مەكگۆرك و سودانی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو عێراق تاوتوێ دەكەن
  2023-01-16       429       

ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ برێت مەكگۆرك، هەماهەنگیكاری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا كۆبوەوەو پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان بەغداو واشنتۆنیان لە سەرجەم ئاست و بوارەكان تاوتوێ كرد.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئێوارەی ئەمڕۆ، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشوازیكرد لە برێت مەكگۆرك، هەماهەنگیكاری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا، تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو رێگاكانی پتەوكردن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لەسەرجەم ئاست و بوارەكان تاوتوێ كراوە، بەشێوەیەك كە لە خزمەت بەرژەوەندیی هەردو گەلی عێراق و ئەمریكادا بێت.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لە كراونەوەی حكومەتی عێراق بە ئاڕاستەی هاریكاریی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برا كردۆتەوەو هەروەها جەختیشی لە توانای هێزە ئەمنییەكانی عێراق بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆرو بەردەوامیدان بەو سەقامگیرییە كردۆتەوە كە لە ئەنجامی قوربانیدان لەسەر خاكی عێراق بەدەستهاتوە.

لای خۆیەوە برێت مەكگۆرك جەختی لە پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەركەوتنی حكومەتی ئێستای عێراق كردۆتەوەو راشیگەیاندوە، ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی راوێژ بە هێزە عێراقییەكان لەشەڕیاندا دژبە داعش.

هەروەها مەكگۆرك پایەندیی ئیدارەی ئەمریكای بە رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و پشتیوانی بۆ چاكسازییەكانی حكومەتی عێراق لە بواری وزەو ژێرخانی ئابوری و ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، دوپاتكردۆتەوە.

برێت مەكگۆرك رایگەیاندوە، وڵاتەكەی پێشوازی لە هەوڵەكانی پەرەپێدانی پڕۆژە هاوبەشەكانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەری دەكات لە بواری ژێرخانی ئابوریداو پێشوازی وڵاتەكەیشی بۆ سەردانی چاوەڕوانكراوی فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ واشنتۆن دەربڕیوە بەمەبەستی ئەنجامدانی كۆبونەوەكانی لیژنەی باڵای هەماهەنگیی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەردو وڵات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×