۆمەڵ" یان بەڵگە و ئاماژەکانی ئیتنیی پێش مۆدێرن گرووپی ئیتنیکی، بڕوانە ئەنتۆنی سمیث،  "رەگ و ریشەی ئیتنیکیی نەتەوەکان"، ل ٢٢ - ٢٣.

٤ -  بەکارهێنانی تێرم یان زاراوەی "پرۆتۆناسیۆنالیزم" کە لە سیاقی ئەم بابەتە نووسینەدا بە واتای خەسڵەتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، شوناس یان ناسنامە بەکۆمەڵەکان و تێگەیشتنەکان لە سەردەمێکی پێش مۆدێرنە و پێش ناسیۆنالیستیدا دێت و هاوشێوەی نەوەکانیانە لە نەتەوە و ناسیۆنالیزمە مۆدێرنەکانە.

5 -   ئەحمەد بن یەحیا بن جەببار ئەلبلاذەری، "فتووح ئەلبولدان"، ل ٤٦٤، ٤٦٧، ٥٣٨، ٥٤٨.

6 -  تەبەری، مێژووی تەبەری (تاریخ ئەلڕوسول وەلملووک - تأریخ الرسل والملوک)، بەرگی ١٥، "قەیرانی سەرەتای خیلافەت"، وەرگێڕانی ر. ستیفن هامفەری، ل ٣٤.

7 -   تەبەری، هەمان سەرچاوەی پێشوو، بەرگی ١٤، "داگیرکردنی (فەتح)ی ئێران"، وەرگێڕانی جی. ڕێکس سمیث، ل ٧٣ ، ٧٨ - ٧٩.

8 -   جەی. کوردۆ (ناوی خوازراو)، "کوردستان: رەگ و ریشەی شارستانییەتی کورد"، ل ٥٥.

9 - لەبارەی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی زمان لە گەشەکردنی شوناسی نەتەوەیی و هۆشیاریی نەتەوەیی، بڕوانە ئەمیری حەسەنپوور، "ناسیۆنالیزم و زمان لە کوردستاندا: ١٩١٨ - ١٩٥٨".

 10 - بەپێی ئیبن خەلدوون: ریزانکاس. ئیبن خەلدوون، "تاریخولئەعلام – تأریخ الأ‌علام"، بەرگی ٤، ل ١٠٩٣ هەروەها بڕونە محەمەد ئەمین زەکی، "خلاصة تأریخ الکرد وکردستان ، تأریخ الدول والإمارات الکردیة  فی العهد الإسلامی"، بەرگی ٢، ل ٦٦ - ٨٩.

11 - ڤڵادیمیر مینۆرسکی، "ئەننازیدس Annazids"،  El، چاپی نوێ، (لایدن: ئی. جەی. بریڵ، ١٩٥٤ - ٢٠٠٣)، بەرگی ١، ل ٥١٢ - ٥١٣.

١٢ - بڕوانە توێژینەوەی کلاسیکی لە سەر شەددادییەکان: ڤڵادیمیر مینۆرسکی، "توێژینەوەکان لە سەر مێژووی قەوقاز"، ل ٣٣ - ٧٨. هەروەها بڕوانە ئەمین زەکی، "خولاصة تأریخ الکرد وکردستان"، ل ٩٠ - ٩٤.

١٣ - لەبارەی بنەماڵەی مەروانییەوە، بڕوانە ئیبن خەلدوون، "تأریخ العلامات"، بەرگی ٤،   ل ٦٧٤ - ٦٨٦؛ هەروەها ئێج. ئێف. ئامەدرۆز، "بنەماڵەی مەروانی لە مەیافارقین لە سەدەکانی دە و یانزەی زاینیدا"، ل ١٢٣ - ١٥٤. هەروەها بڕوانە ئەمین زەکی، ""خولاصة تأریخ الکرد وکردستان"، بەگی ٢،  ل ٩٥ - ١٣٥.

١٤ -  ئامەدڕۆز، "بنەماڵەی مەروانی..."، ل ١٣١.

١٥ -  عیززەدین ئیبنولئەثیر، "الکامل فی التأریخ"، بەرگی ٩، ل ٣٨٤ - ٣٨٦.

 ١٦ -  هەمان سەرچاوە، ل ٥٩٨ - ٥٩٩.

١٧ -  هەمان سەرچاوە، بەرگی ١٠، ل ٦٥ - ٦٧.

١٨-  هەمان سەرچاوە، ل ١٤٤.

١٩ - هەمان سەرچاوە، ل ٦٠٤. هەروەها بڕوانە وەرگێڕانی ئینگلیزیی: عیززەدین ئیبنولئەثیر "تۆماری مێژووی ئیبنولئەثیر بۆ سەردەمی خاچپەرستی لە ئەلکامیل فی ئەلتاریخ، بەشی ١: ساڵانی ٤٩١ - ٥٤١ی کۆچی/ ١٠٩٧ - ١١٤٦، هاتنی فرانکییەکان و کاردانەوەی موسڵمانەکان - وەرگێڕانی د. س. ریچاردس، ل ٢٤٠، ٣٠٧، ٣٦٧؛ عزالدین إبن الأثیر، "تۆماری مێژووی تورکە سەلجووقییەکان: هەڵبژاردە لە الکامل فی التأریخی عزالدین إبن الأثیر"، وەرگێڕانی د. س. ریچاردس، ل ١٥، ١٩، ٤٥، ٥٨، ٦٠ - ٦٢، ....".

٢٠ -  مینۆرسکی، "مێژووی قەوقاز"، ل ١١٦ - ١٣٦، ١٤٦ - ١٥٧.

٢١ -  هەمان سەرچاوە، ل ١٣٨.

٢٢ - بۆ گفتوگۆیەکی قووڵ لەبارەی دید و بۆچوون و نموونە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و شوناسی کوردییەوە، بڕوانە مارتن ڤان بوونەسن "ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان"،  ل ٥٠ - ١٣٢. بۆ قسەکردن لە سەر مەسەلەی ئەو مانایەی لە پشتی بەڵگە و دەلالەتی "کوردەوەیە"لە سەدەکانی  شانزە و حەڤدەدا، بڕوانە ڤان برونەسن، "کۆمەڵگەی کوردی، ئیتنیک و نەژاد، ناسیۆنالیزم و کێشەی پەنابەرەکان"، ل ٣٣ - ٦٧.

٢٣ - لەبارەی خێڵە کوردەکان و میرنشینە کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی ئاق قۆینلوو و قەرە قۆینلوو، بەتایبەتی میرنشینەکانی حەسەنکێف (لە نێوان ئامەد و جزیرەدا)، هەکاری و چەمشکەزەک (لە ناوچەی دەرسیمی ڕۆژئاوای کوردستان و لە تورکیای ئێستادا کراوە بە تونجەلی)، بڕوانە ڤان برونەسن، "ئاغا و شێخ و دەوڵەت"، ل ١٣٧،  ١٤٥ - ١٥١. لەبارەی ئاق قۆینلوو، بڕوانە جۆن ی. وودس، "خێڵی ئاق قۆینلوو، کۆنفیدراسیۆن، ئیمپراتۆرییەت".

٢٤ - مارتن ڤان برونەسن و هیندریک بۆیسچۆتن، "ئەولیا چەلەبی لە دیاربەکر: بەشی پەیوەندیدار لە شایەتنامە"، ل ١٣ - ١٥.

٢٥ -  ئوێزئۆغڵووو، "ناودارانی کورد"، ل ٥٠.

٢٦ -  جوەیدە، "بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد"، ل ٢٣.

٢٧ - مارتن ڤان برونەسن، "کوردستان لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا وەک لە شایەتنامەکەی ئەولیا چەلەپیدا ڕەنگدەداتەوە"، ل ١ - ١١. مارتن ڤان برونەسن و هیندریک بۆیسچۆتن، "چەلەبی لە دیاربەکر"؛ رۆبەرت دانکۆف، "ئەولیا چەلەبی لە بەدلیس"؛ ئوێزئۆغڵووو، "ناودارانی کورد"، ل ٣٣ - ٣٥.

 ٢٨ -  دانکۆف، "ئەولیا چەلەبی لە بەدلیس"، ل ٩٢ - ١٠٧.

٢٩ -  هەمان سەرچاوە، ل ٢٨٣ - ٢٩٥. ڤان برونەسن، "ئاغا و شێخ  و دەوڵەت"، ل ١٦٢ - ١٧٠.

٣٠ - شاکەلی، "ناسیۆنالیزمی کوردی". بۆ گفتوگۆیەکی قووڵ لە سەر قەسیدەکە، بڕوانە ئەمیر حەسەنپوور، "بنیاتنانی شوناسی کوردی"، بەتایبەتی ل ١٠٦ - ١٣١.

٣١ -  وەک لە حەسەنپوورەوە وەرگێڕدراوە، "بنیاتنانی شوناسی کوردی"، ل ١١٨ - ١١٩.

٣٢ -  وەک لە هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ١٠٩.

٣٣ -  وەک لە لایەن شاکەلییەوە وەرگێڕدراوە لە "ناسیۆنالیزمی کوردی"، ل ٧١.

٣٤ -  هەمان سەرچاوە، ل ٧٤.

٣٥ - لەبارەی بەکارهێنانی "مەم و زین"ەوە بزووتنەوەی نەتەوەیی مۆدێرنی کوردەوە، بڕوانە حەسەنپوور، "بنیاتنانی شوناسی کوردی"، ل ١٢٩ - ١٤٢. ڤان برونەسن، "مەم و زینی ئەحمەدی خانی"، ل ٤٠ - ٥٧.

٣٦ - شرف الدین خان بدلیسی، "شرفنامە، فی تأریخ الدول والإمارات الکردیة". هەمان ئەم کتێبەی میر شەرەفخانی بەدلیسی لە لایەن میهردادی ئیزەدییەوە کراوە بە ئینگلیزی، لەژێر ناوی "شەرەفنامە، مێژووی نەتەوەی کورد،                                                                                               The Sharafnama, or the History of Kurdish Nation".

٣٧ - مایکڵ ئەپەڵ، "لەناوبردنی میرنشینە کوردەکان: کاریگەریی چاکسازییەکانی    عوسمانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەر کوردستان لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا"، ل ٢٤٤ - ٢٤٦.

٣٨ - کڵۆدیۆس جەیمس ڕیچ، "یاداشتی نیشتەجێیەک لە کوردستاندا                    Narratives of a Residence in Koordistan "، بەرگی ١.

٣٩ - هەمان سەرچاوە، ل ٩٦ - ٩٧. ت. نیونهیوس، "سیاسەت و کۆمەڵگە لە سەرەتاکانی عێراقی نوێدا: پاشاکانی مەملووک، شێخە خێڵەکییەکان و حوکمی ناوخۆیی لە نێوان ساڵانی ١٨٠٢ و ١٨٣١دا"، ل ٩٧.

٤٠ - جەلیلی جەلیل، "کوردەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا"، (بە زمانی رووسی)، ل ٩٦؛ جەیمس بەیڵی فرەیزەر، "گەشت لە کوردستان و میزۆپۆتامیا .. لەگەڵ باسێکی چەند بەشێکی ئەو وڵاتانەی تا ئێستا سەردانی نەکراون لەلایەن ئەوروپییەکانەوە، هەروەها هێڵکاریی خەسڵەت و ڕەفتاری خێڵە کورد و عەرەبەکان"، ل ٦٤. 

٤١ - جەلیل، "کوردەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا"، (بە ڕووسی)، ل ٥٥.

٤٢ - باسێکی گشتیی پەرەسەندنی دەسەڵاتی کۆر محەمەد لە کتێبی جوەیدەدا دەستدەکەوێت "بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد"، ل ٥٥ - ٥٦. بۆ وێنەیەکی وردتر لەو بارەوە بڕوانە فرەیزەر، "گەشت..."، بەرگی ١، ل ١٠٢. هەروەها ئێج. سی. ڕۆڵینسن، "سەرنج لە سەر گەشتێک لە تەبرێزەوە بە کوردستانی ئێراندا، بۆ شوێنەوارەکانی تەختی سولەیمان"، ل ٣٢. محەمەد ئەمین زەکی، "خلاصة تأریخ الکرد وکردستان، من أقدم العصور حتی الآن"،  ل ٢٤٣.

٤٣ -  جوەیدە، "بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد"، ل ٥٩ ؛ ئەمین زەکی، "خلاصة ..."، ل ٢٤٥.

٤٤ -  بۆ باسێکی دوورودرێژ لەبارەی کەوتنی کۆر محەمەدەوە بڕوانە جەلیل، "کوردەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا"، (بە رووسی)، ل ١٠٠ - ١٢٢.

٤٥-  ئە. ب. کەنینگهام، "بەرایی نامە و نامەکارییەکانی ریچارد وود، ١٨٣١ - ١٨٤١"، ل ٩٧. ئەم هەوڵدانەی وود بۆ ئەوە بووە بگاتە چارەسەڕێک کەوا لێبگەڕێن کۆر محەمەد هەر بە حوکمڕان بمێنیتەوە لە رەواندزدا. بەڵام ملکەچبوونی بۆ عوسمانییەکانیش دیسان لەلایەن گەڕیدە دەبڵیو. ئێف. ئەینسوێرثەوە باسکراوە لە کتێبیدا، گەشت و لێکۆڵینەوەکان لە ئاسیای بچووک، میزۆپۆتامیا و کلدۆئەرمینیادا"، ل ٣٢٣.

٤٦ - ئەمین زەکی، "خلاصة ..."، ل ٢٤٧؛ فرەیزەر، "گەشت..."، بەرگی ١، ل ٨١ - ٨٢؛ جوەیدە، "بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد"، ل ٦٠، ٣١٩.

٤٧ -  ئەینسوێرث،  "گەشت ... "، بەرگی ١، ل ٣٢٣. جوەیدە، "بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد"، ل ٦٠.

٤٨- چالاکیی مسیۆنێری و تایفەی نەستووری و رووداوەکانی لێرەدا خراونەتەروو لە زنجیرەیەک سەرچاوە و توێژینەوەی سەرەتاییدا باسکراون کە ڕەنگدانەوەی دید و بۆچوونی مسیۆنێرەکان و کریستیانەکانی ناوخۆن. بڕوانە کەمال سەلیبی و یوسف ک. خووری، "مسیۆنێریی هێراڵد، لە باکووری عێراقەوە راپۆرت دەدا، ١٨٣٣- ١٨٤٧". گێڕانەوەیەکی هاوسەنگ ڕەنگە زیاتر لە کتێبەکانی گەڕیدە و شوێنەوارناسە بەریتانییەکاندا دەستبکەوێت، وەک سێر ئۆستن هێنری لایارد: "دۆزراوەکانی شوێنەواری نەینەوا و بابل و لەگەڵ گەشت لە ئەرمینیا و کوردستان و بیاباندا و باسێکی گشتیی دۆزراوەکانی نەینەوا"، ل ١٢٢ - ١٧٠. هەروەها بڕوانە جۆن جۆزێف، "نەستوورییەکان و دەراوسێکانیان" ؛ گۆردن تایلەر، "تا و تینوێتی: دکتۆر گرانت و خێڵە کریستیانەکانی کوردستان".

٤٩ - ئی. بی. سۆن، "لە میزۆپۆتامیا و کوردستاندا بە نەناسراوی"، ل ١٥٦. جوەیدە، "بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد"، ل ٦٩. ڤان برونەسن، "ئاغا و شێخ و دەوڵەت"، ل ٢٩٢.

٥٠ -  ئۆستن هێنری لایارد، "نەینەوا و شوێنەوارەکانی"، بەرگی ١، ل ١٧٣. جوەیدە، "بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد"، ل ٧٢، ٣٢٢.

 ٥١ -  ئەینسوێرث، "گەشت ..."، ل ٢٧١، ٢٨١.

٥٢ -  سەلیبی و خووری، "مسیۆنێریی هێراڵد..."، ل ٤٧٤، ٤٨٣.

٥٣ -  لایارد، "دۆزینەوەکان ..."، ل ١٢٢.

 ٥٤ -  نەزان، "کوردەکان لە بندەستی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا"، لە کتێبی "گەلێکی بێ وڵات: کورد و کوردستان"، جی. کەیلاند، ل٢٤. هەرچەندە خانەوادەی بەدرخان تێکەڵی   دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوون، بەڵام ئەندامانی خێزانەکە بەردەوام بوون لە سەر هەوڵ و کۆششیان بۆ زیندووکردنەوە و بووژاندنەوەی میرنشینی بۆتان و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە ڕۆڵێکی سەنتراڵیان گێڕا بۆ گەشەکردن و بڵاوکردنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی. عوسمان پاشای بەدرخان لە ساڵی ١٨٧٩دا هەوڵیدا ژیاندنەوەی میرنشینی بۆتان و یەکگرتنی کورد لە ژێر سەرکردایەتیی خۆیدا. کەسانی تری سەر بەو خانەوادەیە ویستیان ئۆتۆنۆمیی کورد پێشبخەن لە پاش شۆڕشی تورکە لاوەکان لە ساڵی ١٩٠٨وە تا سەرەتای جەنگی جیهانیی یەکەم. لە ساڵی ١٩٠٩دا عەبدوڕەزاق بەدرخان هەوڵیدا قەناعەت بە ڕووسیا بکات کە پشتگیریی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بکات. لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، عەبدوڕەزاق و کامیل بەدرخان هاوکاری و هەماهەنگییان لەگەڵ ڕووسیادا دەکرد. بڕوانە دێڤید ماکدواڵ، "مێژووی هاوچەرخی کورد"، ل ٩٩ - ١٠٠. جوەیدە، "بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد"، ل ١٢١.

٥٥ - یاخیبوونەکەی یەزدانشێر زۆر بەدەگمەن توێژینەوەی لە سەر کراوە. تەنها کتێبی کەندان بادەم، کە لە سەر جەنگی کریمیایە رووماڵێکی تێدایە کە بەشێوەیەکی سەرەکی لەو پەیوەندییانە دەدوێت کە لە نێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەریتانیادا بووە لەبارەی جەنگی کریمیاوە، بڕوانە "جەنگی کریمیای عوسمانی (١٨٥٣ - ١٨٥٦)"،  ل ٣٦٠ - ٣٧٧. سەرچاوەیەکی گرنگ کە باسی جەنگی تێدایە لە تێڕوانینی ڕووسیاوە، کتێبێکە لەلایەن ئەفسەڕێکی هەواڵگرییەوە نووسراوە کە لە ئەرکانی جەنگی سوپای ڕووسیا بووە لە قەوقاز، ئەویش کاپتن ئێڵ. ئای. ئەڤێریانۆڤە، "کورد لە جەنگەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئێران و تورکیا لە سەدەی نۆزدەدا"، (کە بە زمانی رووسییە). ئەم کتێبە بەڵگەنامەی گرنگی لەخۆگرتووە و پێداچوونەوەیەکی مێژووییە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و کورد بەدرێژایی سەدەی نۆزدەهەم.

٥٦ - بادەم، "جەنگی کریمیای عوسمانی"، ل ٣٦٦؛ ئەڤێریانۆڤ، "کورد لە جەنگەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئێران و تورکیا لە سەدەی نۆزدەدا"، ل ٩٣.

٥٧ -  بادەم، "جەنگی کریمیای عوسمانی"، ل ٣٧٣.

٥٨ - وردەکاریی تێکەڵبوونی بەریتانیا بەم مەسەلەیە لە یاداشتەکانی دکتۆری بەریتانی هامفرەی ساندویثدا باسکراوە کە بەرپرسی کەتیبەی پزیشکیی بەریتانی بووە لە هێزەکانی عوسمانیی ئەو ناوچەیەدا. ساندویث، "یاداشت (گێڕانەوە): گەمارۆدانی قارس"، ل ٢١٢ - ٢١٥.

٥٩ -  فەرهاد شاکەلی، "حاجی قادری کۆیی"، ڕۆژنامەی کوردیش گڵۆب Kurdish Globe، هەولێر، ٧ی شوباتی ٢٠١٠.

٦٠ -  ئەسڵان، "شەڕ و ململانێکان"، ل ٣١١، هەروەها لە بەشی دووی توێژینەوەکەیدا بە نموونە هێناویەتیەوە،  ل ١٠١ - ١٠٣، ١٥٠ - ١٥٩.

 

سەرچاوە: ڕەگ و ڕیشەی ناسیۆنالێزمی نوێی کوردی: پاشخانی مێژوویی  (توێژینەوەیەکە لە دووتوێی کتێبێکی ئۆفرا بینگیۆ بە ناونیشانی "ڕابوونی کوردەکان"، چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆی تەکساس، ئۆستن، ٢٠١٤).

‌Historical Setting: The Roots of Modern Kurdish Nationalism

In Ofra Bengio (editor), Kurdish Awakening (Austin, Texas University Press, 2014).

A Research by: Michael Eppel

University of Haifa, Department of Middle Eastern History

(Historian, Middle Eastern Affairs Analyst, International Relations analyst)

 

مایکڵ ئەپەڵMichael Eppel    

پرۆفیسۆر لە زانکۆی حەیفا / سەرۆکی بەشی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە کتێبە بڵاوکراوە گرنگەکانی:

گەلێکی بێدەوڵەت: کورد لە سەرهەڵدانی ئیسلامەوە بۆ بەرەبەیانی ناسیۆنالیزم (٢٠١٦).

عێراق لە پاشایەتییەوە بۆ ملهوڕی: لە سەردەمی هاشمییەوە بۆ سەرهەڵدانی سەددام (٢٠٠٤).

ململانێی فەلەستین لە مێژووی نوێی عێراقدا: دینامیکییەتی تێوەگلان،             ١٩٢٨ - ١٩٤٨.

دەستەبژێر و ئەفەندی و گەشەکردنی ناسیۆنالیزم و پان - عەرەبیزم لە عێراقی هاشمیدا، ١٩٢١ - ١٩٥٨.

بێجگە لە دەیان باس و لێکۆلینەوەی ورد لە سەر کورد و عەرەب و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×