عومەر چاوشین پاش مردنی تۆڵەی لێدەکرێتەوە
  2023-01-20       2525       
عومەر چاوشین

ڕێبوار عارف

 

کە منداڵ بووین چاوی شینی عومەرێک لە تەمسیل و دراماکاندا ڕایدەکێشاینە بەردەم شاشەی تەلەفزیۆنەکان و لە زۆربەی بەرنامەکانی تر زیاتر دلمان پێۆخۆش بوو. لەبەر بەشداری نەکردنی ( مێینە) لەو سەردەمەدا لە شانۆو دراماکاندا ئەو زۆر جار ڕۆڵی ژنی دەبینی. بەڵام لەبەر تواناو ئاستی باشی نواندنەکەی ئەوەمان لەبیر دەچووە کە ئەم ئەکتەرە کاک عمر چاوشینە. بەوشێوەیە ئەم هونەرمەندە نزیک بە ٢٠ ساڵ لە شانۆو درەماکاندا بۆشاییەکی گەورەی لەم بوارەدا پڕکردەوە.

 

ئێستە دوای تێپەربوونی  دەیان سال بەسەر کاری ھونەری ئەم ئەکتەرەدا لێرەو لەوێ گوێبیستی ئەوە بووین کە ئەم ساڵانەی رابردو دواین قۆناغەکانی ژیانی لە خەڵوەتگەی پیران بەسەر دەبات، بە جۆرێک کە چرکەساتەکانی ژیانی ئەم مرۆڤە بەدەم بیرکردنەوەو نینۆک خواردن و خەیاڵ پەروازکردنەوە گرمۆلە دەبوو ھەردوو ئەژنۆی خۆی بۆ پڕکردنەوەی زەمەنەکانی تەنیای بە تووندی لە باوەش دەگرتوو بە جگەرە داگیرساوەکەی نێوان پەنجەکانی هەناوی خۆی رەشتر دەکردەوە، بۆیە ئەو تا دواین چرکەساتەکانی ژیانی جگەرەی کردە نزیکترین ھاوڕێ و ھاودەمی ئەو ڕۆژانەی کە لە نامۆبووندا نغرۆ ببوو. 

 

دواجار لەپڕ دەبینە بینەری دواین پەردەی نمایشەکانی ئەم هونەرمەندە، بەو جیاوازیەوە کە ئیتر عمر جەستەی بەدوای خۆیدا پەلکێشمان ناکات، بەڵام دوای مەرگیشی (سەمایەکی) ئاگر لە دیوەخانی فەرهەنگێکی کۆنەپەرستانە بەردەداوت و لەبانی رێزلێنان، بەناوی خەلکەوە سەرزەنیشتی دەکەن بۆ دواین دەرکەوتنەکانی.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەو ئیتر هیچ توانای داکۆکی کردنی لە خۆی نیە، بۆیە هیچ ئازادیەنیش نیە کە لە دنیای مەجازی دادگای بۆ دابنێن و بەهۆی بینینی دەورێکەوە بۆ هەمیشە مەحکومی کەین و دیوەزمیەک لەم ئینسانە سازبکەن و لە تۆلەلیدا تا ئەبەد وەک نەفرەت لێکراوێک لە ئاگری جەهەنەمدا بیسووتێنن، "پەلە مەکەن دواتر بەم فەزاحەتە ئاشنادەبن"!

.......

 

مەرگی ئینسان لە نێوان بیرورای زال و فلتەری سۆسیال میدیادا!

 

زۆرێک لەئێمە لەم ڕۆژانەدا لە ڕێگەی سۆسیا میدیاوە ھەواڵی مەرگی عمر چاوشینمان بیست. ڕۆژی دواتر ھەواڵی بەخاک سپاردنی لەگەڵ وێنەی دارەمەیتێکدا لە یەکێک لە مزگەوتەکانی سلێمانیدا  نیشاندرا... دواتر کاتێک دەیبەن بۆ گۆڕستان یەکەمین سزای گشتی هەژاریەکەی وەردەگرێت و تەنیا ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی بنەماڵەکەی و دۆستانێکی نزیکی لە چاوی کامێرەوە دەردەکەون، کە ھەندێکیان نیگەرانی خۆیان لە ساردو سڕی بەخاک سپاردنەکەی ئەم ھونەرمەندە نیشاندا.

 

بەلام هەقیقەتە ناڵەکە ئەوەیە هەروەک ئەوەی عادەتمان گرتبێت بەوەی ئەو کەسانەی کە هەژاری و نەداری و بێنەوای دەبێتە داینەمۆی چەرخاندنی ژیانیان، نەک تا سەرەمەرگیش دەبێت باجی هەژاریان بدەن، بەلکو مەرگەکەشیان مەرگێکی جیاوازەو "پێویست بە سزای تووندتر دەکەن". ئالێرەدایە دەبینین کە چۆن مەرگیش بە فلتەرێکی چینایەتیدا تێپەر دەبێتو سەرمایە دەتوانێت گرانبەهاترین هوڵەکان و زۆرترین ژمارەی خەلکی بەدوایدا هەلخڕێنێت.

 

بەلی بۆ زۆرێکمان پرسەی ساردوسڕی عمر چاوشین جێگەی نیگەرانی بوو، بەڵام تۆبڵی چاوەڕوانیەکە چی بێت لە مەرگی ھاوڵاتیەکی ھەژار کە نە رۆژێک لە ڕۆژان وێنەی لەگەل هیچ بەرپرس و کادرێکی حیزبیدا گرتبێت و نە رۆژگارێک ئامادە بووبێت شکۆی ئینسانی خۆی ھەرزان فرۆش بکات.

 

هەربۆیە ناکرێ لە مەرگی چاوشینەکاندا چاوەڕێ ئەوەبین وەک مەرگی کوڕە بەرپرسێک دەیان پەیامی سەرۆک و سەرکردەی حیزب و سیاسەتمەدارو پەرلەمانتارو وەزیرو گزیر بەدوای خۆیدا بھێنێت. ناکرێ چاوەڕێ پرسەی پڕ شکۆو قەتارەی ئۆتۆمبیلی بەرپرسان و کەسایەتیەکانی شاربین. 

بەدلنیای نا ئەمانە جێگەی چاوەروانی کەس نیە، بەلام ئەی بەڕاستی نەدەکرا لەو سەدان و بگرە ھەزاران ھونەرمەندەی ئەم مەملەکەتەدا سیمای پۆلێک لە زۆنی کامێرەکانەوە ببینایە، نەدەکرا لەو دەیان سەندیکاو نقابەی ھونەرمەندان و کۆمەڵە و یەکیەتی ھونەرمەندانەی ئێرەو ئەوێی کوردستان چوار لاڤیتەی سەرەخۆشیان بۆ رێزلێنان لەو ئەندامەی خۆیان بدیبایە. بەداخەوە دەبێت بڵین نا لەبەرئەوەی بیرورای گشتی بەرژەوەندی چینە دەسەلاندارەکان دیاری دەکات، بۆیە ڕەنگە پێویستیان بەم بازار گەرمیە بۆ نیشاندانی توانایەکان و کەسایەتی هونەرمەندێک کە نزیک بە نیوسەدە لە بازنەی بێ ئاکامی هونەردا سوورایەوە، پێویست نەکات.

 

عمر چاوشین تۆڵەی "ئەو دنیا"ی لەم دنیا لێکرایەوە.

 

ھەموو ئەوانەی کە ئاماژەمان پێکردن دەکرێ بخرێتە خانەی سەرزەنیشت و ڕەخنەو تەوانجەوە، بەڵام ئەوەی یەکێک لە کەناڵێکی سۆسیال میدیادا ئەنجامیدا دەچێتە خانەی تووندترین و سوکایەتی و دادگای کردنی ئێنسانێک پاش مەرگی، لەلایەن نوێنەرەکانی خوداوە تۆڵەی ئەو دنیایان لەم دنیا ڕوو بە خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند. کە لێرەدا سەرنجتان بۆ گۆشەیەک لە ڕایپۆرتاجی ئەو کەناڵە رادەکیشم بەناوی"  سەودا پرێس "ەوە بە ناونیشانی ( ئەو سەمایەی کە وای لە عمر چاوشین کرد ١٠ کەس نەچنە سەر تەرمەکەی). دوابەدوای دوو پەرەگراڤ لەخستنەڕووی بیلۆگرافیای کارە ھونەریەکانی عمر چاوشین، خانمی بێژەر دەڵێ: پیاوێکی سەیر بوو چەند جارێک ھاوسەرگیری کردبوو، کەچی کۆتا ساڵەکانی تەمەنی لە خەڵوەتگەی پیریدا بەسەربرد. درێژەی پێدەدان و دەلێ : لە ساڵی ٢٠١٩دا ھەڵکەوت زاھیر و دینا سەردانیان کردو گۆرانیان بۆ ووت، ئەویش ( واتە عمر چاوشین) ھەستایە سەرپێ و دەستی کرد بە سەما کرد، ئیتر ئەو سەمایە ئاگری توڕەی خەڵکی بەرامبەر دروست کرد و دەیانووت چۆن دەبێت پیاوێک لەو تەمەنەدا لەگەڵ کچە گۆرانی بێژێکدا سەما بکات، مەگەر ئەو دنیایی لە یاد نیە... 

 

 من دەزانم لەم بازاڕی ئازادو بازاڕی پڕ لە ناشیرینی و فەزاحەتەی سۆسیال میدیا گەلێک کارو کردەو بەرھەمی نەشیاو ناشایستەو پڕ سوکایەتی بازاری پێگەرم دەکرێت، بەڵام لەم جۆرە قێزەون دژی ئینسانیەی ئەم کارەی کەناڵی "سەودا پرێست" ھەموو مۆڕاڵێکی کۆمەڵایەتی و ھەر سنورێکی ئەتەکیەت و بنەمایەکی میدیاکاریان بەزاند. ئاخەر ئەم ھەموو نەفرەت و بێزاری دەربڕینە دژ بە خۆشی نیشاندانی ئینسانێکی حەفتا ساڵ لەپای چی، ئەو سوکایەتی پێکردنە بە کەسێک کە دەچێتە خەڵوەتگەی پیران بۆ، ئەو دەخالەتکردنە لە ژیانی تایبەتی ئینسانەکاندا کە چەند هاوسەرگیری کردوە لەپای چی...

 

هەر بەڕاستی ئەم هەموو سوکایەتی و دادگای کردنە بە ئینسانێک کە خۆی لە ژیاندا نەماوە، بەدەر لە هەر کارنامەیەک کە هەیبووبێت، نەدەبوو بۆ خەلکی کوردستان جێگەی بازبەسەردان و چاولێنووقاندن بێت، لە ڕاستیدا ئەگەر کەس و لایەنێک کە لەمبارەوە دەبێت جێگەی بەدواچوون و لێکۆلینەوە بێت لەسەر کارو کارنامەکانی دەبووایە خودی ئەم کەناڵە بوایە.

 

لێگەڕێن با چاوشین ڕاست نەبێتەوەو دادگایمان بکات بەتاوانی ئەوەی کە ئەمە چ ویژدانێکە تەواوی کوێرەوەری و کارەساتەکانی ژیانی ئەو نابینینەوەو تەنانەت ئەوەشی پێ ڕەوانابینین کە بۆ تەنیا جارێک "بەڵێ لەم تەمەنەدا" لە دۆخێکی دۆستانەدا بە کامی دڵ سەمابکات و ناعەدالەتیەکانی ئەم ژیانە ئەگەر بۆ ساتێکیش بووە لە بیر خۆی بەرێتەوە ..... نا عمر گیان نیگەران مەبە تۆ تەنیا کەس نەبوویت کە ئەم ناعەدالەتیانەت بەرامبەر کرابێت، بەڵکو ئەمە نۆرمی گشتی ئەم کۆمەلگایەیە لە پاداشتی ژیان و مەرگی خەڵکانی هەژاردا، ئەی مەگەر مەرگی (جەمال ڕێنگۆ)ی هاوشاریت لەبیرنیە کەچەند ساڵێک لەمەوبەر لە هەمان وەرزدا لە ڕێگەی هەمان شارەوانیەوە بە پیکاپو شۆفیرو سێ کەسەوە بەڕێیانکرد بۆ گۆڕستان... نا چاوشین گیان لە هەموو شکات و شەکوایەک گەرێ تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەم کەنالە داوای لێبوردن لە تۆو لە هەموو ئەو کەسانە بکات کە دواین ڕۆژەکانی ژیانیاندا بە ھەموو خەم و معاناتەکانیاوە لە خەڵوەتگەی پیراندا چۆڕاوگەی دواین دەرفەتە پڕ خۆزگەکانیان سەردەبەن، ئەوانەی کە دواین ڕۆژەکانی ژیانیان لەم شوێنەدا بەسەردەبەن سەیروسەمرەنین، سەیروسەمەرکان ئەو میدیا ھەوسار پچڕاوانەیە کە لە پێناوی بردنەسەرەوەی لایک و ڕێژەی بینەرەکانیان، بێباکن لە ھەرجۆرە سوکایەتیەک بە کەرامەتی ئینسانی ئەو کەسانەی کە بوونەتە قوربانی.  ھەموو ناعادالەتیەکانی ئەو ژیانەی کە سەماکردنێک دەکەن ھێمای عارو کردنەوەی دەرگای جەھەنم بەڕووی چاوشینەکاندا. بۆیە دەڵێم لەباتی سزادانی عمر چاوشینەکان دەبوو سەیرێکی سیماو کارنامەی خۆتان بکەن کە چۆن خەریکن قیزەونترین نەریت پەرەپێدەدەن!

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×